6/5/2017 02:23 PM

79‌ جار خوێنراوه‌ته‌وه

ئازاد خانەقینی

خەلیل عەبدولڵا

ئازاد خانەقینی هونەرمەندێكی شۆڕشگێڕ‌و دیاری كوردستانە‌و لەرێی هونەری گۆرانی بەگشتی‌و سروودە نیشتمانیەكانی بەتایبەتی خزمەتێكی زۆری بەكەلتور و هونه‌ری كوردی كردووە‌و رۆڵی دیاری لەجۆشدانی پێشمەرگە‌و جەماوەردا هەبووە‌و هونەرەكەی هاوشانی چەكی پێشمەرگە كاریگەر بووە.
ئازاد وەهاب عەبدولڕەحمان كە بەئازاد خانەقینی ناسراوە ساڵی 1958 لەشاری خانەقین لەدایك بووە.قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی لە خانەقین‌و ئامادەیی كشتوكاڵی لەقەزای خاڵس تەواو كردووە.
ئازاد هەر لەمنداڵییەوە خولیای هونەری گۆرانی بووە‌و بۆیەكەمجار لەیەكی ئایاری 1971 وەك كۆرس بەشداری ئاهەنگێكی گۆرانی لەكۆمپانیای نەوتی خانەقین كردووە.
ساڵی 1979 لەگەڵ ژمارەیەك هاوڕێیدا تیپی مۆسیقای خانەقینیان دامەزراند‌و بەهۆی دەركردنی كاسێتێكی گۆرانی بەزمانی كوردی لەلایەن دەزگا ئەمنیەكانی بەعسەوە تووشی گرتن‌و راونان بونەوە.
ساڵی 1980 پەیوەندی بەهێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە كرد‌و لەگوندی توژەڵە بووە ئەندامی تیپی مۆسیقای شەهید كارزان‌و لەوێ لەرێی هونەرو سروودە نیشتمانیەكانیەوە رۆڵی دیاری هەبوو لەجۆشدانی خەبات‌و گیانی بەرگری، سروودەكانی ئاسودەبن‌و كەڵكی قەیوان لەئیزگەی دەنگی گەلی كوردستانەوە هاوشانی چەكی پێشمەرگە لەسەنگەردا بوون.
لەدوای راپەرینیش ئازاد خانەقینی بەردەوام بوو لەكاری راگەیاندن‌و هونەری لەهەردوو بواردا خزمەتی زۆری كرد.
لەبواری دۆكیومێنتكردنی مێژووی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا شوێن پەنجەی دیارە‌و ئەو مێژووەی لەساڵانی(1975-1991) لەچوارچێوەی كتێبێكدا بەناوی (مادێنا، مێژوو و بیبلۆگرافیای راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) نوسی‌و بڵاو كردەوە.بەداخەوە ئەم هونەرمەند‌و تێكۆشەرە ناسراوەی كورد لە رۆژی 1ی ئایاری 2006 لەتەمەنی 48 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.درود بۆگیانی پاك‌و پیرۆزی ئازاد خانەقینی هونەرمەندی شۆڕشگێر‌و كوردپەوەر.
سەرچاوە
بۆ نوسینی ئەم گۆشەیە سودم لە كتێبی ئینسكلۆپیدیای (ی.ن.ك) وەرگرتووە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved