8/9/2018 02:39 PM

ئازاد هەورامی


ئازاد هەورامی: سەركردەیەکی خاکی و روناکبیرو هونەرپەروەر
خە لیل عە بدولڵا

ئازاد هەورامی سەركردەیەكی سیاسی دیارو ناسراوی كوردستان‌و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و کەسایەتییەکی روناكبیر‌و هونەرپەروەر بوو.
من یەكجار بەدیداری ئەو سەركردە مەزنە گەیشتم ، ساڵی 1987 كەپێشمەرگە بووم لە بارەگای رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان لەبەرگەڵو، بەرێكەوت لەرێی هاوڕێی پێشمەرگەم رزگار مەحمود لەبەرگەڵو ئەو سەركردەیەم ناسی‌و دیدارێكی كورت‌و راگوزاری روویدا، بەڵام ئەوەی لەودیدارە كورتەدا سەرنجی راكێشام‌و لام مایەوە سادەیی‌و خاكەڕایی ئەو سەركردەیە بوو.ئەوە یەكەم بینین‌و دوا دیدار بوو.
ئازاد هەورامی سەركردەیەكی دیاری كوردستان بوو، ئەو پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەكانی شۆڕشی نوێ‌‌و ئەندامی كۆمیتەی هەرێمەكان‌و ئەندامی سەركردایەتیی و مەکتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو سەرباری ئەركە زۆرەكانی لەخەباتی سەختی شاخدا، لایەنی هونەری فەرامۆش نەكردبوو، لەو هەلومەرجە دژوارەشدا دوانەی تفەنگ‌و گیتارەكەی بە کۆڵەوە بوو، هونەریشی وەك چەك‌و پێداویستییەكی فیكریی تێكۆشان سەیر ئەكرد‌و سروودە شۆڕشگێرییەكانی گەواهی ئەو راستیەن‌و لەدوا هەناسە‌و ساتەكانی شەهید بوونیدا وەك هاوڕێكانی باسی ئەكەن بەوپەڕی ورەی شۆڕشگێڕانەوە سروودی رێی خەباتمانی وتۆتەوەو خەمی ئەوەی بووە ئیدی نەتوانێ گیتار بژەنێ!.
ئازاد عەبدولمەجید عەبدولغەفار ناوی تەواوی ئەم سەركردەیەیە‌و بەئازاد هەورامی ناسراوە.
ساڵی 1954 لەگەڕەكی ئیمام قاسمی شاری كەركوك لەدایك بووە‌و بەرەچەڵەك خەڵكی ناوچەی تەوێڵەی هەورامانن‌و هەر بۆیەش نازناوی هەورامی هەڵگرتووە.
تاپۆلی شەشەمی ئامادەیی لەشاری كەركوك خوێندووە‌و بەهۆی هەڵسوڕانی سیاسییەوە نەیتوانیوە درێژە بەخوێندن بدات.
سەرەتای ساڵی 1970 پەیوەندی بەیەكێتیی قوتابیانی كوردستانەوە كردووە‌و وەك پێشمەرگە بەشداری شۆڕشی ئەیلولی كردووە.
ئازاد هەورامی خاوەنی بیروباوەڕی چەپ بووە، هەر بۆیەش لەساڵی 1973ەوە پەیوەندی بەكۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە كردو هەوڵ‌و خەباتێكی بێ‌ وچانی دا بۆ بڵاو كردنەوە‌و بەرجەستەكردنی بیرو باوەڕی رێكخراوەكەی.
ساڵی 1976 لەشۆڕشی نوێدا بووە بەپێشمەرگە‌و لەناوچەی چەمی رێزان مەفرەزەیەكی سەرەتایی دروست كردووە‌و درێژەی بەتێكۆشانی سیاسی‌و پێشمەرگانە دا.
چەندین بەرپرسیارێتی باڵای لەكۆمەڵەو یەكێتیدا هەبووە‌و لەساڵی 1978 بە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دیاری كراوە.
بەرپرسی چەندین ئۆرگانی كۆمەڵەو یەكێتی بووە لەوانە بەرپرسی (لقی دووی كەركوكی یەكێتی، دەزگای رۆشنبیری كۆمەڵە، مەڵبەندی بادینانی یەكێتی).
بەداخەوە ئەم سەركردە مەزن‌و دیارەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەدوا قۆناغەكانی ئەنفال‌و لە رۆژی 30ی ئابی1988 لە گوندی كونەكۆتری دۆڵی باڵەیان بەهۆی بۆردومانی فڕۆكەكانی رژێمی بەعسەوە بەسەختی بریندار بوو، بەیانیی رۆژی دواتر لە كاتی گواستنەوەی لە شێخ ئایشەوە بۆ ئاڵوەتان بەهۆی سەختی برینەكەیەوە شەهید بوو ‌و چووە ریزی نەمرانی نیشتمانەوە.
درود بۆ رۆحی پاك‌و بێگەردی شەهید ئازاد هەورامی سەركردەی خاكی‌و خۆشەویست‌و روناکبیرو هونەرپەروەر.
سەرچاوە: ئینسکلۆپیدیای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان -٢٠١٦



created by Avesta Group and powered by Microsoft Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved