9/6/2019 03:21 PM

پرۆفیسۆر موستەفا زەڵمی

 

ئەم زانا گەورەیەی کورد لە ٤ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٦دا بەیکجاری ماڵئاویی لێکردین، جێی ئاماژە بۆکردنە دواین دیداری تەلەفزیۆنی ئەم منەوەرەی کورد لەگەل خاك تیڤیدا بوو، هاوکات ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی خاک لە ماوەی ڕابردوودا دکتۆر موستەفایان بەسەر کردەوە و چەپکە گوڵی رێز و وەفایان لەگەل کۆمەڵێک لە بڵاوکراوەکانی ناوەندەکەیان پیشکەش بەم زانا گەورەیەی کورد کرد پێش ماڵئاواییکردنی.

گرنگترین وێستگەکانی ژیانی پرۆفیسۆر زەڵمی:

_دكتۆر مستەفا زەڵمی ساڵی 1924 لە گوندی زەڵمی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی كوردستان لە دایك بووە‌.

- ساڵی 1934 چۆتە قوتابخانەی ئایینی‌ و لەسەردەستی مامۆستایانی پسپۆڕ‌و شارەزا لە زانایانی ئایینی عێراق‌و ئێران زانستەكانی: (نەحو، سەرف، مونازەرە، مەنتیق، بەلاغە، ئوسولی دین، ئوسولی فیقه، فەلسەفە، بیركاری، فەلەكناسی) خوێندووە.

موستەفا زەلمی ئارەزویەکی زۆری خوێندنی هەبوو چەندین هەوراز و نشێوی بڕیوە ڕووبەڕووی زۆرترین نەهامەتی و سەختی ژیان بۆتەوە لە پێناو دەسکەوتنی زانست زۆربەی زۆری ناوچەکانی کوردستانی باشور و ڕۆژهەڵاتی بڕیوە لەسەرەتای تەمەنیدا. پاشان ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێت.
 
- ساڵی 1946 بڕوانامەی (عالیم)ی لەزانستە ئیسلامییەكان بەدەستهێناوە لە ئەنجوومەنی زانستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف.

پاشان دەچێتە ناو سوپا و دەبێت بە ئیمامی سوپا و لە (جەلەولا ) جێگیر دەبێت، موستەفا زەلمی کاریگەری گەورەی هەبووە لە شۆرشی ١٤ەی تەموزی ساڵی ١٩٥٨ و لەگەل رێخراوی ئەفسەرە ئازادی خوازەکاندا پەیوەندی دەبەستێت و چەندین ئەرکی گرنگی پێدەسپێردریت لەگەل چەندین کوردی تری نیشتمان پەروەر لە پێناو بەدەست هێنانی مافەکانی گەلی کوردا تێدەکۆشێت، پاش شکست هێنانی شۆرش و هەلگەرانەوەی سەرانی شۆڕش لەگەل میلەتی کورد، دکتۆر موستەفا زەلمی پەیوەندی خۆی بەسەرانی شۆرش دەبچرینێت و زیاتر گرنگی دەدات بە زانستەکەی.

 هەرچەندە موستەفا زەلمی ، مەلا بووە و شارەزای بواری شەریعەی ئیسلام بووە بەلام هەمیشە ئارەزووی بەدەست هێنانی زانست و زانیاری زیاتری هەبووە بۆیە بیر لە خوێندنی یاسا دەکاتەوە و هەرچەندە ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و خاوەنی خیزان و منداڵ بووە لەو کاتەدا ، و لەگەل سەختی ژیاندا بەلام کۆڵی نەداوە لە بەدەست هێنانی زانست و زانیاری و دەبیتەوە بە خوێندکاری زانکۆ و سەرئەنجام بە نمرەیەکی زۆر بەرز لە ساڵی 1965 بەكالۆریۆسی بەدەستهێناوە لە یاسا لە زانكۆی بەغداد. هەروەها لەساڵی 1968 ماستەری لە شەریعە بەەدەستهێناوە لە زانكۆی بەغداد.

 هەر لە پێناو بەدەست هێنانی زانست و زانیاری زیاتر بیر لەوە دەکاتەوە وڵات جی بیلێت و خۆی خانەنشین بکات لە ئیمامی سوپا کە موچەیەکی بەرزیشی هەبووە لەو کاتەدا. بەڵام هەمیشە زانستی بە گرنگتر زانیوە لە هەموو شتێک و ڕوو دەکاتە خاکی میسر بۆ خوێندنی زیاتر و بە ژیانێکی زۆر سەخت خوێندن تەواو دەکات.

- ساڵی 1971 ماستەری وەرگرتووە لە لە فیقهی بەراوردكاری لە زانكۆی ئەزهەر.

-ساڵی 1973 ماستەری لە یاسا بەدەستهێناوە لە زانكۆی ئەزهەر‌.

- ساڵی 1975 دكتۆرای لە فیقهی بەراوردكاری بەدەستهێناوە.

- ساڵی 2004 دكتۆرای لە یاسا بەدەستهێناوە لە زانكۆی بەغدا.

 دکتۆر زەڵمی یەکێکە لە مامۆستا هەرە بەناوبانگەکانی کۆلێژەکانی یاسا لە زانکۆکانی عێراق وە لەسەردەمی مامۆستایەتیدا زۆرترین خەڵات و ڕێزلێنانی وەرگرتووە، وە یەکەم مامۆستای زانکۆیە لەسەر ئاستی عێراق کە بە بڕیارێکی تایبەت فەرمانی خانەنشین نەکردنی بۆ دەرچووە تا ئەو ساتەی توانای هەبێت و ویستی هەبێت بتوانێت وەک مامۆستا بمینێتەوە.

دکتۆر زەلمی دەستێکی باڵای هەیە لا دانانی کتێبی مەنهەجی بۆ کۆلیژی یاساکان کە ٤ کتێبی وەک مەنهەج دەخوینرێت لە هەر چوار قۆناغەکەی کۆلێژی یاسا وە یەک کتێبی لە ماستەر و کتێبێکی تری لە دکتۆرا دەخوێندرێت . وە کتێبەکانی لە زانکۆکانی عێراق و ئەردەن و ئەندەنوسیا و یەمەن دەخوێندرێت.

- زیاتر لە پەنجا پەڕتووكی داندراوی هەیە لە بوارەكانی شەریعە‌و یاسا‌و، زیاتر لە چل توێژینەوەی زانستی هەیە لە بوارەكانی یاسا‌و فەلسەفە‌و فیقه.

-سەرپەرشتیكردنی زیاتر لە 100 نامە‌و تێزی دكتۆرا‌و ماستەر لە بوارەكانی ئوسولی فیقهو فەلسەفە‌و یاسا‌و شەریعە.

-بەشداری ژمارەیەك زۆر كۆنگرەی كردووە لە ناوەوە‌و دەرەوەی عێراق.

- دکتۆر زەلمی لێپرسراوی دەستەی زانستی کۆڕبەندی هزری ئیسلامی کوردستان بووە.

لە ماوەی ژیانیدا دکتۆر موستەفا لە پای کۆشش و توانای زانستی چەندین خەڵاتی ناوخۆی و نێودەوڵەتی بەدەست هێناوە.
 
کلیل بکە بۆ بینینی چاوپێکەوتنی خاك لەگەل پرۆفیسۆر زەڵمی


ئامادەکردنی: زاموا زاهیر
س\کاروانی ژیانم-موستەفا زەڵمی 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved