31/10/2018 03:47 PM

ئەحمەد زەكی

 

سەرچاوە / مجلە هی 
ماڵپەڕی ویكیبیدیا 
وەرگێڕان و ئامادەكردنی : شەهلا ئەنوەر


 
بە یەكێك لە هونەرمەدە ناسراوەكانی میسر دادەنرێت و توانیویەتی ئەو ڕۆڵانەی بینویەتی زۆر بە ڕاستگۆی پیشانی بدات و نازناوی پڵنگە ئەسمرەكەی سینەمای لێنرابوو.
كامێرا هاوڕێی تایبەتی خۆی هەیە كە زۆر بە وردی هەڵیان ئەبژێرێ ، هەرچەند ئەكتەر بەهرەمەند بێت ونواندنی باش بێت ناتوانێ ببێتە هاوڕێی ڕاستەقینەی كامێرا هەتا سیفەتێكی تایبەتی تێدا نەبێت كە بە  ئاسانی ڕوون نەكرێتەوە، ئەحمەد زەكی باشترین هاوڕێی كامێرا بوو.

ئەكتەری  میسری ئەحمەد زەكی لە شاری زەقاقیق لە ۱۸ ی نۆڤەمبەری ساڵی ۱۹٤۹ لە دایك بووە، ئەحمەد زۆر زیرەك بووە  لە خوێندندا و بڕوانامەی بەكالۆرێۆسی لە پەیمانگای هونەری شانۆ لە بەشی نواندن و دەرهێنەری  لە ساڵی ۱۹۷۳ بە پلەی باڵا  بە دەست هێناوە.
ئەم هونەرمەندە كۆچكردووە دوای تێپەڕ بوونی چەندین ساڵ لە مردنی بەڵام وەك ئەوەیە  بۆ ساتێك دوور نەبووبێت كە ژیانێكی پڕ لە كاری هونەری و سینەمایی پێشكەش كردین و لە یادەوەری گەورە و بچوك و ئەوانەی پێش خۆی و دوای خۆیدا ناسڕێتەوە و هێمایەكی جیاواز و دەگمەنی سینەمایە كە دووبارە بونەوەی نیە.
 
كاتێك خوێندكار بوو لە چالاكی خوێندنگە بەشداری دەكرد و رۆڵی ئەبینی، توانی سەركەوتوو بێت لەیەكەم كاری نواندنی لە شانۆیی ( هاللو شلبی )، هەروەها شانۆیی ( القاهره فی الف عام ) كە هەردووكیان لە ساڵی ۱۹٦۹ دا بوو.
 دواتر بەردەوام بوو لە كاری نواندن و سەركەوتنی گەورەی بەدەست هێنا لە شانۆیی (العیال كبرت، مدرسە مشاغبین)، شانسی لە سینەمادا لەو كاتەدا بوو كە ڕۆڵی بینی لە فیلمەكانی ( بدور، العمر لحزە، ئەبنا‌و مەیت)، دواتر  یەكەم كاری لەگەڵ سەندریلا ( سوعاد حوسنی ) لە فیلمی (شقیقە و متولی ) بوو لە ساڵی ۱۹۷۸ ئیتر دوای ئەوە دەرگاكان بەڕوویدا كرانەوە .

لە ساڵی هەشتاكاندا بووە براوەی خەڵاتی باشترین ئەكتەر لە میهرەجانی سینەمایی قاهیرە بۆ ڕۆڵی ( فارس ) لە فیلمی (  تائیر علی تەریق ) ، (باڵندەیەك لەسەر ڕێگا).
 ئەحمەد زەكی خاوەنی تایبەتمەندیەكی جیاواز بوو كە لە ئاهەنگەكاندا بە پۆشاكی ئاساییەوە بەشداری ئەكرد وەك ئەوەی ڕقی لە پۆشینی چاكەت و پانتۆڵی فەرمی بێت، بەڵام لەو ڕۆژەدا بڕیاری دا ئەو ڕێچكەیە بشكێنێ و پۆشاكی فەرمی زۆر شیكی پۆشی و پێش چوونی بۆ ئاهەنگەكە عادل موبارزی وێنەگری هاوڕێی بانگكرد بۆ ماڵەوە و داوای لێكرد چەند وێنەیەكی بگرێ ، بەڵام دوای ئەمە شێوازی خۆی بەدڵ نەبوو و ناڕازی بوو لەخۆی و بڕیاریدا خۆی بگۆڕێت و پۆشاكی ئاسایی پۆشی و لەو كاتەدا بە عادلی هاوڕێی وت ( باشترە بەم پۆشاك و قژە شێواوەوەبم، ئەوە منم كە خەڵات وەرئەگرم و بەم كەسایەتییەی كە وەك خۆمم و خۆشمئەوێ نەك وەك كەسێكی تر ) ئەمەش ڕاستیەكە كە لە زاری عادل موبارزی هاوڕێیەوە باسكراوە. 

ئەحمەد زەكی بە درێژایی ژیانیی خاوەنی زیاتر لە ۸٥ كاری هونەرییە كە كاریی شانۆیی و سینەمایی و تەلەفیزێۆنی لە خۆگرتووە و كۆتا كاری فیلمی  (حلیم ) بوو كە پێش تەواوكردنی كۆچی دوایی كرد و لە ساڵی ۲٠٠٦ دوای گۆڕینی چەند بەشێكی كارەكە و ڕزگاركردنی پێشەكەش كرا و ئەم فیلمە  یەكەم دەركەوتنی كوڕەكەی و خێزانەكەی  بوو .
گرنگترین كارە تەلەفیزێۆنیەكانی ( هو و هی و الایام )، جگە لە نواندن خاوەنی بەهرەی گۆرانی وتن بوو كە دەرهێنەرەكان ئەم هەلەیان ئەقۆستەوە لە فیلمەكانیدا وەك فیلمی ( مستر كاراتییە) و چەندین فیلمی تر. 
 ئەحمەد زەكی لە ۲۷ ی مارسی ساڵی ۲٠٠٥ دوای ململانێیەكی زۆری لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە لە تەمەنیی ٥٥ ساڵیدا كۆچی دوایی كرد .



created by Avesta Group and powered by Microsoft Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved