2/12/2018 04:45 PM

د.شاكر خەسباك: دۆستی بەئەمەكی كورد

 

خەلیل عە بدولڵا

بەداخ‌و پەژارەیەكی زۆرەوە، رۆژی 25ی ئەم مانگە، نووسەرو ئەدیب‌و زانای بواری جوگرافیا‌و دۆستی راستەقینەی گەلی كوردستان، لەیەكێك لەنەخۆشخانەكانی شاری كالیفۆرنیای ویلایەتی لۆس ئەنجلۆسی ئەمریكا بۆ دواجار لەدورە وڵات كۆچی دوایی كرد.
شاكر خەسباك یەكێكە لەو نوسەرو روناكبیرە ناودارانەی لەساڵانی پەنجاكانەوە لەنوسینە سیاسی‌و جوگرافییەكانیدا بەروونی‌و راشكاوی بەرگری لەمافە رەواكانی گەلی كوردستان كردووە.
ساڵی 1959 لەكتێبی (كورد‌و مەسەلەی كورد) زۆر بەروونی داكۆكی لەمافەكانی گەلی كورد كردووە‌و رای وابووە ئەبێ‌ ئەو گەلە بەمافەكانی خۆی شاد بێ‌. ئەوەش بۆ ئەوكاتە بەهەڵوێستێكی بوێرانە دادەنرێت‌و لەلاپەڕە درەوشاوەكانی مێژوودا بەشانازییەوە تۆمار كراوە.
لەكتێبەکانی (الاکرادو العراق الشمالی)‌و نوسینە جوگرافیەكانی دیكەیدا زۆر بەروونی سنووری جوگرافی باشوری كوردستانی دوور لەدەمارگیری نەتەوەیی دیاری كردووە. سەركردەكانی كوردستان‌و نووسەران‌و رووناكبیران وەك سەرچاوەیەكی رەسەن‌و بەڵگەنامەیەكی مێژوویی كەسایەتییەكی ئەكادیمی عیراق بۆ دیاریكردنی سنووری باشوری كوردستان ئاماژەیان پێداوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم كەسایەتییە نیشتمانییە گەورەیە، بەهۆی هەڵویستە جوامێرییەكانییەوە تووشی زیندانی‌و ئازار‌و ئەشكەنجە‌و راونان بۆتەوە‌و بەناچاری وڵاتی بەجێهشتووە.
خەسباك لەهەموو قۆناغەكانی ژیانیدا هەڵویستی نەگۆڕ‌و مرۆڤدۆستانەی بەرامبەر بەگەلی كوردستان هەبووە.
لەخۆشەویستییشی بۆ گەلی كورد‌و شاری سلێمانی ساڵی 1962 كتێبێكی بەناونیشانی(كوردەكانی لیوای سلێمانی) بەزمانی عەرەبی نووسی كە توێژینەوەیەكی جوگرافیی كۆمەڵایەتییە. خەسباك هیواشی خواستبوو كە مرد لەشاری سلێمانی بەخاك بسپێردرێ‌.
لەبەر ئەو هەڵوێستانەی دەبوو سەركردەكانی كوردستان‌و میدیاكان بایەخی زۆریان بەكۆچی دوایی ئەو دۆستەمەزن‌و راستگۆیەی گەلی كوردستان بدایە‌و مردنەكەی ئاوا بەسانایی‌و بێ‌ بروسكە‌و باسكردن تێنەپەڕیایە.
شاكر خەسباك ساڵی 1930 لەشاری حللە لەدایك بووە. قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی‌و ئامادەیی لەو شارە تەواو كردووە.بەكالۆریۆسی لەمیسرو ماستەرو دكتۆرای لە بەریتانیا بەدەستهێناوە.
وەك مامۆستای جوگرافیا لەزانكۆكانی بەغدا‌و ریاز‌و سەنعا خزمەتی كردووە.دكتۆر خەسباك لەچەند بوارێكی ئەدەبی‌و رووناكبیری خزمەتی كردووە، خاوەنی چەند كتێبێكە لە بوارەكانی رۆمان‌و شانۆ‌و كورتە چیرۆك.
لە بواری زانستی جوگرافیاشدا چەند كتێبێكی بەنرخی نوسیوە‌و چەند كتێبێكی دیكەی ئەو بوارەی لەزمانی ئینگلیزییەوە بۆ سەر زمانی عەرەبی وەرگێڕاوە.
ئەم ئەدیب‌و زانا ناسراو‌و دۆستە جوامێرەی كورد لە غەریبی‌و دوورە وڵاتی سەری نایەوە.دروودی رێزو وەفا‌و ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی دكتۆر شاكر خەسباكی ئەدیب‌و زانا‌و دۆستی سەرڕاستی گەلی كوردستان.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved