30/11/2016 03:10 PM

كەمالی

عەلی كەمال باپیر ئاغا جوامێر ئاغا كە نازناوی شاعیری(كەمالی)یە. شاعیرێكی ناودار‌و هەڵكەوتووی كوردستانە‌و بەشیعرە نیشتمانی‌و نەتەوەییەكانی رۆڵی دیاری هەبووە لەجۆشدانی خەباتی كوردایەتیدا.
كەمالی ساڵی 1886 لەشاری سلێمانی دایك بووە.لای خواجە ئەفەندی خوێندنی ئاینی خوێندووە.دوای تەواو كردنی خوێندن بەفەرمانبەر دامەزراوە‌و لەشارەكانی سلێمانی‌و بەغداو كەركوك‌و هەڵەبجە خزمەتی میری كردووە.
كەمالی لەگۆڤارو رۆژنامەكانی سەردەمی خۆی وەك (بانگی كورد، بانگی كوردستان، رۆژی كوردستان، ئومێدی ئیستقلال، پێشكەوتن، ژیانەوە، ژیان، ژین، زاری كرمانجی‌و گەلاوێژ) شیعرو بەرهەمەكانی بڵاو كردۆتەوە.
كەمالی زمانەكانی توركی‌و عەرەبی‌و فارسی بەباشی زانیوە‌و ئەو زمانانە سەرچاوەی دەوڵەمەند كردنی زانیارییه‌كانی بوون.كەمالی كەسێكی نیشتمانپەوەر بووە‌و هاوكارێكی دڵسۆزی شێخ مەحموودی نەمر بووە‌و خاوەنی چەندین شیعری نیشتمانی‌و نەتەوەییە.
كەمالی 13 كتێب‌و نامیلكەی چاپكراوی هەیە دیارترینیان دیوانەكانی باخی میر‌و ده‌شتی شارەزورە.بەداخەوە ئەم شاعیرە هەڵكەوتووەی كورد لەشەوی 29\30ی تشرینی دووەمی 1974 كۆچی دوایی كرد‌و چووە ریزی سەروەرانی نیشتمانەوە.درودی رێزو وەفا بۆ گیانی پاكی كەمالی شاعیری نیشتمانپەروەر.

خە لیل عەبدولڵا



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved