23/11/2017 03:04 PM

عەلی كەمال


ئامادەكردنی: مەحمود نەجمەدین و زاهیر سدیق
میللەتانی جیهان بە شانازییەوە روداو و سەروەرییەكانی خۆیان تۆمار دەكەن، كەسایەتییە ناسراوەكانیان دەكەنە سومبولی نیشتمانی و وەكو پاڵەوانی سەردەمی رابردوو بەنەوەكانی داهاتوویان دەناسێنن، كوردیش بە درێژایی مێژوو خاوەنی چەندین كەسایەتی شۆڕشگێڕ و رۆشنبیرن، بە داخەوە بە هۆی لەمپەڕەكانی رۆژگار و چەوسانەوە و داگیركارییەوە نەمانتوانیوە وەك پێویست رابردووی پڕ لە سەروەریمان لە رێگەی كەسایەتییی ناودارەكانەوە بە نەوەكانی داهاتوو بناسێنین.
یەكێك لەو كەسایەتییە ناسراوانەی كە تا ئێستایش پێگە و جێدەستی بە ئاوەدانی كوردستان و شاری سلێمانی بە تایبەتی دیارە، عەلی كەمالی هەمیشە نەمرە.
ستران عەبدوڵڵا: عەلی كەمال یەكێكە لەو كەسایەتییە دیارانەی كوردستان و شاری سلێمانییە، رۆڵی بەرچاویان هەیە لە ژیانی كۆمەڵایەتی و هەتا لە ژیانی سیاسیی گەلی كورد لە كوردستانی عیراقدا، خزمەتەكانی عەلی كەمال هەندێك تایبەتمەندی تێدایە كە بە تەنیا خزمەتێكی خێرخوازی نییە، بەڵكو رەهەندێكی نەتەوەیی لەم خزمەتانەدا هەیە، ئەو رەهەندەی كە من زۆر جار ناوی دەنێم كوردایەتییەكی نەرم، بۆ كەسێكی دەوڵەمەند، بۆ كەسێك كە سەرمایەگوزاری دەكات، بە تایبەتی لە بەغدا زەحمەتە وەكو تێكۆشەرەكانی تر لە باری سیاسییەوە بە ئاشكرا بڵێن بەشداری شۆڕش یان تێكۆشان و رزگاریخوازی گەلی كوردستان بكات.
سەرمایەكەی و ئەو چوارچێوە نەمتە ژیانەی كە دروستی كردووە دەستبەرداری بێت، لەبەر ئەوە تایبەتمەندییەكەی ئە لەو بوارەدایە، بۆ نموونە لە بواری فەرهەنگی و بواری كۆمەڵایەتیدا دەورێكی زۆر گرنگ و دیاری هەیە و بەپێی قۆناغەكانیش بووە، ئەو كاتەی لە زەمانەی عیراق جۆرێك لە كرانەوەی سیاسی هەبووە لە سەردەمی پاشایەتی بە پێوەرێك بۆ سەردەمی كۆماری، توانا و جورئەتی ئەوەی هەبووە گۆڤاری گەلاوێژ تەمویل بكات، ئەوەی كە لە سەرمایەگوزارێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چاوەڕێدەكرێت عەرەبەكان، لە تورك، لە فارس. ئەو رۆڵەی گێڕاوە، كە پشتیوانیكردن لە گۆڤارێكی وەكو گەلاوێژ و یارمەتیدانی ئەم گۆڤارە تا لەسەر پێی خۆی بێت جۆرێكە لە كوردایەتیی نەرم، كە لە سەرمایەدارێكی وەكو عەلی كەمال دەوەشێتەوە.
خەلیل عەبدوڵڵا: عەلی كەمال لە خەیاڵدانی خەڵكی سلێمانیدا زیاتر وەكو كەسێكی خێرخواز ناسراوە، بەڵام ئەتوانین بڵێین عەلی كەمال كەسایەتییەكی گەورەی سەربازی، كەلتوری، پەرلەمانی، ئیدارییە، لە هەموو ئەم بوارانەدا خزمەتی بە گەل و نیشتمانەكەی كردووە.
لە سلێمانی لە بواری سەربازی خوێندویەتی و یەكێك لە خوێنكارە زیرەكەكان بووە، چووەتە بەغدا لەوێ پلەی یەكەمی هێناوە و دواییش چووەتە ئەستەنبوڵ لەوێش بڕوانامەی بەرزی هێناوە، وەكو ئەفسەرێك لە سوپای عوسمانی خزمەتی كردووە، ئەبێ ئەوەمان لەبیر نەچێ ئەو كاتەیش كە لە سوپای عوسمانی بوو، كەسێكی كورد پەروەر و نیشتمان پەروەر بووە و هەمیشە بەرگریی لە مافەكانی گەلی كوردستان كردووە، هەر بۆیە كە فیرقەكەیان لە شاری ئورفەی باكووری كوردستان بووە لەسەر ئەو هەڵوێستانەی سی مانگ زیندانی ئەكەن، دوای ئەوە فرسەتی بۆ دێت و هەڵدێت و دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان، جارێكی تر لێرەوە خزمەتەكانی بە گەل و نیشتمانەكەی پێشكەش دەكات، عەلی كەمال كەسێكی روناكبیر و نووسەر بووە، بەرهەمەكانی لە گۆڤاری گەلاوێژ و رۆژنامەكانی لوبنان بە زمانی عەرەبی لە ساڵانی شەستەكاندا بڵاوكردوەتەوە و بەرگریی لە گەلی كوردستان كردوە و لەسەر ئەو هەڵوێستە نیشتمانیانەی ساڵانی شەستەكان دووجار زیندانی كراوە.
بێ لەو بوارە، لە بواری پەرلەمانیش یەكێك بووە لە ئەندام پەرلەمانە چالاكەكانی شاری سلێمانی، نوێنەری سلێمانی بووە، لە ساڵی 1935 بۆ ساڵی 1958 لە پێنج خولی پەرلەمانیدا هەموو جارێك بە دەنگێكی زۆر و بە متمانەیەكی زۆرەوە وەكو نوێنەری سلێمانی بە ئەندامی پەرلەمانی عیراق هەڵبژێردراوە.
لە پەرلەمان یەكێك لەو ئەندام پەرلەمانانە ئازا و چاونەترسانە بووە كە بەرگریی لە مافەكانی گەلی كوردستان كردووە و یەكێك بووە لەوانەی یاسای زمانە ناوخۆییەكان كە لە سییەكاندا بە راسپاردەی كۆمەڵەی گەلان بۆ بەرگریكردن لە زمانی كوردی دەرچووە، لە ساڵانی چلەكاندا ویستویانە ئەم یاسایانە هەڵوەشێننەوە و ئەم بەرگرییەكی زۆری لێكردووە و گوتویەتی ئەم مافە مافێكی نێودەوڵەتییە و كۆمەڵەی گەلان بۆ گەلی كوردیان دەستەبەركردووە و لە سەروی هەندێك یاسا و دەستوورەوە رێگەی لەوە گرتووە، كە ئەویش هەڵوەشێنرێتەوە.
یەكێك بووە لەوانەی كە شۆڕشی بارزانییەكان بەرپابوو و بارزانییەكان ئاوارە بوون، ئەو كاتەی ئەو لە پەرلەمان بوو باسكردنی بارزانییەكان شتێكی قەدەغ بووە، بەڵام ئەم لە ناو پەرلەمانی عیراقدا بەرگریی لە بارزانییەكان كردووە و داوایكردوە نیشتەجی بكرێنەوە و مافەكانیان بۆ دابین بكرێت. لە بواری كەلتوریش ئەتوانین بڵێین هەر لە ساڵانی چلەكانەوە یەكێك بووە لەوانەی پشتیوانییەكی گەورەی بواری كەلتووریی كردوە.
ستران عەبدوڵڵا: كاری سیاسی و خزمەتی نەتەوەیی عەلی كەمال لە دەرەوەی بزووتنەوەی شۆڕشی گەلی كوردستان پەیوەستە بەو ساڵۆنانەی كە خۆی هەیبوون، ساڵۆنی گفتوگۆكان، نەمەتێكە لە كاری دەستەبژێری لە عیراق كەسایەتییەكان ساڵۆنی گفتوگۆیان هەبوو.
عەلی كەمال ئەم كوردایەتییە نەرمەی لەم بوارەشدا پەرەپێداوە، لەبەر ئەوە زۆر حیكایەت لە عەلی كەمال دەگێڕنەوە لەگەڵ كامل چادرچی و كەسایەتییە دیارەكانی ئەو ناوچەیە، كە جۆرێك لە كوردایەتی تێدایە بۆ كوردێك كە لە بەغدا دەژی مەسەلەیەكی زۆر زۆر گرنگە.
تەنانەت مامۆستا عەلی كەمال نووسینیشی لەسەر بزوتنەوەی كوردایەتی هەیە، لەو كاتانەی كە كرانەوەی سیاسی دەرفەتی داوە، كە كەسایەتییەكی وەكو ئەو بتوانێت لەم بوارە بنووسی و نووسینی لەسەر مەسەلەی كورد هەیە، یەكێك لەوانە (كتابات فی مسئلە الكردیە) كە یەكێك لە نووسینەكانی عەلی كەمالی تێدایە كە بە راستی تایبەتمەندییەكی جوانی تێدایە، كەسێكی رووناكبیرمان بۆ دەردەخات كە جگە لەسەرمایەگوزاری، ئاگاداری مەسەلەی میللەتەكەی خۆی و بزووتنەوەی سیاسی كوردستانە، لەو دوادواییە كە عیراق بەرەو دیكتاتۆری و میلیشیا هات، بەرەو سەردەمی بەعس هات ئەم دەرفەتانەی بەردەم عەلی كەمال كەمتر بووەوە، بۆیە بەشێكی توانای خۆی بۆ خزمەتكردنی گەلی كوردستان زیاتر خستییە بواری كۆمەڵایەتییەوە، پێشتریش لەم بوارەدا كاری دەكرد.
بۆ نموونە یارمەتیدانی خوێنكاری كورد، یارمەتیدانی كەسەیاتییەكانی كورد، بەڵام لە دوای بەرتەسكبوونەوەی سیاسی لە بەردەم گەلی كورد دا عەلی كەمال بەشی زۆری ئەم هەوڵەی گواستەوە بۆ یارمەتیدانی خەڵكی هەژار و خوێنكاران و كاركردن لە بواری خزمەتگوزاری لە كوردستاندا و بە تایبەتی لە شاری سلێمانی.
عەلی كەمال تا ئێستا بە كەسایەتییەكی كۆمەڵایەتی و خێرخوازێكی گەورە ناسراوە، بەڵام ئەم پیاوە رۆشنفیكرە لە سەرجەم كایە سیاسی و رۆشنبیری و كۆمەڵایەتییەكاندا چەندین هەنگاوی گەورەی ناوە بە ئاقاری خزمەتكردن و گۆڕانكاری پێشكەشكردووە.
مستەفا ساڵح كەریم: عەلی كەمال یەكێك بووە لە پیاوە گەورەكانی كوردستان، یەكێك بووە لەو پیاوانەی كە بە راستی دەستی خێری لە هەموو شوێنێكدا دیار بووە، پیاوێكی مەزن بوو، گەورە بوو لە رەفتار و كرداردا، بەڵگە هەیە كە ئەوانە ئەسلمێنرێت.
دوای ئەوەی دەستیان نایە بیناقاقای كۆماری كوردستان لە مهاباد، دوای ئەوەی ئەفسەرەكان تەسلیمبوونەوە، ئەفسەرەكان شەهیدكران، ئەوانی تریش زۆربەیان خرانە زیندانەوە، من بەڵگەنامەیەكم لایە بێگومان ناو نابەم نەوەك كەسوكاریان پێیان خۆش نەبێت، لە ساڵی 1953دایە دیارە ئەوان نامەیان ناردووە بۆ عەلی كەمال كە شتێكیان بۆ بكات، هەوڵێكیان بۆ بدات بۆ ئازادبوونیان، دوای ئەوەی ئەوە شەش ساڵە لە زیندانن، ئەم نامەیەی بۆ نێردراوە، ئەمە بەڵگەكەیە:
(خۆشەویستم فڵان كەس زۆر بە ئیشتیاقەوە هەواڵتان ئەپرسین، لەم بەینەدا كاغەزێكتانم وەرگرت لە خسوسی حەلی موشكیلەتانەوە و بۆتان عەرز ئەكەم كە عەلی كەمال بەگ غافڵ نییە و لەم رۆژانەدا موزوعەكەتانی كردەوە رئیسی وزەرا و هەموو مەسئولەكان وەعدیان دا كە موشكیلەی ئێوە موعالەجە بكرێ هەروەها نوری سەعید خەریكە، لەبەر ئەوە ئێوە ئەم مودەتەیش سەبر بكەن وەك ئەم ماوەیەی كە رابردووە، ئەم جارە ئومێدێكی گەورە هەیە. كە رزگارتان بێت لە دەست دەردی سەری و هەرچییەك لە ئیمكاندابی خوا شاهیدی حاڵە قسور ناكەم. ئیتر بەخواتان ئەسپێرین).
موخلیستان روژدی مستەفا قازی – موحاسیب عەلی كەمال بەگ
ئەمە بەڵگەكەیە، ئینجا بێگومان ئەم پیاوەیش برای حافز مستەفا قازییە، یەكێك لە رووناكبیرەكانی بادینان بوو لە كوردستاندا ناسراو بوو، وەختی خۆی گۆڤاری روناهی هەبوو، ئەمە بەڵگەیەكی حاشهەڵنەگرە كە ئەو پیاوە چۆن دڵسۆزانە هەوڵیداوە هەتا بۆ بەربوونی زیندانییەكان ئەوانەی كە لە دوای روخانی كۆماری مهاباد زیندانی كراون.
ستران عەبدوڵڵا: ئێمە ئەتوانین لە چەند قۆناغێكدا باسی تایبەتمەندێتی كاری عەلی كەمال بكەین لە خزمەتی نەتەوەكەیدا، بواری سیاسی و مەسەلەی كوردستانی و باری فەرهەنگی تێدابووە، یارمەتی زۆر كەسی داوە لە چاپی بەرهەمەكاندا و هەروەها بواری خزمەتگوزاری كە خزمەتی زۆر كەسی كردووە، خزمەتی كۆمەڵگەكەی كردووە، خزمەتی خەڵكی هەژاری كردووە، ئەم دیوەیش لە دیوەكانی كاری عەلی كەمال لە دوادواییەكانی تەمەنیدا فراوانتربوو، لەبەر ئەوەی دەرفەتی سیاسی لە بەردەمدا كەمبووەوە، بەڵام پێموایە هەڵسەنگاندنێك بۆ كەسایەتی عەلی كەمال، وەكو لە بیرەوەرییەكانیشیدا باسكراوە، تەنیا لایەنی خزمەتگوزاری نییە و لایەنی سیاسی و لایەنی كوردایەتیش دەگرێتەوە، بەڵام وەكو وتم بە گوێرەی ئەو دەرفەتانەی ئەو، دەكرێ بۆ كەسایەتی ئەو بۆ نموونە لە كاتی كرانەوەی سیاسی، لە كاتی دانوسانەكانی شۆڕشی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عیراقیدا ئەم توانایە زیاتر دەردەكەوێت، بەڵام لە كاتی بەرتەسكبوونەوەی دەرفەتی سیاسیدا خزمەتگوزاری و كاری خزمەتگوزاری عەلی كەمال بەرینتر دەبێ، ئەمەش گواستنەوە لەم بوار بۆ ئەو بوار و فراوانكردنی جۆرێك لە عەقڵمەندی و هۆشیاریی مامۆستا عەلی كەمال دەردەخات.
خەلیل عەبدوڵڵا: گۆڤاری گەلاوێژ كە مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد دەریدەكات لە ساڵانی چلەكاندا تووشی تەنگەژەی دارایی بوو، كە بە مامۆستا عەلی كەمال ئەڵێن ئەو بۆ ماوەی حەوت ساڵ هەموو بوجەی دارایی گۆڤارەكە ئەگرێتە ئەستۆ و هەر لەو گۆڤارەیش شتی نووسیوە و بەرهەمەكانی بڵاوكردوەتەوە، بێ لەوە ئەدمۆند غەریب كتێبێكی نووسیوە لەسەر بزوتنەوەی نەتەوەیی كورد، لەو كتێبەدا كەوتبووە هەڵەی زۆرەوە عەلی كەمال بە نامیلكەیەك بە ناوی شیكردنەوە و رەخنە لەو كتێبە وەڵامی ئەداتەوە و بەرگریی لە مافی گەلی كوردستان دەكات.
عەلی كەمال وەكو پەلكەزێرینەی شار جوانی و خۆشەویستی و لێبوردەیی پەخش دەكرد، ئەو هەمیشە لە هەوڵی بنیادنانی كۆمەڵگایەكی رۆشنبیریی و مەدەنیدا بوو، ئەو بۆ ئازادی میللەتەكەی تێكۆشانی بەردەوامی هەبووە.
خەلیل عەبدوڵڵا: هەر لە چلەكانەوە زۆری پشتیوانی خوێندكارانی كردوە، بە تایبەتی خوێندكاری هەژار و زیرەك چ لەسەر ئاستی ناوخۆ لە كوردستان یان لە بەغدا پشتیوانی كردوون بۆ ئەوەی خوێندنەكانیان تەواو بكەن.
جارێكیان خوێندكارێك هاتووە بۆ لای و گوتویەتی من باوكم زیندانیكراوە و پێویستم بە هاوكاری هەیە. ئەویش پێی وتووە بڕۆ هەموو ئەو خوێندكارانەی هەژارن ناوەكانیانم بۆ بنووسە من هاوكاری هەمووتان دەكەم، ئەوە لەوكاتەدا بووە كە مەدی شوعییەت هەبووە و ئەڵی وەڵڵا هیچ خوێندكارێك ئامادە نەبووە یارمەتی لەتۆ وەربگرێ لەبەر ئەوەی تۆ واناسراوی پشتیوانی لە ئینگلیزەكان دەكەیت و ئەویش هەر ئەو ساتە دەست لە كاری پەرلەمانی دەكێشێتەوە و ئەڵێت كە خوێندكارانی میللەتەكەم پێیوابێ ئەوە من وازدەهێنم، چەند گوشاری لێدەكەن بەڵام ئامادەنابێ لەو دەورەیەدا درێژە بە كاری پەرلەمانی بدات. لە بواری خێرخوازیشدا كاری زۆری كردووە و یەكەم كەس بووە كە خانەی هەتیوانی لە سلێمانی دامەزراندووە و دوایی ئەو خانەیە بووە بە دامەزراوەیەكی فەرمی و چووە سەر وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی.
ساڵی 1946 كە بومەلەرزە لە پێنجوێنی داوە ئەم لە بەغداوە هاوكاری بۆ ناردوون. ساڵی پەنجا و حەوت كە لافاوەكەی سلێمانی روویدا پشتیوانی لێقەوماوانی كرد و هەزار دیناری ئەو كاتە كە بڕێكی زۆربووە بۆ زەرەرمەندانی ئەو لافاوە خەرج دەكات.
لە بواری دیكەشدا كاری كردووە و لە ساڵانی هەشتاكاندا زەوییەكی گەورەی تەرخان كردووە بۆ مزگەوتێكی گەورە كە هەر بە ناوی خۆیەوە ناونراوە، مزگەوتی عەلی كەمال، كە سێیەم گەورەترین مزگەوتە لە شاری سلێمانی، ئەو وەختە پارچەیەك زەوی و حەوت سەد و پەنجا هەزار دیناری ئەوكاتەی بۆ تەرخان كرد، خەستەخانەی عەلی كەمالیشی دروستكرد كە هەم زەوییەكە هی خۆی بوو، ئەویش سەد و پەنجا هەزار دیناری ئەو كاتەی بۆ تەرخان كرد.
نووسەران و روناكبیران لە هەشتاكاندا داوایان لێكرد كە سلێمانی پێویستی بەوەیە شانۆیەكی گەورەی هەبێ، هەم پارچە زەوییەكی تەرخان كرد و هەم بڕی سەد هەزار دیناری بۆ تەرخان كرد بۆ ئەو شانۆیە، بەڵام حكومەت لەو سەردەمەدا لەبەر ئەوەی دژی سلێمانی و دژی باری رووناكبیریی بوو نەیانهێشت و جێبەجێ ببێت.
ئەتوانین بڵێین لە زۆر بواری خێرخوازیدا خزمەتی زۆر كەسی كردووە و هەمیشە ئەڵێ من هاوكاری هەر كەسێكم كردووە نەمویستووە ناوەكەی بهێنم، جارێكیان مامۆستا مستەفا نەریمان دیدارێكی لەگەڵدا ساز دەكات بۆ گۆڤاری رەنگین زۆری لێدەكات كە ناوی ئەو كەسانەی پێ بڵێ كە هاوكاری كردوون كە ئێستا كەسانی گەورەن و پۆستی گەورەیان هەیە لە عیراق و لە دەرەوەی وڵات خوێندوویانە، ئەو ئەڵی ناوی كەسم بیرنەماوە، كەسێك بووە ئەڵێ من دوای چل ساڵ زانیومە شێخ نوری شێخ ساڵح شیعری بۆ من نووسیوە و مەدحی كردووم، پیاوێكی خۆشەویست بووە، خزمەتێكی زۆری كردووە، ئەم پیاوە حورمەتێكی زۆریشی لە لای نووسەران و روناكبیران هەبووە.
شێخ نوری شێخ ساڵح لە ساڵی 1943 لە پای ئەو كارە خێرخوازییانە شیعرێكی زۆر جوانی بۆ نووسیوە و مەدحی ئەكات، زێوەری شاعیر لە گەنجینەی مەرداندا هەم بە وتارێك و هەم بە شیعرێك مەدحی دەكات، مامۆستا مستەفا نەریمان لە وتارێكدا لە گۆڤاری ژین بڵاوبوەتەوە و مەدحی دەكات و بە باوكی گەلاوێژ ناوی دەبات.
ئەم پیاوە پیاوێكی گەورە و فرە بەهرە بووە، لە بواری سەربازی ئەفسەرێكی گەورە و ئازا بووە، وەكو بەرێوبەری پۆلیس، قائیمقام بووە، وەك ئەندامی پەرلەمان، نووسەرێكی گەورە بووە، لە هەموو ئەم بوارانە خزمەتی بە گەلی كوردستان كردووە و ناوێكی دیار و پرشنگدار بووە كە هەمیشە بە شانازییەوە لە لاپەڕەكانی مێژوودا باس دەكرێت و لە هەمووشی خۆشتر ئەوەیە كە لە یاداشتەكانی خۆی بە تەفسیلی هەموو ئەو كارانەی خۆی لە منداڵییەوە هەمووی باس دەكات لە سلێمانی، لە بەغدا لە ئەستەنبوڵ و خزمەتی پەرلەمانی، خزمەتی خێرخوازی هەموو ئەمانەی یاداشتكردووە، مامۆستا جەمال بابان پێیدا چووەتەوە و دایڕشتووەتەوە و لە بەغدا چاپكراوە وەكو گەنجینەیەك بۆ گەلەكەمان ماوەتەوە بۆیە عەلی كەمال بە راستی جێگەی ئەوەیە كە گەلەكەمان شانازی پێوە بكات وەكو كەسایەتییەكی گەورە.
عەلی كەمال ئەستێرەیەكی درەوشاوەی گەلەكەمانە و لە هەموو قوناغێكی ژیانیدا هەوڵی كاریگەر و گەورەی داوە خزمەتی گەل و نیشتمانەكەی بكات، دیارە مێژوو بە شانازییەوە ناوی ئەم تێكۆشەرە گەورەیە تۆمار دەكات و ئەو پیاوە گەورەیەی لە هەر شوێنێك بوو خەمی میللەتەكەی لەبیر بوو.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved