4/12/2017 02:39 PM

مەحموود دەروێش





* ئازاد بەرزنجی*

کاتێ باسی گەورەیی و کاریگەریی شاعیری مەزنی عەرەب"موتەنەببی"(٩١٥-٩٦٥)دەکرێ، دەگوترێ "شاعر مڵا الدنیا و شغل الناس" ، واتە شاعیرێک کە دنیای پڕکردەوە و خەڵکی بەخۆیەوە خەریک کرد، ئەگەر لە دنیای تازەی شیعری عەرەبیدا یەکێک هەبێت ئەم گوتەیەی بەسەردا بچەسپێ، ئەوا بێ سێ و دوو ئەو کەسە "مەحموود دەروێش"ی شاعیرە.
مەحموود دەروێش هەر لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ماوەیەکی کەم بەر لە مەرگیشی لە نووسینی شیعر و خۆتێپەڕاندن لە دنیای داهێنانی شیعریدا بەردەوام بوو. ئەو سەرەتا وەکو شاعیری بەرەنگاری دەرکەوت، بەحوکمی ئەوەی لەناو خاکێکی بریندار دەڤەرێکی پڕ کۆچ و مەرگەساتدا چاوی هەڵێنا و بە نەبوونی و ڕەنج و ئەشکەنجە و لە خێزانێکی کەمدەرامەتدا هۆش و گۆشی کرایەوە، ڕۆحی تووڕەیی و گیانی بەرەنگاری بوونە دوو ئەدگاری شیعرە سەرەتاییەکانی. ئەو هێشتا تەمەنی چواردە ساڵان دەبێت کە لە فێستیڤاڵێکی قوتابخانەی دەیرولئەسەد شیعرێک دەخوێنێتەوە دەبێتە مایەی سەغڵەتبوونی حاکمی عەسکەریی ئەوێ و دوای ئەوەی حاکمەکە بانگی دەکات، هەڕەشەی ئەوەی لێ دەکات ئەگەر جارێكی تر شیعری وا بنووسێت، باوکی لەسەر کارەکەی لادەبەن. 
مەحموود دەروێش هەر لە مناڵییەوە خولیای وێنەکێشان بوو، بەڵام لەبەرئەوەی باوکی توانای ئەوەی نەبوو کەرەسەکانی وێنەکێشانی بۆ بکڕێت، ئیتر ڕووی کردە شیعرنووسین. چونکە هەر لە مناڵیشەوە چێژی ئاوارەیی و بێ داڵدەیی و پەنابەریی چەشت، ئازاری بەسوێی بێنیشتیمانی و بێئەنوایی بووە هەوێنی بەشێکی زۆر لە شیعرەکانی. ئەو تەمەنی شەس ساڵان بوو وەختێ لەساڵی ١٩٤٧ دا و دوای ئەوەی دێهات و شارۆچەکانیان کەوتنە بەر هێرش و وێرانکردن، لەگەڵ هەزاران فەلەستینیی تردا ڕێی باشووری لوبنان دەگرنە بەر  و لەوێ بۆ یەکەمجار لەو تەمەنەدا ئەزموونی کۆچبەری و پەناهەندەیی تاقی کردەوە. 
مەحموود دەروێش لەتەمەنی دوانزدە ساڵییەوە دەست بە شیعرنووسین دەکات و لە هەژدە و نۆزدەساڵیدا یەکەم دیوانی خۆی بەناوی"چۆلەکە بێباڵەکان" ەوە لەچاپ دەدات. ئەم دیوانەی کۆمەڵێک شیعری سەرەتایی ئەو لەخۆدەگرێت کە کەفوکوڵ و جۆشوخرۆشی سیاسی زاڵە بەسەریاندا و کاریگەریی شاعیرانی بەرەنگاریی عەرەب و جیهانی پێوە دیارە، بەڵام کۆمەڵێک شیعری غەزەلیشی تیایە کە بەئاشکرا کاریگەریی نزار قەببانییان پێوە دیارە و خۆیشی نکووڵیی لەم کاریگەرییە نەکردووە.  
مەحموود دەروێش دوای ئەوەی خوێندنی سانەوی تەواو دەکات، لەگەڵ کەسانی خێزانەکەیدا لەساڵی ١٩٦٠ دا دەچنە حەیفا و لەوێ لە دێی ئەلجەدیدە نیشتەجێ دەبن. هەر لەو ماوەیەدا لە ڕۆژنامەی"ئیتیحاد" و گۆڤاری"ئەلجەدید"دا کار دەکات، کە زمانحاڵی حیزبی کۆمۆنیست دەبن. لەنێوان ساڵانی ١٩٦١ و ١٩٦٥ یشدا دوو جار زیندانی دەکرێ و دواتریش دەخرێتە ژێر ئیقامەی جەبرییەوە. 
لەساڵی ١٩٦٤ دا دیوانی"گەڵا زیتوونەکان" چاپ دەکات، دیسانەوە ئەم دیوانەشی پڕە لە ڕۆحی تووڕەبوون و ڕووبەڕووبوونەوە و بەرجەستەکردنی ئێشوئازارەکانی خەڵکانی هەژار و ڕەنجدەر و چەوساوە. گەرچی لەم دیوانەدا بەرەوپێشچوونێک دەبینین لەڕووی ڕیتمی شیعرییەوە. یەکێک لە شیعرەکانی ئەم دیوانەش"ناسنامە"ەیە کە تێیدا دەڵێت"بنووسە من عەرەبم" و  زۆر دەنگی دایەوە و وای لێ هات کەوتە سەر زمانی زۆربەی خوێنەران و خوێندکاران و هەوادارانی مەحموود دەروێش و وەکو مۆرکێک پێوەی نووسا، گەرچی لە یەکێک لە گفتوگۆکانی ئەم کتێبەدا، شاعیر ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بەم حاڵەتە دەردەبڕێت لەوەی ژمارەیەکی زۆری خوێنەر تەنها لەڕێی ئەم شیعرەیەوە دەروێش دەناسێت و حوکمی بەسەردا دەدات. بەڵام زۆربەی شیعرەکانی ئەم دیوانەی لە مانیفێستی سیاسی دەچوون بۆ ئەو ڕۆژگارە. هەر بۆ نموونە، ئەو لەم دیوانەدا وا باس لە شیعر دەکات:
شیعرەکانمان بێڕەنگن
بێتام و بێدەنگن
گەر لەم ماڵەوە بۆ ئەو ماڵ چرا هەڵنەگرن
گەر چی خەڵکی سادەیە لێیان تێنەگا
وا چاکترە بیاندەینە دەم با 
خۆشمان خامۆش بین.
گەر ئەم شیعرانەم دەبوونە ئەسکەنە
لە دەستی ڕەنجدەرا
گەر دەبوونە نارنجۆک 
لە دەستی خەباتگێڕا
گەر ئەم وشانەم
گەر ئەم شیعرانەم دەبوونە گاسن
لە دەستی جووتیارا
.....هتد.
(وەکو سەرنج دەدەن، لە حەفتاکان و بگرە هەشتاکانیشدا، هەندێ شاعیری کوردیش تەواو کەوتبوونە ژێر کاریگەریی ئەم زمانەشیعرییەی ئەوسای مەحموود دەروێشەوە.)
مەحموود دەروێش بۆ یەکەمجار کە سەفەر دەکات بۆ دەرەوەی فەلەستین، لەساڵی ١٩٧١ دا دەبێت. وەختێ دەڕوات بۆ یەکێتیی سۆڤێت و لەوێ دەبێت بە خوێندکاری پەیمانگای زانستە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام تەنها ساڵێک لەوێ دەمێنێتەوە. دوای ئەوە دەچێت بۆ قاهیرە و لەوێ ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی عەرەب"محەمەد حەسەنێن هەیکەل" پێشوازیی لی دەکات و لەلای ڕۆژنامەی ئەهرامەوە جێوڕێی بۆ دابین دەکات و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی نووسەرانێکی گەورەی وەکو نەجیب مەحفووز و تۆفیق حەکیم و یوسف ئیدریس و ڕەجا‌و نەققاش بناسێت. ئەو کاتێ باس لەم قۆناغەی خۆی دەکات بە حەسرەتەوە باسی ئەوە دەکات کە لەو ماوەیەیدا لە قاهیرە نەیتوانیوە نووسەری گەورە تەها حوسەین و هونەرمەندی گەورە ئوم کەلسووم ببینێت، بەڵام توانیویەتی محەمەد عەبدولوەهاب و عەبدولحەلیم حافز ببینێت. هەروەها لەناو شاعیرانیشدا لەوێ، پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ سەڵاح عەبدولسەبوور و ئەمەل دنقل و ئەحمەد حیجازیدا هەبووە.
پاش قاهیرە، مەحموود دەروێش ڕوودەکاتە بەیرووت و تا ساڵی ١٩٨٢ لەوێ دەمێنێتەوە. بەیرووت کە ئەو دەمە مەکۆی ئەدیبان و شعیران و ڕۆشنبیران بووە، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دەروێش کردووە و ئەویش خۆشەویستییەکی تایبەتی بۆ ئەو شارە هەبووە.
لەساڵانی ژیانی لە بەیرووتدا گۆڤاری"کاروباری فەلەستینی" دەردەکات و دەبێتە سەرنووسەری. هەروەها لەساڵی ١٩٨١ دا یەکەم ژمارەی گۆڤاری"کەرمەل" دەردەکات، کە گۆڤارێکی تایبەت دەبێت بە ئەدەب و ڕۆشنبیری. بەڵام بەهۆی شەڕی ناوخۆی لوبنانەوە، کا کارێکی زۆر لەسەر دەروونی دەکات، بەیرووت جێدێڵیت و لەکاتێکدا خۆی لە پاریس دەبێت، بە هاوکاریی شاعیری بە ڕەچەڵەک کورد"سەلیم بەرەکات"، کە ئەو دەمە لە قوبرس دەبێت، گۆڤارەکە لە قوبرس دەردەکات. پاش ئەوەش لە ڕامەڵڵا، تا دواجار لەساڵی ٢٠٠٧ دا لە دەرچوون دەوەستێت. دوای کۆچی دوایی ئەو و لەساڵی ٢٠٠٩ دا دواژمارەی لێ دەردەچێت کە تایبەتە بە مەحموود دەروێش خۆی. لەڕاستیدا ئەم گۆڤارە یەکێکە لەو گۆڤارە سەنگینانەی کە لەودەمەدا دەرچوون.
سەبارەت بە ژیانی سیاسیی مەحموود دەروێشیش، وەکو ئاماژەشمان پێ دا، ئەو لە سەرەتای لاوییداچووە ڕیزی پارتی کۆمۆنیستی ئیسرائیلەوە و لە ڕۆژنامە و گۆڤاری ئەو حیزبەدا کاری کرد و بە دژایەتیکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل تاوانبار کرا و چەند جارێک دەسبەسەر کرا و زیندانی کرا و تا دواجاریش خرایە ژێر ئیقامەی جەبرییەوە. 
ئەو هەر لە سەرەتای شیعرنووسینییەوە بە شاعیری بەرەنگاری و شاعیری فەلەستین ناوبانگی دەرکرد. دەبێ ئەوەش بڵێین کە ئەو کاتی خۆی زۆر لە یاسر عەرەفاتەوە نزیک بوو و تا گەیشتە ئەوەی عەرەفات لەساڵی ١٩٨٨دا زۆری لێ کرد ببێتە ئەندامی لیژنەی جێبەجێکردنی ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەلەستین. مەحموود دەروێش دواتر خۆی لە چەند شوێنێکدا ئەوەی درکاندووە کە لەدڵەوە ئەوەی پێ خۆش نەبووە، چونکە هەستی کردووە ئەوە کارێکە لەگەڵ شاعیربوونیدا ناگونجێت، بەڵام وەکو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی پێنج ساڵێک ئەو کارەی کردووە تا پاشان ژیانی بۆ شیعر تەرخان بکات.
هەر لە ڕاستیشدا مەحموود دەروێش بیست ساڵی کۆتایی تەمەنی بۆ دنیای شیعر تەرخان دەکات و بەشێکی زۆری دەقە جوانەکانی لەو بیست ساڵەدا دەنووسێت و تەنانەت لەو قۆناغەدا گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەسەر دید و شێوازیدا دێت و ڕوانینی بۆ شیعر کامڵتر دەبێت و تەنانەت لەو گفتوگۆیانەدا کە لەو ساڵانەدا لەگەڵیدا ئەنجام دراون، هەندێ حوکمی توند بەسەر بەشێک لە بەرهەمەکانی ئەو قۆناغانەی پێشووی خۆیدا دەدات و زیاتر جەخت لەسەر بەرهەمەکانی دوایی دەکاتەوە کە دواتر بە "کارە نوێیەکان" ناو بران و هەر بەو ناوەشەوە چاپ کران. تەنانەت لە زۆر شوێندا دەڵێت گەر دیوانەکانی خۆی بژار بکات، پێنج دیوانیان لێ دەهێڵێتەوە و ئەوانی تریان لێ دەردەکات. 
ئەم قۆناغە شیعرییە نوێیەی مەحموود دەروێش لە هەشتاکانەوە دەست پێ دەکات و وردە وردە بەرگی شاعیری "مەسەلە"ی سیاسی و بەرەنگاری لەخۆی دادەماڵێت، گەرچی ناتوانین بڵێین ئەو داماڵینە داماڵینێکی سەددەرسەدە، چونکە دواجار هەمان ئەو مەسەلانە بەجۆرێکی تر تێکەڵ بە ئازارە فەردییەکان دەبنەوە، بەڵام شیعری مەحموود دەروێش ڕوو لە عیشق و مەرگ و تەنیایی و نامۆبوون و چارەنووس و...هتد دەکات و ڕوانینێکی مرۆگەرایانە و گەردوونی بەسەر فەزای شیعریدا زاڵ دەبێت . بۆ گوزارشت لەم حاڵەتە تازانەش، گەرچی پەنا بۆ پەخشانەشیعر نابات، بەڵام کەمتر خۆی بە کێشەوە دەبەستێتەوە و زیاتر بایەخ بە ڕیتمی ناوەوەی قەسیدە دەدات، تا فەزایەکی فراوانتر بۆ دەربڕینی زمانی شیعریی فەراهەم بکات. هەر بۆ نموونە گەر بڕوانینە قەسیدەی"زارهەڵدەر"(کە لەم کتێبەدا هەیە) بەئاشکرا ئەو ڕووبەڕووبوونەوە مێتافیزیکییەی شاعیر دەبینینەوە لەگەڵ قەدەر و چارەنووسدا. هەروەها لە قەسیدەی"دیواربەند" دا پرسیارەکانی بوون و ژیان، بەتایبەتیش ژیانی تایبەتیی شاعیر خۆی، دەبنە هەوێنی ئەم قەسیدەیە.
یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەزموونی شیعریی مەحموود دەروێش کە پێویستە ئاماژەی بۆ بکەین، پەیوەندیی ئەم شاعیرەیە، یان باشتر وایە بڵێین پەیوەندیی شیعری ئەم شاعیرەیە بە خوێنەر و بە ئەوەشەوە کە پێی دەڵێن جەماوەر. شایانی باسکردنە دیوانەکانی مەحموود دەروێش هەر لە سەرەتاوە خوێنەرێکی بێشوماری بەلای خۆیدا ڕاکێشا. بێگومان ڕاستە ئەو، هەروەکو پێشتریش باسمان کرد، سەرەتا بە شیعرە سیاسی و ناسیونالیستییەکانی ناسرا و توانیی بەئاسانی ڕێگەی خۆی بۆ ناو دڵی جەماوەری عەرەبی بکاتەوە، بەڵام ئەو لەو قۆناغەدا نەوەستا، بەڵکو بەردەوام هەوڵی دەدا فۆرمی تازە ئەزموون بکات و لەگەڵیشیدا چێژی خوێنەران و جەماوەرەکەی بۆ ئەزموونە تازەکانی خۆی پەلکێش بکات و تا ڕادەیەکی زۆر و بێهاوتا لەم کارەشدا سەرکەوتوو بوو. مەحموود دەروێش گەرچی لە ساڵانی دواییدا هێندەی بایەخی بە لایەنی ئێستاتیکی دەدا لە شیعرەکانیدا و لەو زمانە ڕاستەوخۆیە دوور کەوتەوە کە لە سەرەتادا پێیەوە پابەند بوو، وەلێ ئەمە وای نەکرد خوێنەرانی لێی بکشێنەوە، بەپێچەوانەوە، خوێنەر و جەماوەری تا دەهات زیاتر دەبوو. ئەو وەکچۆن خۆیشی لە چەند شوێنێکدا لەوە دوواوە، زانیویەتی چۆن وردە وردە خوێنەری خۆی بۆ ئاستێکی شیعریی باڵاتر ڕێنوێنی دەکات. بۆیە کاتێک کۆڕێکی شیعرخوێندنەوەی دەبوو، ژمارەیەکی زۆر لە خوێنەر و جەماوەری ئامادەی دەبوون. گەرچی ئەوەی نکووڵیشی لێ ناکرێ، شێوەی خوێندنەوە یان ئەدائی خۆیشی، ڕۆڵێکی گرنگی لە کاریگەری خستنەسەر ئەو جەماوەرەیدا هەبوو. 
مەحموود دەروێش لە ژیانی تایبەتییدا کەسێک بوو حەزی لە تەنیایی بوو و تا بۆی بکرایە خۆی لە چوونە ناو قەرەباڵغی و کۆڕ و کۆبوونەوەی زۆر دەپاراست. جاری وا بووە بە چەند هەفتە لە ماڵەکەی نەچووەتە دەرەوە. ئەو عاشقی خوێندنەوە و مۆسیقا بوو. گەرچی ئەو دوو جار چووە ژیانی هاوسەرییەوە، بەڵام مناڵی نەخستەوە. هاوسەری یەکەمی، ڕەنا سەباح قەببانی، برازای نزار قەببانی بوو لە ساڵی ١٩٧٣دا، هاوسەری دووەمیشی، ژنەشاعیری میسری حەیات ئەلهەینی بوو لە ساڵی ١٩٨٤دا. دوای ئەوەی لە هاوسەری دووەمیشی جیابووەوە ئیتر ژنی نەهێنایەوە و خۆیشی دانی بەوەدا ناوە کە بۆ ژیانی هاوسەری بەکەڵک نایەت. هەڵبەتە دەروێش لەساڵی ١٩٩٥ دا و دوای ساڵانێکی زۆر لە شاردنەوەی شوناسی ڕاستەقینەی"ڕیتا"ش ئاشکرای کرد کە کاتی خۆی پەیوەندیی خۆشەویستیی لەگەڵ ئەو کچەدا هەبووە کە لە ئەسڵدا ناوی"تەمار بن عانی" بووە و سەمازانێکی جوولەکە بووە لە باوکێکی پۆڵەندی و دایکێکی ڕووسی و  دوای ئەوەی بۆ سەربازی بانگ دەکرێ و دەچێت بۆ ڕیزەکانی سوپای ئیسرائیلی، ئیتر مەحموود دەروێش لێی جیا دەبێتەوە.  
ئەزموونی ژن و خۆشەویستی ئەزموونێکی قووڵ بووە لە ژیانی مەحموود دەروێشدا و ڕەنگدانەوەیەکی بەهێزیشی هەبووە لە شیعرەکانیدا. هەر لەو شیعرانەوەی کە بۆ "ڕیتا" ی نووسیون تا شیعرەکانی دوایی و ئەم ئەزموونەش وردەوردە زیاتر ڕەگی لە شیعرەکانیدا داکوتاوە. بەڵام لای مەحموود دەروێش، خۆشەویستی و مەرگ دەبنە دووانەیەکی لێک جیانەکراو. گەرچی دواجار مەرگ ڕووبەرێکی گەورە لە زەینی شاعیردا داگیر دەکات و بەتایبەتیش لە قەسیدە درێژەکەیدا"دیواربەند". کاتێکیش لێی دەپرسن کە ئاخۆ لە مەرگ دەترسێت، لە وەڵامدا دەڵێت کە زیاتر لە مەرگی نەمانی توانای بۆ نووسین و چێژبینین لە ژیان دەترسێت. هەربۆیە لە "دیواربەند"یشدا بە مەرگ دەڵێت: 
مردن لە دەرەوەی زەوی چاوەڕێم کە
لە وڵاتەکەی خۆت،تا گفتوگۆیەکی سەرپێیی
 لەگەڵ پاشماوەی ژیانما تەواو ئەکەم
لای خێوەتەکەتەوە چاوەڕێم کە
تا لە خوێندنەوەی"تورفە بن ئەلعەبد"ئەبمەوە
بوونگەراکان تامی تامیم ئەدەن
بۆ بەسەربردنی هەمووو ساتەکان
ئازادی و عەدالەت و بادی خواکان...
کەواتە مردن چاوەڕێم کە تا
کۆتایی بە تەدارەکەکانی جەنازە دێنم 
لە بەهاری ناسکدا.

مەحموود دەروێش لە ساڵی ١٩٨٤دا تووشی جەڵتەیەکی دڵ بوو، بەڵام لێی قوتار بوو. دواتر و لە ١٩٩٨ یشدا دیسانەوە لێی دایەوە، ئەمجارەش لە مردن ڕزگاری بوو، بەڵام بە دڵێکی بێهێزەوە. تا دواجار لە ٩ی ئابی ٢٠٠٨ دا و لە نەخۆشخانەی هیوستن لە تەکساسی ئەمەریکا کەوتەوە ژێر نەشتەرگەریی دڵ و بەرلەوە بە پزیشکەکانی وتبوو گەر ژیانی هاتە سەر ئەوەی بە سۆندە بژی، ئەوا نایەوێ بژی. ئیتر ئەوە بوو هەروەکو خۆیشی لە شیعرێکیدا پێشبینیی کردبوو، لە ڕۆژی شەممەدا بۆ دواجار دڵی لە لێدان کەوت. ئیتر ئەوە بوو لەوێوە تەرمەکەیان بردەوە بۆ فەلەستین، بەڵام لەبەر ئەوەی کاتی خۆی ئەو دێیەی خۆیان"بروە" لەلایەن ئیسرائیلەوە تەخت کرابوو، بۆیە لە "ڕامەڵڵا" و بە ئامادەبوونی حەشاماتێکی زۆر ناشتیان.
ئەوەندەی ئاگادار بم، ئەم کتێبە یەکەم کتێبە کۆمەڵێک شیعری هەڵبژاردەی مەحموود دەروێش لەخۆبگرێت لەپاڵ دوو گفتوگۆدا کە تێیاندا شاعیر باس لە ژیان و ئەزموونی سیاسی و شیعریی خۆی دەکات و تێڕوانینی بۆ کۆمەڵێک مەسەلەی تر دەخاتە ڕوو. هەڵبەتە سەرباری هەموو ئەو ڕا و بۆچوونانەی سەبارەت بە وەرگێڕانی شیعر هەن، کە لە دەرفەتێکی تردا لێی دەدوێم، هێندەی پێم کرابێت هەوڵم داوە فەزای شیعرەکان و وێنەکان بپارێزم و جۆرێک لە شیعرییەتیان پێ ببەخشمەوە. ئومێد دەکەم دەقەکان چێژ و جوانیی خۆیان هەبێت و کەم تا زۆرێک لە چێژ و جوانیی ئەسڵەکانیان نزیک بووبنەوە.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved