12/2/2018 03:09 PM

بەختیار زێوەر


بەختیار زێوەر شاعیرێكی دیاری كوردستانە‌و لەچەند رشتەیەكی ئەدەبی وەك شیعرو چیرۆك‌و وەرگێڕان خزمەتی كردووە. بەڵام زیاتر وەك شاعیر ناسراوە‌و پشكی شێری بەرهەمەكانی شیعرن‌و خاوەنی دیوانی خۆیەتی.
فایەق كوڕی عەبدوڵڵا زێوەری شاعیرە‌و بەبەختیار زێوەر ناسراوە.لەساڵی 1908 لەشاری سلێمانی لەدایك بووە.سەرەتا چۆتە حوجرە‌و وانە ئاینییەكانی خوێندووە. دواتر چۆتە قوتابخانەی ئاسایی و قۆناغی سەرەتایی تەواو كردووە‌و پاشان لەقوتابخانەی شەو قۆناغی ناوەندی خوێندووە.
بەختیار زێوەر خولێكی برینپێچی بەیتاڵی لەبەغدا دیوە‌و بەهۆی ئەوەوە وەك فەرمانبەر دامەزراوە‌و لەناوچە جیاجیاكانی كوردستان خزمەتی كردووە.
بەختیار زێوەر، بەهۆی ئەوەی كوڕی زێوەری شاعیر بووە‌و لەخانەوادەیەكی رووناكبیریدا پەروەردە بووە، هەر زوو لە سەرەتای ژیانی لاوییەوە خولیای دنیای ئەدەب بووە‌و لەتەمەنی حەڤدە ساڵییەوە، دەستی بەهۆنینەوەی شیعر كردووە‌و خاوەنی چەندین شیعری بەرز‌و جوانە‌و چەندین سروودی نیشتمانیشی هەیە.هەموو ئەوانە لەدوو توێی دیوانەكەیدا چاپكراون كە مەحمود زێوەر كۆی كردۆتەوە‌و د.عیزەدین مستەفا رەسوڵ پێشەكی بۆ نووسیوە‌و ساڵی 1989 لەچاپخانەی زەمانی بەغدا چاپكراوە.ساڵی 2003 یش لەلایەن دەزگای ئاراسەوە جارێكی تر دیوانەکەی چاپ كراوەتەوە.
بێ‌ لەشیعر، بەختیار زێوەر بایەخیشی بەنووسینی چیرۆك داوە‌و ساڵی 1945 چیرۆكی( شەوێك لەسەر لوتكەی ئەڤەرەست)ی نووسیوە‌و هەمان ساڵ بەپێنج بەش لەگۆڤاری دەنگی گێتیی تازەدا بڵاوی كردۆتەوە.
هەروەها بایەخیشی بەوەرگێڕان داوە‌و لەگەڵ بێكەسی شاعیردا پێكەوە وتارێكی جەمالەدینی ئەفغانیان بەناوونیشانی (شەرەف) بۆسەر زمانی کوردی وەرگێڕاوە‌و لەگۆڤاری گەلاوێژدا بڵاویان كردۆتەوە.
بەختیار زێوەر كەسایەتییەكی گەورەی كەلتوورییە‌و خزمەتێكی زۆری پێشكەش بەگەلەكەی كردووە، بەڵام زۆر بایەخی پێنەدراوە‌و وەك پێویست تیشك نەخراوەتە سەر ژیان‌و بەرهەمەكانی.
تەنها د.عیزەدین مستەفا رەسوڵ‌و كاكەی فەلاح لەسەریان نووسیوە.ئەم شاعیرو روناكبیرەی كوردستان لە31ی كانونی یەكەمی 1952 بەهۆی نەخۆشییەوە لەتەمەنی 44 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد‌و چووە ریزی سەروەرانی نیشتمانەوە‌و لەگۆڕستانی گردی جۆگەی سلێمانی بەتەنیشت گۆڕی باوكییەوە نێژراوە. بەھۆی تێکدانی گۆڕستانی گردی جۆگە لە ساڵی ٢٠٠٨دا تەرمی پیرۆزی خۆی و باوکی لە گۆڕستانی ئابڵاخ بەخاک سپێردرانەوە. دروودی رێز‌و وەفاو ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزیان.
خەلیل عەبدولڵا 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved