12/12/2017 12:12 PM

ڤیكتۆر هۆگۆ

ڤیکتۆر هۆگۆ نوسەری بەناوبانگی ڕۆمانتیکی فەڕەنسا، ناسراوە لە ڕێگەی شعر و ڕۆمانە بەناوبانگەکانی لە ناویشیاندا (بێ نەوایان).
ڤیکتۆر هۆگۆ لە ٢٦ی مانگی ٢ ی ١٨٠٢ لە بیزانسۆنی فەڕەنسا لەدایکبووە، ناوی تەواوی ڤیکتۆر ماری هۆگۆ یە، باوکی ئەفسەرێکی سوپا بووە لە پاشان وەک جەنەڕال لەژێر فەرماندەی ناپۆلیۆن پۆناپارت کاری کردوە، ڤیکتۆر پاش خوێندنی یاسا و پارێزەری ڕوو لە ئەدەب و نوسین دەکات و دەبێت بە یەکێک لە باشترین شاعیر و ڕۆماننوس و شانۆنوس لەسەردەمی خۆیدا لە پاش ئەنجامدانی کارێکی زۆر لە کاتی مانەوەیدا لە پاریس و برۆکسل و دورگەکانی نزیک فەڕەنسا.


مرۆڤە قەمبوورەکەی نۆتەردام (مرۆڤە پشت کوڕەکەی نۆتەردام)
ڤیکتۆر هۆگۆ خوێندکاری یاسا بوو لە ساڵانی ١٨١٥ بۆ ١٨١٨ سەرەڕای ئەوەش هەرگیز وەک پارێزەر و یاساناس پێی خۆش نەبوو کاربکات، دایکی هانیدا تاکو لە ئەدەب دا کار بکات، ڕۆژنامەیەکی دامەزراند بە ناوی Conservateur Litteraire تێیدا شعرەکانی خۆی و کارەکانی هاوڕێکانی تێدا بڵاو دەکردەوە، دایکی لە ساڵی ١٨٢١ دا کۆچی دوای دەکات، هەر لە هەمان ساڵدا هاوسەرگیری لەگەڵ خانم ئادێڵ فوشێر دا دەکات و یەکەمین کتێبی شعری خۆی بڵاو دەکاتەوە بە ناوی (ئودیس وهەڵبەستە جۆراوجۆرەکان). لە ساڵی ١٨٢٣ دا یەکەم ڕۆمانی خۆی بڵاو دەکاتەوە و بە دواشیدا چەندین شانۆنامە.
شێوە نوێیەکەی ڕۆمانتیکی هۆگۆ گەشەیسەند لە دەیەی یەکەمی کارکردنی لە بواری ئەدەبیدا، لە ساڵی ١٨٣١ دا یەکێک لە شاکارەکانی بڵاو دەکاتەوە کە ناوی مرۆڤە قەمبورەکەی نۆتەردامە، کە باس لە سەدەکانی ناوەڕاست دەکات، نوسەر لە ڕۆمانەکەدا ڕەخنە لە کۆمەڵگا دەگرێت لە پای سووک سەیرکردن و بێڕێزیکردن و خۆ دورخستنەوە لە کواسیمۆدی پشت کووڕ کە پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە، ئەمەش ناسراوترین کاری هۆگۆیە کە تاکو ئێستا ناوبانگێکی زۆری هەیە، وە ئەم ڕۆمانە سەرەتایەک بوو بۆ نوسینی سیاسی لەلای هۆگۆ.
بێ نەوایان
نوسەری بەبەرهەم، وەک نوسەرێکی بەناوبانگی دیاری فەڕەنسا ناسرا لە ساڵانی چلەکانی سەدەی نۆزدە لە ساڵی ١٨٤١ دا هەڵبژێردرا بۆ ئەکدیمیای فەڕەنسا و پاڵێورا بۆ ئەنجومەنی بەڕێوبەران، کاری بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی ڕاگرت بەهۆی کارەساتی لەپڕی نوقومبوونی کچەکەی و مێردی کچەکەی لە ساڵی ١٨٤٣، لەو کاتەی هیچ بەرهەمێکی بڵاو نەدەکردەوە خەریکی نوسینی پارچەیەکی ئەدەبی بوو کە لە ئاکامدا بێ نەوایانی لێ کەوتەوە.
 هۆگۆ توشی هەڵهاتن هات لە دوای کودەتاکەی ١٨٥١، ژیانی لە برۆکسل و بەریتانیا بەڕێکرد هەتاوەکو ساڵی ١٨٧٠ کە گەڕایەوە بۆ فەڕەنسا، زۆربەی زۆری ئەو کارانەی کە هۆگۆ بڵاوی کردنەوە لەو ماوەیەدا خۆیان دەبینیەوە لە گاڵتەجاڕیەکی واتابەخش و ڕەخنەی توندی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگا سەرەڕای کارکردنیشی لەسەر بێنەوایان کە لە ساڵی ١٨٦٢ دا بڵاوکرایەوە کتێبەکە سەرکەوتنێکی مەزنی بەدەست هێنا لە تەواوی ئەوروپا و ئەمریکاش، کە لە دوای دا وەک شانۆیەکی موزیکی و فیلم لێکدرایەوە و بێنەوایان بە یەکێک لە باشترین نووسینەکانی سەدەی نۆزدەهەم دادەندرێت.

مردن و میراتەکەی
هەرچەندە هۆگۆ گەڕایەوە بۆ فەڕەنسا لە دوای سالی ١٨٧٠ وەک ئەوەی دیار بوو نیشانەکانی سەرکەوتنی کۆماریەکان دەرکەوتبوون ، ساڵانی دوایی ژیانی زۆری خەمهێنەرانە بوون بۆ هۆگۆ، دوو کوڕی لەدەست دا لە نێوانی ساڵی ١٨٧١- ١٨٧٣ ئەمەش وایکرد کارەکانی تاریکتربوون لە پێشتر، سەرنجی کارەکانی خستبووە سەر (خودا، شەیتان، مردن). لە ساڵی ١٨٧٨ دا هۆگۆ توشی خوێنتێزانی مێشک دەبێت، هۆگۆ و خانمەکەی بەردەوام دەبن لە ژیان کردن تاکو کۆتای ژیانیان لە پاریس، ئەو شەقامەی کە تێیدا دەژین لە یادی ٨٠ هەمین ساڵیادی لەدایکبوونی هۆگۆ دا لە ١٨٨٢ دەکرێت بە ناوی هۆگۆوە، هاوژینی دوای چەند ساڵێک کۆچی دوای دەکات و ڤیکتۆر هۆگۆش لە ٢٢ی مانگی ٥ی ١٨٨٥ دا کۆچی دوای دەکات و ڕۆماننوسە بە ناوبانگەکەی فەڕەنسا مەڕاسیمێکی پاڵەوانانەی بۆ ڕیکدەخرێت.
هۆگۆ وەکو یەکێک لە مەزنەکانی فەڕەنسا دەژمێردرێت لە ئەدەب دا، هەرچەندە خەڵکی فەڕەنسا وەک شاعیرێکی بەتوانا سەیری دەکەن زیاتر، بەڵام لەلای نوسەر و ڕەخنەگرانی وڵاتانی ئینگلیز وەک ڕۆماننوس ناو دەهێندرێت.


سەرچاوە: https://www.biography.com/people/victor-hugo 
وەرگێرانی لە ئینگلیزیەوە: لاس لوقمان



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved