3/1/2018 01:40 PM

شێخ نوری شێخ ساڵح

یادی كەسایەتییەكی گەورەی نەتەوەیی‌و سیاسی‌و روناكبیری گەلەكەمان ئەكەینەوە كە لەنیوەی یەكەمی سەدەی رابردوودا رۆلێكی دیار‌و درەوشاوەی لەبزووتنەوەی سیاسی‌وكاروانی ئەدەبی‌و رۆژنامەگەری‌و رۆشنبیری كوردیدا گێڕاوە. ئه‌ویش شێخ نوری شێخ ساڵحه‌ كه‌ساڵی ١٨٩٦ له‌ سلێمانی له‌دایك بووه‌.
شێخ نوری كەسێكی زانا‌و مونەوەرو نوێخواز‌و فرە بەهرە بووە‌و لە كایەكانی سیاسی‌و روناكبیری‌و ئیداریدا خزمەتی كردووە.ئەو تێكۆشەرێكی دڵسۆزی گەل‌و نیشتمان‌و پشتیوانێكی بەهێزی شێخ مەحموودی نەمرو حكومەتەكەی كوردستانی جنوبی بو‌و.
بەشیعرو وتارە سیاسیەكانی گیانی تێكۆشانی كوردایەتی جۆشداوە‌و هەتا كۆچی دوایی لەبەرەی گەل‌و نیشتمانەكەیدا بووە‌و لەسەر هەڵویستە سیاسی‌و نەتەوەییەكانی چەند جارێك زیندانی كراوە‌و لەوەزیفە دوور خراوەتەوە‌و تەنانەت فەسڵیش كراوە. 
هەموو ئەوانە كۆڵیان پێنەداوە‌و لە كۆڕی خەبات‌وتێكۆشان بەردەوام بووە.كایەی ئەدەب‌و روناكبیری كایەی سەرەكی كاركردنی شێخ نوری بوون.
لەبواری شیعردا خزمەتێكی گەورەی كردووە‌و مەشخەڵی شۆڕشێكی نوێی كەلتووری داگیرساندووە‌و بەپێشەنگ‌و رچەشكێنی شیعری نوێی كوردی دائەنرێت‌و گۆرانی شاعیر بەسەرۆك‌و سەرقافڵەی كاروانی شیعری نوێی كوردی وەسفی كردووە.شیعرەكانی خزمەتێكی گەورەیان بەبژاركردن‌و پاراو كردن‌و گەشەپێدانی زمانی كوردی كردووە.
بێ‌ لەشیعر، شێخ نوری وتاری سیاسی‌و سروودی نیشتمانی‌و چیرۆكە شیعرو ئۆپەریت‌و شانۆگەری نوسیوە‌و كاری وەرگێڕانیشی لەزمانەكانی فارسی‌و عەرەبی‌و توركییەوە كردووە.
شێخ نوری لەبواری رۆژنامەگەریشدا خزمەتی كردووە‌و بەیەكێك لەشاسوار‌و پێشەنگەكانی ئەو بوارە دائەنرێت‌و لەگەڵ عەلی كەمال باپیر ئاغای شاعیر پێكەوە موحەڕیری بەشی كوردی رۆژنامەی بانگی كوردستان بوون كەرۆژنامەكە بەزمانەكانی توركی‌و كوردی لەسلێمانی دەرچووە‌و مستەفا پاشا یاموڵكی سەرنوسەری بووە.
هەروەها خاوەن ئیمتیاز‌و سەرنوسەری رۆژنامەی رۆژی كوردستانی زمانحاڵی حكومەتەكەی شێخ مەحمودی نەمر بووە.
بێ‌ لەو دوو رۆژنامەیە شێخ نوری بەرهەمەكانی لەرۆژنامە‌و گۆڤارەكانی سەردەمی خۆی وەك (ئومێدی ئیستیقلال،ژیانەوە، ژیان، ژین،پێشكەوتن، پەیژە، گەلاوێژ، زاری كرمانجی، زبان) بڵاو كردۆتەوە.
بەهرەیەكی دیكەی شێخ نوری پیاوێكی هونەرپەروەر‌و خاوەنی دەنگێكی خۆش‌و بەسۆز‌و ئەفسوناوی بووە.
شێخ نوری لەبواری ئیداریشدا وەك فەرمانبەر‌و سەرۆكی شارەوانی سلێمانی‌و بەڕێوەبەری ناحیە لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان خزمەتی كردووە‌و كەسێكی پاك‌و دڵسۆزو خزمەتگوزار بووە.
ئەوانە ئەوە نیشان ئەدەن كە شێخ نوری كەسایەتییەكی بەتوانا‌و لێوەشاوە‌و فرە بەهرە بووە‌و لەچەند بوار‌و كایەیەكدا خزمەتی كردووە.
له‌ ٢٠ی كانونی یه‌كه‌می ١٩٥٨ كۆچی دوایی كردو چووه‌ ریزی نه‌مرانه‌وه‌،لەم یادەدا درودی رێز‌و وەفاو ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی شێخ نوری شێخ ساڵحی روناكبیرو نیشتمانپه‌روه‌ر.

خە لیل عە بدولڵا



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved