15/3/2018 02:11 PM

حه‌مه‌ی‌ مه‌لا كه‌ریم

 

كاكه‌ حه‌مه‌ی‌ هه‌رمێ گوڵاوی‌ ساڵێكه‌ ماڵئاوایی له‌ قه‌ڵه‌م كردووه‌

د.ئاراس محەمەد ساڵح

ساڵێك به‌سه‌ر كۆچی‌ دوایی كاكه‌ حه‌مه‌ی‌ مه‌لا كه‌ریمدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، ئه‌و مرۆڤه‌ گه‌وره‌یه‌ی‌ هه‌موو كات خه‌می‌ شیعر و خه‌می‌ ئه‌ده‌ب و ڕێنووسی كوردی‌ بوو، ئه‌و بۆ ته‌نها ساتێك پشووی‌ نه‌دا، نه‌یده‌زانی‌ پشوو چیه‌ هێنده‌ سه‌ری قاڵ بوو مه‌رگی‌ له‌ بیركردبوو، به‌ڵام مه‌خابن مه‌رگ ئه‌وی‌ له‌یاد نه‌كردبوو، مرۆڤێك دنیایه‌ك پرۆژه‌ی‌ جوانی‌ هه‌بوو، كاتێك نه‌خۆشی‌ جه‌سته‌ی‌ بێهێزكرد كۆڵی‌ نه‌داو سه‌رقاڵی‌ ساغكردنه‌وه‌و لێكدانه‌وه‌ی‌ دیوانی‌ سالم بوو، له‌گه‌ڵ سالمدا سه‌رقاڵی‌ نووسینی‌ نامه‌یه‌كی‌ تر بۆ نالی‌، له‌ سلێمانیه‌وه‌ نامه‌یه‌كی‌ نوێیان بۆ نالی‌ ده‌نووسی و پرسیاری‌ مه‌ولانا خالیدیان لێ ده‌كرد ئایا له‌شام ماوه‌ یان بۆ وڵاتێكی‌ تر كۆچی‌ كردووه‌؟.
هه‌ورامان كوڕی‌ شاخه‌و
سیاچه‌مانه‌ كچی‌ باخه‌و
له‌م دوانه‌یه‌ش نه‌وه‌ی‌ شیعر‌و په‌خشان كه‌وتنه‌وه‌و
له‌ دارگوێزێكی‌ نورانیش (مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی‌ موده‌ڕیس)كه‌وته‌وه‌و
له‌ویش كۆمه‌ڵێ دره‌ختی‌ ڕوناكبیر
كه‌ یه‌كێكیان كاكه‌ حه‌مه‌ی‌ مه‌لا كه‌ریمی‌ هه‌رمێ گوڵاوی‌ بوو!.
كاكه‌ حه‌مه‌ی‌ مه‌لا كه‌ریم له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی‌ زانست‌و ئه‌ده‌ب په‌روه‌ردا چاوی كردووه‌ته‌وه‌، له‌ شارۆچكه‌ جوانه‌كه‌ی‌ (بیاره‌)دا، هێشتا قاز‌و مراویه‌كانی‌ سه‌ر جۆگه‌ی‌ ئاشه‌كه‌ی‌ (گۆران) چاویان نه‌كردبوه‌وه‌، ئه‌و چاوی‌ به‌ شیعری‌ مه‌وله‌وی‌ و سۆزی‌ گه‌رمی‌ گه‌رمی‌ عاریفان ده‌م‌وچاوه‌ نورانیه‌كه‌ی‌ مامۆستا (نامی‌) باوكی‌ كردووه‌.
كاكه‌ حه‌مه‌ كوڕی‌ (ئه‌ده‌ب)‌و كوڕی‌ (شیعر)و كوڕی‌ دارگوێزێكی‌ نورانی‌ بوو، خێزانێك هه‌موویان دۆستی‌ شیعر‌و هۆگری‌ ئه‌ده‌ب و خاوه‌نی‌ ئه‌ده‌ب بوون، كۆمه‌ڵێك شاگردی‌ دڵسۆز به‌ ده‌وری‌ چرایه‌كی‌ گه‌وره‌وه‌، هه‌موویان هه‌ر له‌ خه‌می‌ شیعر و ساغكردنه‌وه‌ی‌ دیوانی‌ شاعیراندا بوون، هه‌مووان هه‌ڵگری‌ خه‌م‌و ماڵێكی‌ خه‌مخۆر، به‌ڵام ته‌نها خه‌می‌ ئه‌ده‌بی میلله‌ته‌كه‌یان، ماندووبوون لای‌ ئه‌وان نه‌بوو، چاوه‌ڕێی‌ ستایش و پاداشتی‌ كه‌سیش نه‌بوون، زۆریان كردو زۆریان نووسی، به‌ڵام هه‌ر كۆتایی نه‌هات، نه‌خشه‌ی‌ گه‌وره‌و خه‌می‌ زۆر، به‌ڵام مه‌خابن ده‌ستی‌ كورت و ماڵی‌ ساده‌و ته‌مه‌نی‌ كه‌م، له‌وه‌ زیاتر مه‌ودای‌ نه‌دان چه‌ندین خه‌رمانی‌ تر له‌ خه‌له‌‌وخه‌رمانی‌ شاعیران شه‌نوكه‌و بكه‌ن‌و له‌ فه‌وتان ڕزگاری‌ بكه‌ن.
بنه‌ماڵه‌یه‌ك له‌ مۆم
كاتێك مۆم ئه‌بێ به‌ قه‌ڵه‌م‌و
قه‌ڵه‌میش له‌ناو مۆمدانی‌
خۆشه‌ویستی‌ زمانی‌ كوردیدا ئه‌توێته‌وه‌
ته‌مه‌نێك له‌ ئاره‌قه‌ی‌ شین‌و مۆری‌
زه‌نگۆڵ زه‌نگۆڵ
وه‌ختێ ئاره‌قه‌ ئه‌بێ به‌ وشه‌‌و
وشه‌یش ئه‌بێ به‌ دڵۆپه‌ی‌ نێوان
بیر‌و په‌نجه‌‌و به‌سه‌ر ته‌وێڵی‌
په‌ڕه‌ كاغه‌زدا ئه‌تكێته‌وه‌..
ماڵێك ڕوناك به‌ مۆم، هه‌موویان بۆ خه‌ڵك ده‌سوتان، تیشكیان ده‌یدا له‌ لاپه‌ڕه‌ په‌رتوكاوه‌كانی‌ كه‌شكۆڵه‌ لاپه‌ڕه‌ زه‌رده‌كانی‌ دیوانی‌ مه‌وله‌وی‌، شه‌وتابه‌یانی‌ به‌ ده‌م ژانی‌ ساغكردنه‌وه‌ی‌ دێڕه‌ قرتاوه‌كانی‌ لاپه‌ڕه‌ پورتوكانه‌وه‌ ڕۆژیان ده‌كرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ سه‌بای‌ ساڵحانا ده‌چوونه‌ خزمه‌تی‌ میحرابه‌كه‌ی‌ موده‌ڕیس و پێكه‌وه‌ سه‌ریان به‌سه‌ر دێڕه‌كانی‌ مه‌وله‌ویدا داده‌ژه‌ندو مرواری‌ ده‌ریا بێ بنه‌كه‌ی‌ مه‌وله‌ویان گوڵه‌وه‌چنی‌ ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر ته‌واو نه‌بوو، باسی عیرفان و باسی عه‌شقی‌ عه‌نبه‌رخاتوون له‌ف‌وده‌وه‌رانی‌ زمان‌و ڕه‌وانبێژی‌ هه‌ر كۆتایی نه‌هات.
له‌ هه‌ورامانه‌وه‌ بۆ لای‌ شاره‌زور‌و
خه‌رمانی‌ شیعری‌ نالی‌‌و له‌وێشه‌وه‌ بۆ لای‌
سلێمانی‌‌و ئه‌وینی‌ شاخی‌ گۆیژه‌و شیعری‌
تازه‌ی‌ گۆران‌و له‌وێشه‌وه‌ بۆ لای‌ دیجله‌ی‌
جه‌واهیری‌‌و ماسیه‌كانی‌ ناو خه‌ونی‌ شینی‌
ئه‌وێ!.
كاكه‌ حه‌مه‌ بووبوه‌ هه‌نگ‌و له‌هه‌موو كوردستاندا گوڵاوگوڵی‌ ده‌كرد، ئه‌و بووه‌ باخه‌وانی‌ گوڵزاری‌ شاعیرانی‌ كورد‌و خه‌می‌ هه‌موانی‌ له‌كۆڵگرتبوو، سه‌ردانی‌ (خاكوخۆڵ)ی‌ نالی‌ ده‌كات، هه‌موو تاق و میحراب‌و سنوقچه‌یه‌ك بۆ شیعری‌ ئه‌و ده‌گه‌ڕێت، ئه‌و به‌دوای‌ شیعری‌ نالی‌ و ساغكردنه‌وه‌ی‌ دیوانی‌ نالیدا زه‌نگۆڵ زه‌نگۆڵ ئاره‌قه‌ی‌ ڕشت، زۆر هه‌وڵیدا مێژووی‌ مه‌رگی‌ نالی‌ ساغ بكاته‌وه‌، به‌ڵام مه‌رگ مۆڵه‌تی‌ نه‌دا، ئه‌م مامۆستا خه‌مخۆره‌ هه‌ر زوو وتی‌ نالی‌ له‌و مێژووه‌ گه‌وره‌تره‌ بۆی‌ دانراوه‌، وا ئێستا به‌ڵگه‌كان ده‌ركه‌وتن و بوونه‌ پشتگیری‌ بۆچوونه‌كانی‌ تۆ كاكه‌ حه‌مه‌ی‌ هه‌رمێ گوڵاوی‌.
حه‌مه‌ی‌ مه‌لا كه‌ریم
پیاوێ له‌ دار هه‌رمێی‌ وشه‌
ماندوویه‌ك له‌ ناو توناوتوونی‌ كتێبدا
باڵنده‌یه‌ك كه‌ هێلانه‌كه‌ی‌
وا له‌ ناو چاپخانه‌دا‌و
فڕینی‌ وا له‌ ئاسمانی‌ هه‌ر هه‌موو كوردا‌و
دان‌و ئاوی‌
حه‌رف‌و مه‌ره‌كه‌ب‌و
شوێنی‌ چینه‌كردنیش
ناو دڵی‌ هه‌موومان!.
كاكه‌ حه‌مه‌ هه‌ر خه‌می‌ ساغكردنه‌وه‌ی‌ دیوانی‌ شاعیرانی‌ نه‌بوو، ئه‌و به‌ ڕێگای‌ چاپخانه‌و ڕه‌قابه‌ی‌ حكومه‌ته‌وه‌ بوو، خه‌می‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌بوو هه‌ڵه‌ی‌ چاپ‌و پیاوانی‌ ڕه‌قابه‌ كاره‌كه‌ی‌ له‌كه‌دار نه‌كه‌ن، هه‌ركاتێك هه‌ڵه‌یه‌كی‌ چاپی ده‌بینی‌ له‌ ناخه‌وه‌ ئازاری‌ پێده‌گه‌یشت، شه‌وی‌ ده‌دا ده‌م ڕۆژ‌و هه‌ڵه‌چنی‌ ده‌كرد، حه‌رف و دێڕو لاپه‌ڕه‌ی‌ ته‌ته‌ڵه‌ ده‌كرد، خه‌مخۆرێك بوو هه‌موو وشه‌كانی‌ زمانی‌ كوردی‌ قه‌رزاری‌ خۆی‌ كردووه‌.
حه‌مه‌ی‌ مه‌لا كه‌ریم
ئه‌و ناوه‌ی‌ نیو سه‌ده‌ زیاتره‌
له‌ زاری‌ زمانی‌ كوردیدا نوقڵه‌
له‌سه‌ر ته‌خته‌ی‌ نووسین‌و
پۆله‌كانی‌ فێركردندا ته‌باشیره‌‌و
له‌ كوژانه‌وه‌ی‌ دێڕه‌كاندا‌و
بۆ نووسینه‌وه‌ی‌ ڕسته‌یه‌كی‌ جوانتر
ته‌خته‌سڕه‌
ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ نیو سه‌ده‌ زیاتره‌
(بیاره‌)ی‌ به‌فره‌!
كاكه‌ حه‌مه‌ عه‌وداڵێكی‌ وشه‌ی‌ كوردی‌ ڕه‌سه‌ن و ڕێنوسی ڕاست و زمانی‌ پاراو بوو، سه‌لیقه‌ی‌ زمانه‌وانی‌ هێنده‌ جوان بوو، ئه‌توت ئه‌مه‌ قوڕه‌ سوره‌ی‌ زمانی‌ كوردیه‌، وشه‌كانی‌ هێنده‌ ڕه‌سه‌ن و تۆكمه‌ بوون بۆنی‌ به‌هار‌و هه‌موو شیو دۆڵ و نشێو‌و هه‌ورازێكی‌ كوردستانیان لێ ده‌هات، هه‌ركه‌س ڕه‌شنوسێكی‌ خۆی‌ بدایه‌تێ‌ ئه‌و وازی‌ له‌ كاری‌ خۆی‌ ده‌هێنا‌و كاری‌ شه‌و‌و ڕۆژی‌ بۆ ته‌رخان ده‌كردو به‌ناو وشه‌و دێڕه‌كانیدا ده‌كه‌وته‌ كنه‌كردن، هێنده‌ جوان ڕاستی ده‌كرده‌وه‌و مشتوماڵی‌ ده‌كرد نوسه‌ره‌كه‌ی‌ باوه‌ڕی‌ نه‌ده‌كرد ئه‌وه‌ ڕه‌شنوسه‌كه‌ی‌ ئه‌وبێت، كاكه‌ خۆنه‌ویست‌و خه‌ڵك ویست بوو، ده‌ستی‌ به‌ڕووی‌ به‌كه‌سه‌وه‌ نه‌ده‌نا‌و ماندوونه‌ناسانه‌ كاره‌كه‌ی‌ بۆ ده‌كردن.
حه‌مه‌ی‌ مه‌لا كه‌ریم
شه‌ونخوونیه‌ك.. له‌ ڕه‌نجدا
ڕێ كردنه‌وه‌یه‌.. له‌ شاخی‌ ئاسنیندا
هه‌ڵكه‌ندنه‌.. له‌ناو مێژوویه‌كی‌ سه‌ختا
توانه‌وه‌یه‌.. له‌گه‌ڵ شه‌مدا
گه‌ڕانه‌.. به‌ شوێن نادیاردا
هه‌ڵگه‌ڕانه‌.. به‌ مه‌حاڵدا
ساغكردنه‌وه‌ی‌.. ئه‌و وشانه‌یه‌
كه‌ جێی‌ ساغیان تیا نه‌ماوه‌
پێداچوونه‌وه‌ی‌.. ئه‌و خه‌یاڵانه‌یه‌
كه‌ به‌هه‌زار باڵ ئه‌فڕن.
نووسینه‌وه‌ی‌ ئه‌و چیاو پێده‌شتانه‌یه‌
كه‌ قه‌ڵه‌م زۆرجار له‌ هه‌ڵدێریانه‌وه‌
ئه‌كه‌وێته‌ خواره‌وه‌‌و
له‌ گێژه‌لووكه‌یاندا ون ئه‌بێ!.
كاكه‌ حه‌مه‌‌و باوكی‌ و كاكه‌ فاتیحی‌ برای‌ ساڵانێكی‌ زۆر سه‌ریان كرد به‌یه‌كداو ده‌یان ده‌ستنووسی پورتكاو‌و هه‌رزاڵ هه‌رزاڵ بوویان دایه‌وه‌ ده‌میه‌ك و وشكه‌كانیان پینه‌كرد، هه‌تا بتوانن شیعری‌ شاعیرانی‌ كورد ساغ بكه‌نه‌وه‌و له‌ پورتوكان و له‌ناوچوون ڕزگاریان بكه‌ن، ئه‌وان زۆریان كرد‌و به‌ڵام هه‌ر زۆریان مابوو، ئه‌وان به‌گژ مه‌حاڵدا ئه‌چونه‌وه‌و له‌ نه‌بوو بونیان دروست ده‌كرد، له‌ ناو دێڕی‌ شاعیرانی‌ كلاسیكدا بینای‌ زمانی‌ كوردی‌ و مێژووی‌ كورد ڕه‌وانبێژی‌ زمانی‌ كوردیان ده‌رهێنا، ئه‌وان ده‌یان و سه‌دان وێنه‌ی‌ شیعری‌ جوانیان له‌ باخی‌ شاعیراندا گوڵه‌وه‌چنی‌ كرد.
ئێمه‌ ئه‌مڕۆ بۆیه‌ له‌ سایه‌ی‌
ئه‌م خۆشه‌ویستیه‌دا دانیشتووین
بۆ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵاتی‌ به‌فر‌و چنووری‌
كاوانه‌كانی‌ هه‌رامانت بده‌ینێ
خه‌ڵاتی‌ به‌رده‌ مۆری‌ شیعری‌ (خانای‌ قوبادی‌)
خه‌ڵاتی‌ (ته‌لانه‌كان) خه‌ڵاتی‌ (دار به‌ڕوه‌كان)
خه‌ڵاتی‌ (هانه‌گه‌رمه‌ڵه‌) خه‌ڵاتی‌ (خاك و خۆڵ)
خه‌ڵاتی‌ په‌پوله‌كانی‌ (مه‌وله‌وی‌)
خه‌ڵاتی‌ هه‌ناسه‌ غه‌ریبه‌كانی‌ (نالی‌)
خه‌ڵاتی‌ ئیشراقه‌كانی‌ خه‌ڵوه‌تی‌ (مه‌حویی)
خه‌ڵاتی‌ مه‌شخه‌ڵی‌ سینه‌ی‌ (حاجی‌ قادری‌ كۆیی)
كاكه‌ حه‌مه‌ له‌ هه‌ورامانه‌وه‌ له‌ سێبه‌ری‌ داربه‌ڕویه‌كی‌ پیره‌ ساڵه‌وه‌، له‌ ناو توناوتونی‌ شیعره‌كانی‌ مه‌وله‌ویه‌وه‌ ده‌ستی‌ پێكرد، ئه‌و به‌دوای‌ (نامی)دا گوڵه‌وه‌چنی‌ كرد، به‌رده‌وام بوون هه‌تا خه‌رمانی‌ شیعری‌ مه‌وله‌ویان گه‌یانده‌ گوێی‌ هه‌موومان، له‌وێوه‌ بۆ دیاری‌ پیرۆزی‌ خاكوخۆڵ، مه‌ڵبه‌ندی‌ شیعرو عه‌شقی‌ حه‌بیبه‌ی‌ نالی‌، چه‌ندین جار له‌ نێوان شاره‌زور‌و سلێمانی‌ و شامدا هاتوچۆی‌ كرد، به‌گژ ماندووبوندا چووه‌وه‌، هه‌تا نالی‌ له‌ شامه‌وه‌ هێنایه‌وه‌ شاره‌زور له‌وێشه‌وه‌ له‌ قه‌ره‌داغدا زه‌ماوه‌ندی‌ نالی‌ و حه‌بیبه‌ی‌ گه‌رمكرد.
ساڵانێكی‌ زۆر له‌ خه‌ڵوه‌تی‌ (مه‌حوی)دا چله‌ی‌ كێشا، نامی‌ سه‌رخه‌تمه‌ بوو، له‌گه‌ڵ سۆزی‌ عیرفانێكی‌ ئه‌به‌دی‌ هه‌تا سنوری‌ فه‌ناو خۆ له‌بیركردن، له‌پاش سۆزێكی‌ گه‌رمی‌ عاریفانه‌ مژده‌ی‌ ساغكردنه‌وه‌ی‌ دێڕه‌كانی‌ (مه‌حوی) گه‌یانده‌ هه‌موان، له‌ناو خه‌ڵوه‌تی‌ عیرفانه‌وه‌ بۆ خه‌ڵوه‌تی‌ كوردایه‌تی‌، بۆ كۆی‌ شاری‌ كۆیه‌و شاره‌كه‌ی‌ حاجی‌ قادر، له‌گه‌ڵ سه‌دان هه‌نگاوی‌ بێ ماندوو بووندا له‌و ڕێگایه‌دا بۆ ساغكردنه‌وه‌و لێكدانه‌وه‌ی‌ غه‌مه‌كانی‌ حاجی‌، خه‌می‌ نیشتمان و خه‌می‌ نه‌ته‌وه‌و خه‌می‌ هه‌مووان، ئه‌و هه‌ر ماندوو نه‌بوو، به‌گژ نه‌خۆشی‌ و بێ هێزیدا چووه‌و جه‌سته‌ی‌ شه‌كه‌تی‌ له‌بیر كردبوو، له‌ میحرابی شیعری‌ (سالم)دا، سێ پایه‌كی‌ شیعری‌ میرایه‌تی‌ بابانی‌ به‌ پایان گه‌یاند..
كاكه‌ حه‌مه‌
ئێمه‌ ئه‌مڕۆ بۆیه‌ تۆمان هێناوه‌ بۆ ئێره‌
بۆ ئه‌وه‌ی‌ سڵاوی‌ ئه‌و شیعرانه‌ت پێبگه‌یه‌نین
كه‌ له‌ناو تونی‌ باباكاندا ڕزگارت كردن‌و
بردتنه‌وه‌ بۆ ماڵێ‌و سه‌ر له‌ نوێ كه‌وتنه‌وه‌
ڕۆیشتن‌و چوونه‌وه‌ ناو دڵی‌ خه‌ڵكی‌
سڵاوی‌ ئه‌و حیكایه‌ت‌و په‌یڤ‌و
كتێبه‌ پیرۆزانه‌ی‌ كه‌ بووبوون به‌ ژێر هه‌ره‌سی
به‌فری‌ مێژووه‌وه‌‌و تۆ ده‌رتهێنانه‌وه‌‌و
به‌ ئاگری‌ ڕۆحی‌ خۆت گه‌رمت كردنه‌وه‌و
سه‌ر له‌نوێ چوونه‌وه‌ ناو یاده‌وه‌ری‌ خه‌ڵكیی…




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved