5/11/2017 02:54 PM

عەلی ئەشرەف دەروێشیان


ساڵی 1941 لەشاری کرماشان هاتۆتەدنیا. بۆ ماوەی 15 ساڵ لەگوندەکانی ناوچەی کرماشان مامۆستای قوتابخانەبووە. ساڵی 1966 لەزانکۆی تاران لەبەشی ئەدەبی فارسی وەردەگیرێ و لەم زانکۆیەتا قۆناغی ماستەری بەشی "دەروونناسی پەروەردە" دەخوێنێت. هاوکات لەناوەندی زانستی باڵای تاران هەتا قۆناغی ماستەری "راوێژکاری و رێنوێنی وانەخوێندن" درێژەبەخوێندن دەدات.

نوسەرو ئەدیبێكی گەورەی كوردستانە‌و خزمەتێكی زۆری بەكاروانی رۆشنبیریی كوردی كردووە.لەشارەكانی كرماشان‌و تاران خوێندویەتی‌و خاوەنی بڕوانامەی ماستەر بووە لەبواری دەروونناسی.ماوەیەكی زۆر وەك مامۆستا خزمەتی بە خوێندكاران كرد.عەلی دەروێشیان هەر لەسەرەتای ژیانی گەنجییەوە خولیای خوێندنەوە‌و نووسین بوو.
بەهۆی ئەوەشی كە لەخێزانیكی هەژاردا پەروەردە بوو، ئازار‌و مەینەتی زۆری چەشتبوو، ئەوە بوو بووە هۆی ئەوەی كە نوسینەكانی ئاوێنەی خەم‌و ئازارە چینایەتی‌و كۆمەڵایەتییەكان بن، ئەوەش زیاتر لە چیرۆك‌و رۆمانەكانیدا رەنگیان داوەتەوە.
بێ‌ لەچیرۆك‌و رۆمان، بایەخیشی بەبواری وەرگێڕان داوە‌و چەندین كتێبی بەنرخی وەرگیڕاوە.لەكایەی ئەدەبی مناڵانیشدا شوێن پەنجەی دیارە‌و چەندین بەرهەمی ناوازەی پێشكەش بەمناڵان كردووە.عەلی دەروێشیان خاوەنی زیاتر لە 30 كتێبە كە بەزمانی فارسی نوسیونی، بەڵام ناوەرۆكەكانیان رەنگدانەوەی كۆمەڵی كوردەوارین.
لەدیارترین كتێبەكانی ئەمانەن(ئەفسانەی گەلانی ئێران كە19 بەرگە، ساڵیانی هەوری-رۆمان،یادەوەری سەفەرخان)‌و چەندانی تر.بەهۆی خزمەت‌و بەخششەكانی لە بواری ئەدەب‌و رۆشنبیریدا چەند جارێك لەسەر ئاستی ناوخۆ‌و دەرەوە خەڵات كراوە.
دەروێشیان ئەندامی بنکەی نووسەرانی ئێرانەو خاوەنی چەندین کتێب و بەرهەمی ئەدەبی بەهێزە، لەبوارەجیاجیاکانی ئەدەبیاتدا؛ بەتایبەت لەبواری فەرهەنگی خەڵکی ئاساییدا کۆمەڵێک کارو پرۆژەی بەنرخی ئەنجامداوە. جیا لەمانەش چەندین کتێبی رۆمان و بەرهەمی چیرۆکی بەزمانی فارسی نووسیوەکەلەم چیرۆکانەدا زیاتر گرینگیداوەبەخەبات و کێشەی گەلی کورد و بابەتەکۆمەڵایەتییەکان.

سەرجەمی کتێب و بەرهەمەنووسراوەکانی دەروێشیان کەتا ئێستا ئامادەو چاپ و بڵاوکراوەتەوە، زیاتر لە60 بەرهەمەکەبریتین لەبوارەکانی "چیرۆک بۆ منداڵان و مێرمنداڵان"، "کۆکردنەوە"، "کورتەچیرۆک و رۆمان" و "فەرهەنگی خەڵکی ئاسایی".

گرنگترین و بەرچاوترین بەرهەمی "عەلی ئەشرەف دەروێشیان" نووسین و کۆکردنەوەی پرۆژەیەکی گەورەیەبەناوی "فەرهەنگی ئەفسانەکانی خەڵکی ئێران لە20 بەرگدا" کەبەرهەمی 22 ساڵ هەوڵ و تێکۆشانی ئەم نووسەرەیە. ئەم فەرهەنگەکۆمەڵەچیرۆکێکی سرنجڕاکێش و مێژووییەکەبەشێوەی گشتی و ئەلف بێیی سەرجەمی ئەفسانەکانی خەڵکی سەرتاسەری وڵاتی ئێرانی لە20 بەرگی جیاوازدا لەخۆگرتووە.

کتێبی "فەرهەنگی ئەفسانەکانی خەڵکی ئێران" بەهاوکاری "رەزا خەندان مەهابادی" ئامادەکراوەو لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی "کتێب و فەرهەنگ" لەتاران چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

بەداخەوە ئەم ئەدیب‌و نوسەرە گەورەیەی كوردستان لە رۆژی 26ی تشرینی یەكەمی 2017 بۆ دوا جار ماڵئاوایی كرد‌و چووە ریزی نەمرانی نیشتمانەوە.درودی رێزو ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی دەروێشیانی ئەدیب‌و نووسەری بەهەڵویست.

کوردیپیدیا



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved