16/9/2017 10:58 AM

ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی

* ساڵی 1946 له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ هاتووه‌ته‌ دنیاوه‌ له‌ خێزانێكی ئاینی. سه‌ره‌تای منداڵی خستویانه‌ته‌ حوجره‌ی فه‌قێیان له‌ مزگه‌وتی پاشا، به‌ڵام زۆر به‌رده‌وام نه‌بووه‌ چونكه‌ قوتابخانی دووه‌م كراوه‌ته‌وه‌و له‌گه‌ڵ براكانی چووه‌ته‌ قوتابخانه‌.

* ساڵی 1954 ماڵیان گواستوه‌ته‌وه‌ بۆ ناو شاری سلێمانی، له‌وێ له‌پۆلی سێیه‌می قوتابخانه‌ی (فه‌یسه‌لیه‌ی) ئه‌وكاته‌ كه‌ قوتابخانه‌ی پێشكه‌وتنی ئێستایه‌ خوێندنی سه‌ره‌تایی ته‌واوكردووه‌و له‌و سه‌رده‌مانه‌دا له‌ گروپی سرودی قوتابخانه‌ له‌لایه‌ن مامۆستا ولیه‌م یوحه‌نا هه‌ڵبژێردراوه‌ بۆ گروپی سروود. 

* دواتر قۆناغی ناوه‌ندی له‌ناوه‌ندی سلێمانی ته‌واوكردوه‌. پاشان له‌به‌ر ئاڵۆزی ژیان چووه‌ته‌ خانه‌ی مامۆستایان و هه‌موو ساڵێك به‌سه‌ركه‌وتویی به‌پله‌ی یه‌كه‌م له‌ 26/10/1964 ته‌واوی كردووه‌.

* هه‌ر له‌ قوتابخانه‌ی مامۆستایاندا فێری لێدانی ئامێری (شمشاڵ و عودو كه‌مان) بووه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی مامۆستا ولیه‌م یوحه‌ننا.

* له‌ چالاكی قوتابخانه‌كانی سلێمانی راهێنه‌ری هونه‌ری مۆسیقا بووه‌و سه‌رپه‌رشتی هه‌موو قوتابخانه‌كانی كردووه‌ له‌بواری موسیقاو سرودو گۆرانی و چه‌ندین تیپی سرودی دروستكردووه‌و قوتابیانی فێری سرووده‌ نیشتمانیه‌كان كردووه‌ له‌گه‌ڵ ئاوازه‌ میللـیه‌كاندا، هه‌موو ئه‌و سرودانه‌شی به‌نۆته‌ی مۆسیقا نووسیوه‌ته‌وه‌و بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌موو قوتابخانه‌كانی كوردستان و عیراق له‌ڕێی چالاكی قوتابخانه‌كانه‌وه‌.

* ساڵی 1965 و 1966 دوو خولی فێربوونی مۆسیقا كرایه‌وه‌ له‌چالاكی هونه‌ری هه‌ردوو ساڵه‌كه‌ سه‌رپه‌رشتیاری خوله‌كه‌ بووه‌.

* هه‌ر له‌ساڵی 1964 تیپی مۆسیقای (كۆمه‌ڵی خۆشی و به‌ختیاری) و دواتر تیپی مۆسیقای (هیوا)ی دامه‌زراندووه‌، دواتر 23/2/1967 بوو به‌ تیپی مۆسیقای سلێمانی.

* له‌ ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رانی تیپی نواندن و مۆسیقای سلێمانی بووه‌ ساڵی 1969.

* ساڵی 1971 گواستویانه‌ته‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رێتی چالاكی هونه‌ری له‌ زانكۆی سلێمانی وه‌ك لێپرسراوی به‌شی مۆسیقاو تیپی زانكۆی سلێمانی دروستكردووه‌ له‌گه‌ڵ تیپی میللی زانكۆ.

* له‌ ساڵی 1973 به‌شداری فێستیڤاڵی لاوانی جیهانی له‌ به‌رلین كردووه‌و رۆڵێكی گرنگی له‌و فێستیڤاڵدا بینیوه‌ له‌ ناساندنی كلتوری كوردی.

* ساڵی 1974 په‌یوه‌ندی به‌ شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه‌ كردووه‌ له‌وێ تیپی مۆسیقای شۆڕشیان دروستكردووه‌.

* دوای گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ شۆڕشی ئه‌یلول له‌ زانكۆ دوورخراوه‌ته‌وه‌ بۆ شاری سه‌ماوه‌ له‌خواروی عیراق بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ، له‌وماوه‌دا تیپی مۆسیقای په‌روه‌رده‌ی سه‌ماوه‌ی بۆ چالاكی قوتابخانه‌كان دروستكردووه‌و له‌ فێستیڤاڵی ساڵانه‌دا بۆ دوو جار پله‌ی یه‌كه‌می هێناوه‌ له‌خواروی عیراقدا. پاشان گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ زانكۆی سلێمانی وه‌ك كاره‌كه‌ی پێشوی خۆی به‌ لێپرسراوی به‌شی مۆسیقاو له‌ناو زانكۆدا چه‌ندین تیپی مۆسیقاو گۆرانی دروستكردووه‌ له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی خولی فێربوونی مۆسیقا بۆ خوێندكارانی زانكۆ تا ساڵی 1981 كه‌ زانكۆی سلێمانی گوێزراوه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر.

* له‌ دامه‌زرێنه‌رانی په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی سلێمانییه‌، هه‌روه‌ها پاش گواستنه‌وه‌ی زانكۆی سلێمانی گوێزراوه‌ته‌وه‌ بۆ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی سلێمانی و له‌به‌شی شانۆ مامۆستای وانه‌ی (چێژی مۆسیقاو شانۆی گۆرانی و جوڵی ئیقاعی وه‌رزشی شانۆیی) بووه‌. دواتر به‌شی مۆسیقای دامه‌زراندو بوه‌ته‌ سه‌رۆكی به‌شی مۆسیقا. هه‌ر له‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان ساڵی 1985 ناردویانه‌ بۆ توركیا بۆ زه‌ماله‌یه‌كی تدریبی له‌ كۆنسه‌رفتواری ئه‌زمیر بۆ ماوه‌ی چل رۆژ بۆ سوود وه‌رگرتن له‌شێوه‌ی خوێندنی ئه‌و كۆنسه‌ر فتواره‌.

* له‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان كراوه‌ به‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی پرۆگرامی خوێندنی به‌شی مۆسیقا له‌ هه‌موو په‌یمانگاكانی عیراقدا.

* له‌ ساڵی 1998 گوێزراوه‌ته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری وه‌ك راوێژكاری هونه‌ری له‌هه‌مان ساڵدا چووه‌ بۆ وڵاتی سویدو چه‌ندین چالاكی هونه‌ری له‌وێ ئه‌نجامداوه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی كوردو سویدی. پاش دوو ساڵ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ كوردستان، به‌رده‌وامه‌ له‌كاری هونه‌ری تائێستاش.

* ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی یه‌كێكه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی ته‌له‌فزیۆنی (puk) و به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ری بووه‌ له‌سه‌ره‌تای دروستبوونیه‌وه‌ تا ساڵی 2010 دواتر كراوه‌ته‌ راوێژكاری هونه‌ری له‌مه‌كته‌بی ئیعلامی (ی.ن .ك).

چه‌ندین پارچه‌ مۆسیقای كوردی و ئاواز بۆ گۆرانیبێژان داناوه‌ له‌ ئێستگه‌ی كوردی و ته‌له‌فزیۆنی به‌غداو كه‌ركوك تۆماری كردوون و پاشان له‌ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌كانی كوردستاندا چالاكیه‌كی به‌رده‌وامی هه‌بووه‌ له‌ ئاماده‌كردنی به‌رنامه‌و ده‌رهێنانی به‌رهه‌می رۆشنبیری و هونه‌ری. هه‌ندێك له‌ به‌رهه‌مه‌كانی له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان له‌لایه‌ن تیپی ئه‌و وڵاتانه‌وه‌ لێدراون به‌ تیپ و گروپی هه‌مه‌ڕه‌نگ.

* ئاوازی بۆ زۆربه‌ی زۆری هونه‌رمه‌ندانی كوردستان داناوه‌ له‌ گۆرانی و سرودی نیشتمانی و ئاینی و بابه‌تی منداڵان و دراما، هه‌ندێك له‌و به‌رهه‌مانه‌ خۆی به‌ده‌نگی خۆی وتویه‌تی.

* له‌ چه‌ندین فێستیڤاڵی هونه‌ریدا به‌شداری كردووه‌ له‌ناو عیراق و ده‌ره‌وه‌ی عیراقدا به‌ئاستێكی سه‌ركه‌وتوو.

* هه‌ر له‌ سوید كتێبێكیان به‌ هاوكاری هونه‌رمه‌ند (فه‌رید عیسا) ده‌ركرد كه‌ هه‌مووی گۆرانی منداڵانه‌ به‌ سۆرانی بادینانی و به‌ نووسینی كوردی و لاتینی نووسراونه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ نۆته‌كانی كه‌ به‌تایبه‌ت بۆ منداڵانی كورده‌ له‌ هه‌نده‌ران.

* له‌ سوید نووسه‌ر فایه‌ق سه‌عید كتێبێكی له‌سه‌ر ژیانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ نووسیوه‌ له‌ژێر ناوی (حه‌وت رۆژ له‌گه‌ڵ قه‌ره‌داغی دا) كه‌ ده‌زگای سه‌رده‌م بۆی چاپكردووه‌.

* چه‌ندین بابه‌تی نووسراوی له‌سه‌ر مۆسیقاو ئه‌ده‌بیاتی مۆسیقا له‌ گۆڤارو رۆژنامه‌ كوردی و عه‌ره‌بیه‌كان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

* چه‌ندین رۆژنامه‌نووس و ره‌خنه‌گران به‌ شێوه‌یه‌كی جوان له‌سه‌ر توانای هونه‌ری و كاره‌كانی به‌باشی نووسیویانه‌، چ به‌ كوردی چ به‌ عه‌ره‌بی و ئینگلیزی و سویدی.

* له‌بواری كاری رادیۆو ته‌له‌فزیۆنیدا گه‌لێك به‌رنامه‌و به‌رهه‌می هونه‌ری به‌ ئاماده‌كردن یان ده‌رهێنان یان كاری ته‌كنیكی ئه‌نجامداوه‌ بۆ خۆی و هونه‌رمه‌ندان.

* خاوه‌نی ستۆدیۆیه‌كی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی له‌ماڵه‌كه‌یدا كه‌ سه‌دان به‌رهه‌می هونه‌ری بۆ هونه‌رمه‌ندانی سلێمانی و ده‌ره‌وه‌ی سلێمانی تێدا تۆماركردووه‌ چ له‌ ئاوازی خۆی یان ئاماده‌كردن یان دابه‌شكردن بۆ كاره‌كانیان.

* زیاتر له‌ چوارده‌ كۆراڵی هه‌یه‌ كه‌ له‌ڕێگه‌ی په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی سلێمانی و تیپی مۆسیقای سلێمانی و گروپی كیژانی سلێمانی ئه‌نجامیداون له‌سه‌ر شانۆو له‌ڕێی ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ به‌ تۆماركراوی له‌ ستۆدیۆی تیپی سلێمانی و ستۆدیۆكه‌ی خۆی.

* دواكۆراڵ كه‌ ئه‌نجامیداوه‌ (لاس و خه‌زاڵ. هه‌ڵسانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌. ئه‌نفال. هه‌واری هه‌ڵًه‌بجه‌).

* زۆربه‌ی زۆری سروده‌ نیشتمانیه‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی جوان تۆماركردووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر (CD) هه‌روه‌ها به‌شی دووه‌می سروده‌ نیشتمانیه‌كانی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ بۆ گه‌یاندنی به‌ تۆماركردن.

* بابه‌تی زۆری هه‌یه‌ له‌ بڵاوكراوه‌ له‌ گۆڤارو رۆژنامه‌كاندا له‌سه‌ر مۆسیقای كوردی.

* پێنج تابلۆی هه‌ڵپه‌ڕكێی هه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێكیان له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانی كوردستان به‌رده‌وام لێده‌درێن.

* دامه‌زرێنه‌ری (ئۆركسترای سلێمانیه‌)ـه‌و به‌ڕێوه‌به‌ری تیپه‌كه‌ بووه‌ كه‌ له‌ساڵی 2002 دامه‌زراوه‌ تا ساڵی 2011.

* دامه‌زرێنه‌ری (گروپی كیژانی سلێمانی) كه‌ له‌ ساڵی 2003 و سه‌رپه‌رشتیاری گروپه‌كه‌یه‌ تائێستا.

* ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی توانیویه‌تی رۆڵێكی باش ببینێت له‌ گواستنه‌وه‌ی مۆسیقا له‌سه‌ر شه‌قام و ماڵان بۆ سه‌ر شانۆو ستۆدیۆكان.

* یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ كه‌ بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی ستۆدیۆی له‌ شاری (سلێمانی) له‌ڕێی چالاكیه‌كانی قوتابخانه‌كان و تیپی مۆسیقای سلێمانی و تیپی مۆسیقای زانكۆوه‌ ئه‌نجامدا.

* ده‌یان و سه‌دان خوێندكار له‌بواری مۆسیقادا له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌رچوون و ئێستاش رۆڵیان هه‌یه‌ له‌گۆڕه‌پانی مۆسیقای كوردیدا چ له‌سلێمانی یان له‌ شاره‌كانی تری كوردستان.

* ده‌یان جار خه‌ڵات كراوه‌ به‌رامبه‌ر خزمه‌ت و چالاكی له‌بواری هونه‌ری كوردیدا له‌سه‌ر ئاستی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.

* ئه‌ندامی گۆنگره‌ی نیشتمانی عیراقی بووه‌ دوای ئازادكردنی عیراق.

* راوێژكاری هونه‌ری بووه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ پێنج ساڵ و سكرتێری یه‌كێتی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان بووه‌ بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ چوار ساڵ و دواتر ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای رێكخراوی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان.

* تائێستاش به‌رده‌وامه‌ له‌كاره‌ هونه‌ریه‌كانی كه‌ دواترینیان سرودی ئه‌ی ره‌قیب و مه‌شخه‌ڵان بوو كه‌ له‌گه‌ڵ ئۆركێسترای هه‌نگاریا تۆماری كرده‌وه‌.

* ئه‌وه‌ی كه‌ جێگه‌ی سه‌رنجه‌ له‌ كاره‌كانی سروودی مه‌شخه‌ڵانه‌ كه‌ ساڵی 1982 دایناوه‌ له‌بارودۆخێكی هه‌ستیار كه‌ به‌ده‌نگی خۆی و كچه‌كه‌ی به‌نهێنی وتویانه‌. ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی نامه‌یه‌كی به‌ڕێز مام جه‌لاله‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی رۆژنامه‌نووس شه‌هاب عوسمان و دڵشاد مه‌ریوانیه‌وه‌ گه‌یه‌نراوه‌ته‌ ده‌ستی.. ئه‌مكاره‌كه‌ی به‌ته‌واوی به‌ نۆته‌ بۆ ناردوون له‌گه‌ڵ نموونه‌ ده‌نگیه‌كه‌ تا بتوانن له‌ ده‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ گروپێكی باش تۆماری بكه‌ن. به‌ڵام ئه‌و كاسێته‌ی بۆی ناردبوون ئه‌وه‌یان بڵاوكردبوه‌وه‌.

خاك – ئا/ هاوكار ئه‌سكه‌نده‌ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved