20/7/2017 03:29 PM

میر جه‌لاده‌ت به‌درخان

به‌درخانییه‌كان بنه‌ماڵه‌یه‌كی دیاری كوردستانن‌و خزمه‌تێكی گه‌وره‌یان به‌بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی‌و كاروانی رۆژنامه‌گه‌ری‌و رۆشنبیری كوردستان كردووه‌.میر جه‌لاده‌ت به‌درخان كه‌سایه‌تییه‌كی ناسراوی ئه‌و بنه‌ماڵه‌ هێژایه‌یه‌، كه‌ وه‌ك سیاسه‌تمه‌دار‌و روناكبیر خزمه‌تی كردووه‌.
میر جه‌لاده‌ت به‌درخان ناوی‌ ته‌واوه‌تی‌ بریتییه‌ له‌(میر جه‌لاده‌ت كوڕی ئه‌مین عالی كوڕی به‌درخان پاشا)یه‌، ساڵی 1893 له‌شاری‌ ئیستانبوڵ‌‌ له‌دایكبووه‌. هه‌ر له‌پایته‌ختی‌ ئه‌وسای‌ ئیمپراتۆریه‌تی‌ عوسمانی‌ خوێندنی‌ سه‌ره‌تایی‌‌و ناوه‌ندی‌‌و فێرگه‌ی‌ به‌رزی‌ (یاسا)ی‌ ته‌واوكردووه‌. پاش سه‌ركه‌وتنی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ كه‌مالیزم، (ئه‌مین پاشا)و سێ‌ كوڕی‌ ناچاربوون بچنه‌ میسرو له‌وێ‌ نیشته‌جێبن.

جه‌لاده‌ت‌و كامه‌رانی‌ برای‌ چوونه‌ ئه‌ڵمانیاو ئه‌و ماوه‌ی‌ هه‌شت ساڵه‌ی‌ ئه‌وێی‌ به‌فێڕۆ نه‌داو خۆی‌ فێری‌ زمانی‌ ئه‌ڵمانی‌ كرد.جه‌لاده‌ت خۆی‌ گه‌یانده‌ شۆڕشه‌كه‌ی شێخ سه‌عیدی پیران‌و دوای‌ شكستی‌ شۆڕشه‌كه‌ش دیسانه‌وه‌ توركیای‌ ‌جێهێشته‌وه‌. رۆژی‌ ٢٥ی‌ ئابی ساڵی‌ ‌١٩٣٠ له‌‌سوریا باوكی‌ كۆچی دوایی‌ كرد. جه‌لاده‌ت هه‌ر له‌وێ‌ سه‌رقاڵی‌ ده‌ركردنی‌ ڕۆژنامه‌و گۆڤاری‌ كوردی‌ بوو. له‌١٥ی‌ ئایاردا گۆڤاری‌ (هاوار)ی‌ ده‌ركرد‌ كه‌ ‌تـا پێنجی‌ ته‌مموزی‌ ساڵی‌ ١٩٤٣ به‌رده‌وامبوو. پێشتریش گۆڤاری‌ (ڕۆناهی‌)ی‌ ده‌رده‌كرد كه‌ هه‌فتانه‌ بوو، جه‌لاده‌ت به‌ته‌نیا ئه‌م گۆڤاره‌ی‌ به‌ڕێوه‌ده‌برد به‌نووسین‌و پیتچنین‌و چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌.
میر جه‌لاده‌ت روناكبیرێكی به‌توانا بووه‌‌و زمانه‌كانی فارسی‌و توركی‌و عه‌ره‌بی‌و كوردی‌و یۆنانی‌و ئه‌ڵمانی‌و فه‌ره‌نسی‌و ئینگلیزی‌و روسی به‌باشی زانیوه‌.ئه‌م زانا گه‌وره‌یه‌ خزمه‌تێكی زۆری به‌رێزمان‌و فه‌رهه‌نگ‌و كه‌لتوری کوردی كردووه‌.كتێبێكی له‌سه‌ر رێزمانی كوردی‌و دوو فه‌رهه‌نگی كوردی‌و كوردی-فه‌ره‌نسی داناوه‌.له‌پێشه‌نگی ئه‌و كه‌سانه‌دا بووه‌ كه‌ پیتی لاتینی بۆ زمانی كوردی به‌كارهێناوه‌.میر جه‌لاده‌ت كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی نیشتمانپه‌روه‌ر‌و ئه‌كادیمی‌و نوسه‌رو روناكبیرێكی گه‌وره‌ بووه‌‌و خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی له‌بواره‌ جیا جیاكاندا پێشكه‌ش به‌گه‌له‌كه‌ی كردووه‌.

كتێبێكی‌ له‌سه‌ر ڕێزمانی‌ كوردی‌ نووسیوه‌ كه‌ ‌ته‌نیا به‌شێكی‌ چاپكراوه‌و به‌شه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ هێشتا هه‌ر ده‌ستنووسن. فه‌رهه‌نگێكی‌ به‌كوردی‌و یه‌كێكی دیكه‌ی‌ كوردی‌ - فه‌ره‌نسی‌ هه‌یه‌. ژماره‌یه‌كی‌ زۆری ‌ڕووناكبیرانی‌ كورد، له‌‌ده‌وری‌ جه‌لاده‌ت به‌درخان‌و گۆڤاره‌كانی‌ كۆببوونه‌وه‌. جه‌لاده‌ت ئه‌مین عالی‌ به‌درخان رۆژی‌ ١٥ی‌ ته‌مموزی ساڵی‌‌ ١٩٥١ له‌شام كۆچی دوایی‌ كرد.

ویکیپیدیاوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved