12/6/2017 03:19 PM

محه‌ممه‌د ساڵح دیلان


محه‌مه‌د ساڵح دیلان (1927 - 1990)

كوڕی‌ مه‌لا ئه‌حمه‌دی‌ كوڕی‌ مه‌لا ساڵحی‌ كوڕی‌ مه‌لا قادره‌. ساڵی‌ 1927 له‌ گه‌ڕه‌كی‌ گۆیژه‌ی شاری‌ سلێمانی‌ له‌دایكبووه‌. سه‌ره‌تاكانی قۆناغی خوێندنی له‌ ‌مزگه‌وتی‌ بابه‌عه‌لی‌ به‌سه‌ربردووه‌و دواتریش له‌ ‌قوتابخانه‌ی‌ خالدییه‌ قۆناغی‌ سه‌ره‌تایی‌ بڕیوه‌و درێژه‌ی به‌ خوێندن داوه‌و تا پۆلی سێی‌ ناوه‌ندی‌ خوێندووه‌. دواتریش له‌ ساڵی 1947 له‌ ‌فه‌رمانگه‌ی‌ تووتن دامه‌زراوه‌و وه‌ك فه‌رمانبه‌رێكی ئاسایی رۆژانی ته‌مه‌نی به‌ڕێكردووه‌و سه‌رقاڵی په‌یداكردنی بژێوی ژیانی بووه‌.

ژیان:
دیلانی شاعیر له‌ ته‌مه‌نێكی زووی لاوێتیدا ئاره‌زووی نوسینی شیعرو مه‌قام بێژی لا دروست بووه‌و له‌ ‌ته‌مه‌نی‌ 21 ساڵیدا شیعری‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و جێده‌ستی خۆی له‌ ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا به‌جێهێشتووه‌. له‌ ‌دوای‌ گۆران-ی شاعیر به‌ سه‌رتۆپی‌ نه‌وه‌یه‌كی‌ نوێی شیعری كوردی‌ له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت.

دیلانی شاعیر هه‌ر له‌ لاوێتییه‌وه‌ خۆی و به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی ته‌رخان كرد بۆ خزمه‌تكردنی‌ كێشه‌ی‌ گه‌له‌كه‌ی‌ و دژایه‌تی كردنی ‌كۆنه‌په‌رستان‌ و به‌كرێگیراوان. له‌ ‌ساڵی‌ 1948 تا 1966 نۆ جار زیندانی‌ كراوه‌و گه‌لێك‌ جاریش دوورخراوه‌ته‌وه‌و توشی‌ ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌دان‌ و نانبڕین بووه‌.

هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی:
شیعره‌ نیشتمانییه‌كانی‌ دیلان رۆڵێكی‌ گه‌وره‌یان گێڕا له‌ ‌به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ هۆشیاری‌ تاكی كوردو هانده‌رێكی سه‌ره‌كی بوون بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی دوژمنه‌ داگیركه‌ره‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ كه‌ وه‌ك مۆته‌كه‌یه‌ك باڵیان به‌سه‌ر وڵاته‌كه‌یدا گرتبوو.

دیلان نموونه‌ی شاعیرێكی چه‌وساوه‌و تێكۆشه‌رێكی بێوچانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بوو، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی دیلان وه‌ك مه‌شخه‌ڵێكی دره‌وشاوه‌ی سه‌ر رێبازی كوردایه‌تی له‌قه‌ڵه‌م بدرێت و ناوی له‌ته‌ك شاعیره‌ هه‌ره‌ باڵاكانی كوردا بهێنرێت.

ئه‌م رۆشنبیره‌ گه‌وره‌یه‌ ساڵی‌1954 به‌بێ‌ مۆڵه‌تی‌ ده‌وڵه‌ت به‌شداری ده‌كات له‌ ‌كۆنگره‌ی‌ ئاشتی‌ و هاوكاری‌ گه‌لاندا كه‌ له‌ ‌شاری‌ (ڤییه‌ننا)ی‌ پایته‌ختی‌ نه‌مسا سازكرا، له‌سه‌ر ئه‌م به‌شداریكردنه‌ كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ره‌وانه‌ی‌ زیندان كراو بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌ستبه‌سه‌ر كرا.

مه‌قام:
دیلان له‌ دوا قۆناغه‌كانی ته‌مه‌نیدا جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ شاعیرێكی‌ گه‌وره‌و تێكۆشه‌رێكی‌ خاوه‌ن هه‌ڵوێست بوو، ده‌نگخۆشێكی‌ كه‌م وێنه‌و ئاواز دانه‌رێكی‌ ده‌گمه‌نیش بوو، كه‌ هه‌میشه‌ جۆش و خرۆشێكی بێ وێنه‌ی لای گوێگرانی دروست ده‌كردو شیعره‌كانی پێ زیندوو ده‌كرده‌وه‌.

گۆرانی‌ و مه‌قامه‌‌ به‌سۆزه‌كانی‌ دیلان كه‌ شیعری‌ زۆربه‌یان نووسینی‌ خۆیه‌تی‌ و تا ئێستاش هه‌ر زیندوون و له‌ زۆربه‌ی زۆری بۆنه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كاندا به‌ر گوێ ده‌كه‌ون. هه‌ندێك له‌ دیارترین كاره‌كانی دیلان-ی‌ شاعیر‌و ‌هونه‌ر‌مه‌ند بریتین له‌ (مامه‌ كوڕنوو)، (ئه‌ی‌ نازه‌نین)، (شێخ مه‌حمودی‌ زیندوو) و چه‌ندینی تریش له‌ به‌رهه‌می ناوازه‌و كه‌م وێنه‌.

شیعر:
ژیری دیلانی مه‌قام زان و جوان ناسی ته‌بیعه‌ت هه‌میشه‌ هۆكارێك بووه‌ بۆ پۆشینی هۆنراوه‌كانی به‌ په‌رده‌یه‌كی ته‌نكی رۆمانسیه‌ت و تێكه‌ڵه‌یه‌ك له‌ جوانییه‌كانی سروشت و نیشتمان، بۆ زێده‌ به‌ده‌رخستنی ناسكی و جوانی شیعره‌كانی. بێجگه‌ له‌ به‌هره‌ی چڕین و جوان ناسی، به‌ روونی فه‌لسه‌فه‌ زانی و خواستی قوڵبوونه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی له‌ شیعره‌كانیدا به‌دی ده‌كه‌ون و ئاماژه‌یه‌كی روونن بۆ به‌گرێدانه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كانی به‌ مانایه‌كی قوڵی فه‌لسه‌فییه‌وه‌.

دیلان خه‌باتگێڕێكی دڵسۆزی میللـه‌ته‌كه‌ی و ده‌نگێكی ره‌سه‌ن و ناسكی هۆنراوه‌ی نوێی كوردی بوو، شاعیرێكی نوێكاری رێبازی ریالیزمی نوێ بوو له‌ وێژه‌یی كوردیدا.

ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌رجه‌م دیوانی هۆنراوه‌ ناسكه‌كانی بخوێنینه‌وه‌، كه‌ له‌ ساڵی 1987 دا به‌ هه‌وڵ و كۆشش و لێكۆڵینه‌وه‌و پێشه‌كی مامۆستا عه‌بدوڵڵا ئاگرین چاپ كراوه‌، هه‌ست ده‌كه‌ین له‌ باسی ناسكانه‌ی سروشتی نیشتمانه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده‌ به‌ جوانی و ناسكی و رازاوه‌یی ده‌ربڕیوه‌، مه‌گه‌ر هه‌ر مه‌وله‌وی مامۆستای و "گۆران"ی شاعیر سروشت و جوانی ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ردا شكابێت. شاعیرێكی یه‌كجار به‌توانا بووه‌و زۆر له‌سه‌ر‌خۆ چووه‌ته‌ نێو ئه‌و جیهانه‌ ئه‌فساوناوییه‌و به‌رهه‌می جوان و پته‌وی له‌ هۆنراوه‌ی ناسك و ناوه‌ڕۆك قوڵی پێشكه‌ش كردووین و سه‌رنجی هۆنراوه‌ دۆست و ڕرخنه‌گرانی راكێشاوه‌ له‌ بواری هۆنراوه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیشدا خانی و حاجی قادرێكی سه‌رده‌مه‌، به‌ ته‌كنیكێكی نوێ ده‌ربڕینی ناسكی واتا قوڵی خوڵقاندووه‌و دڵسۆزی خۆی بۆ خاك و نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌ربڕیوه‌، هه‌روه‌ك له‌ هۆنراوه‌یه‌كیدا به‌ناوی ڕه‌ز ئه‌مه‌ی كردووه‌و وتوویه‌تی:

ئای كێ بێ بانگ و هاوار و په‌یام
بگه‌یه‌نێته‌ گوێی گۆڕه‌كه‌ی (خه‌یام)
بڵێ هه‌ی سه‌رشێت كوشته‌ی گڕی ته‌ڕ
گه‌ر تێتا ماوه‌ یه‌ك تۆز نرخ و فه‌ڕ

تۆ له‌سه‌ر باكه‌ی شووشه‌كه‌ی شكان
له‌گه‌ڵ‌ خودادا كردت به‌ زۆران!
هه‌ڵسه‌ به‌ره‌و ئه‌م ناوه‌ هه‌ڵتووتێ
نه‌ك شووشه‌ شكا وا ڕه‌ز ئه‌سووتێ!

شاعیر ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ی كاتێك داناوه‌، كه‌ رژێمی به‌عس ره‌زی مێو و هه‌موو جۆره‌ دارێكی به‌ردارو بێ به‌ریان ده‌سووتاندو خه‌ڵكه‌كه‌یان ئه‌نفال ده‌كرد.

دیلان له‌ هۆنراوه‌ی باسیشدا، شاعیرێكی مه‌زنی سروشت و جوانییه‌و وه‌ك وێنه‌ كێشێكی هونه‌رمه‌ند ڕووده‌كاته‌ دیمه‌نی جوانی گوڵزاری رازاوه‌ی نیشتمانه‌كه‌ی تاكو تابلۆی نایابیان به‌ هۆنراوه‌ی ناسك بكێشێت و هۆنراوه‌ی به‌هێزو پێزمان پێشكه‌ش بكات.

با سه‌رنجێك بده‌ینه‌ ئه‌م چه‌ند دێره‌ هۆنراو‌ه‌یه‌ی تاكو بزانین چۆن وێنه‌ی هۆنراوه‌ی جوانی بۆ كێشاوین و با له‌ هۆنراوه‌یه‌كی به‌ ناوی "سروودی وڵات" ورد بینه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێ:

ساڵ پایزه‌، گه‌رمه‌ی گه‌ڵا ڕێزانه‌،
ڕێز بارانه‌، شێوه‌ی ساڵی جارانه‌!
گه‌ڵای ڕژاوی دار مازووی چیای به‌رز
ملوانكه‌كه‌ی ئه‌ئاڵانه‌ ملی وه‌رز
ڕووباری شین، سوور هه‌ڵگه‌ڕاو به‌لافاو
جارێ بێ ده‌نگ، جارێ به‌هاژه‌و به‌تاو

سه‌یری كه‌ن دیلان چۆن باسی پایزه‌و گه‌ڵاڕێزان ده‌كات و دیمه‌نی ئه‌و گه‌ڵا زه‌رده‌ وه‌ریوانه‌ چه‌ند به‌ جوانی ده‌كێشێت و ده‌یكات به‌ دیمه‌نی زێڕباران، ئه‌مه‌ش خوڵقاندنی جوانی هۆنراوه‌ له‌ شتی كه‌م بایه‌خی وه‌ك گه‌ڵای وه‌ریوی كاتی گه‌ڵاڕێزان ئینجا شاعیر باسی ئه‌و گه‌ڵا رژاوانه‌ ده‌كات و ده‌یانكاته‌ ملوانكه‌و له‌ دێڕی دوایشدا باسی رووباری شینی سوور هه‌ڵگه‌ڕاو به‌ لافاو ده‌كات، كه‌ جارێك بێ ده‌نگه‌و جارێكیش به‌تاو ده‌ڕوات و هاژه‌ی دێت.

دیلان له‌ هۆنراوه‌ی ئه‌فسانه‌یی چ خۆماڵی بێ چ بیانی زۆر سه‌ركه‌وتووه‌و ئه‌فسانه‌ی بیانی به‌ ئه‌فسانه‌ی بیانی به‌ ئه‌فسانه‌ی كوردی به‌ستووه‌ته‌وه‌و وتوویه‌تی:

كه‌ پزیشكی خوێنی زه‌ردی (نێرۆن) پژا
كه‌ چه‌رمه‌كه‌ی قرچ هه‌ڵگه‌را له‌ ده‌م كه‌ژا
به‌شیرینی هه‌چ گوڵێ ده‌م ده‌كاته‌وه‌
له‌م وڵاته‌... (فه‌رهاد)مان بیر ده‌كاته‌وه‌

شاعیر ئه‌فسانه‌ی رووداوه‌كانی "نێرۆن"ی ئیمپڕاتۆری "ڕۆمان" تێكه‌ڵ به‌ ئه‌فسانه‌كه‌ی "شیرین و فه‌رهاد"ی كوردی ده‌كات و به‌ جوانی له‌ كاره‌كه‌ی سه‌رده‌كه‌وێت.

كۆچكردن:
شاعیری نوێكاری كوردو مه‌قامزانی محه‌مه‌د ساڵح دیلان له‌ 28-10-1990 له‌ ته‌مه‌نی 63 ساڵیدا دڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی له‌ لێدان كه‌وت و ماڵئاوایی له‌ وێژه‌و له‌ هونه‌رو كوردو كوردستان كردو ناو و خزمه‌تگوزاری بۆ میللـه‌ته‌كه‌ی تا هه‌تایه‌ به‌ نه‌مری مانه‌وه‌.

 خاك - ویكیپێدیا



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved