28/7/2019 05:27 PM

عەلی مەردان

 

عەلی مەردان، ھونەرمەندی پایەبەرز، مامۆستای مەقامات و گۆرانی کوردی، ساڵی١٩٠٤لە شاری کەرکووک لە گەڕەکی تەکیەی شێخ عەلی لە دایک بووە. مامۆستا، خوێندنی لە تەکیەی کەرکوک و لە لای ماموستا ساڵەح دەست پێکردوە و ھەر لەوێشەوە لە لای مامۆستای دەنگ خۆش مەلا ڕەووف فێری تەجویدی قورئان و ھەندێ مەقاماتی کوردی و قۆڕیاتی تورکمانی بووە.

عەلی مەردان پاش ھەشت ساڵ تەکیە، شاری کەرکووکی بە جێھێشتووە و بە ماڵەوە چووە بۆ گوندی لەیلان. لەو گوندەدا تەموورە ژەنێکی بە توانا بە ناوی خدر بارام ناسیوە کە سوودێکی زۆری لێ وەرگرتوە بۆ مەقاماتی کوردی، بەڵام لە دوایدا کە دەچێت بۆ بەغدا، مەقاماتی کوردی و فارسی و عەرەبی لە مامۆستایانی تری فارس و عەرەب و کوردەوە فێر دەبێت و وەک شارەزایەک لە بواری مەقاماتی ناوچەکەدا جێگای خۆی ئەبینێتەوە.

ھەر لەم بارەوە مامۆستا دەڵێت: مەقاماتی کوردی سەرچاوەیەکی کوردی دەوڵەمەندن بۆ ھونەری موزیک و گۆرانی گەلانی ناوچەکە. مامۆستا عەلی مەردان جگە لە دەنگە بەسۆز و ڕەسەنەکەی شارەزای ژەنینی چەن ئامێری مۆسیقا بووە کە خۆی ئامێری عودی زیاتر لا پەسەند بووە. ھەروەھا شارەزای زمان و ئەدەبی کوردی، عەرەبی، فارسی و تورکمانی بووە. شیعری زۆربەی شاعیرەکانی لە دەیان بەستەو مەقامات دا خوێندۆتەوە. عەلی مەردان مەقام زان و داھێنەری کورد، پاش نیو سەدە خزمەتی بێووچان بۆ ئاواز و گۆرانی کوردی، لە ڕۆژی ھەینی ساڵی ١٩٨١کۆچی دوای کردووە لەگۆرستانی شێخ محێدین نێژراوە لە دوا ووتەیدا داوا دەکات لە گردی سەیوان لە لای شاعیران و ھونەرمەندان بینێژن تا ھیچ کات و زەمەنێک لە ھونەر و ھونەرمەندان دوور نەبێت.

مامۆستا عەلی مەردان (١٩٠٤ – ١٩٧٢) لە ماوەی ژیانیدا گەلێ گۆرانی و مەقامی ڕەسەنی تۆمارکردووە، ئاوازی ھەندێک لە گۆرانییەکانیشی ھێندە بەرزن، بەچەند زمانێکی دی وتراونەتەوە.

شارەزایی و کارامەیی مامۆستا عەلی مەردان لە ھونەری مەقام دا ئەوەندە ئاشکرایە کە مامۆستاکانی مەقامی عێراقی عەلی مەردان بەمامۆستا و ڕابەری خۆیان دەزانن. مامۆستا عەلی مەردان کوردێکی دڵسۆز و خاوەنی ھەستێکی پاکی کوردایەتی بوو. ھەتا ڕۆژی کۆچکردنیشی، کە سوێندی بخواردایە، ھەر بە کوردستان سوێندی دەخوارد.



مامۆستا عەلی مەردان لە ساڵی ١٩٠٤ لە شاری کەرکووک لەدایک بووە و لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە ژیانی تایبەتی خۆی دەڵێت: "بۆ گوزەرانی ژیانم، بەپای پەتی و سەری کۆتەوە، جوتیاری و شوانی و گاوانیم کردووە. لە شاری بەغداد بووم بە ھاوڕێی مورتەزاخانی ئیسفەھانی و ئەسغەری ھەمەدانی و محەمەد سەعیدی سابڵاغی و زۆر شت لەوانەوە فێربووم، چل شەویش لەگەڵ سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی یەکمان گرت و زۆر ھونەرمەندانە پێکەوە ژیاین. مامۆستا لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "یەکەم مەقامم، مەقامی ئای ئای بوو، ئەوەی لە ساڵی ١٩٣٩ ـدا لە ئێستگەی کوردی بە زمانی کوردی باجەڵانی بۆم تۆمارکرا.(ئەم قسەیە درۆیەکی شاخدارە جونکە عەلی مەردان لە ١٩٤١دا تێکەلی رادیۆی کوردیی بەغداد بووەو رادیۆکە لە ١٩٤٨دا دەستی بە تۆمارکردنی مووسیقاو گۆرانیی کرد/ بنۆرە؛ کەمال رەئووف محەممەد- مێژووی رادیۆی کوردیی بەغداد- بەرگ ١، جزمی ١-٣، ھەولیر ٢٠١٤).. مامۆستای گۆرانی مەقامی کوردی لە ساڵی ١٩٦٥ ـدا لە ئێستگەی ڕادیۆی تاران و کرماشاندا چەندین مەقام و گۆرانی تۆمارکردووە. دوا گۆرانی عەلی مەردان بەستەیەک بووە، ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٢ ـدا لە ئێستگەی کوردی بەغداد تۆماری کردووە. مامۆستا لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا و لە ٢٤ ـی تەمموزی ساڵی ١٩٨١ کۆچی دوایی کردووە و لە شاری کەرکووک لە گۆڕستانی شێخ محێدین بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردراوە.


بەشێکی گۆرانیی فاتمە بە دەنگی عەلی مەردانەوە
شیرین کەلامە، گیانە بەسیەتی، یاریکە ڕاکە پێکەنە، خۆم و عودەکەم، کەتان کەتانە، مێوڵێ و دێلێژە، ئەسمەر، وەرە قوربان، ھۆ برای جوتیار، لەیلێ، ڕەنجی بێوەرم، ھەوری لە قەدی ئاڵاوە، ە دەنگی خۆش بمھێنە جۆش، کە ئەو جوانە، ئەڕۆی ئۆغر، ە دایم دڵ تۆی ئەوێ، مامە، کەی دێتەوە، لە خرنە خرنە، ھەتا مردن، ئەڵوەن ناوت شیرینە، ئای چەندم خۆش دەوێ، ھەر تۆم ئەوێ تۆ، مینا گیان، لە کەلە دەنگی ساز دێ، شەو ڕۆژ، گۆڵە باخ، دەھەستە، کراس کودەری ئاوریشم، سەد جار بەو مانگە، ھەستە با بچین بکەین تەماشا، کۆڵان بە کۆڵان، ئەم پەرچەم و ئەگیجە، ئاخ چی بکە نیمە چارە، ئەو چاو جوانە، ھۆ کاکەی شوان، وەرە قوربان، فاتمە، برای شیرینم، خاڵۆ خاڵۆ، شەو و ڕۆژ لە خایاڵ و لە بەرچاوی.

مەقامە بەناوبانگەکانی
لەبەر چاوی بەد (مەقامی ماھوور)
چەند جارم ووت (مەقامی ھەمایۆن)
با یادم کا فریادم کە (مەقامی ھیجران)
ڕەنجی بێوەرم (مەقامی بەیاتی شور)
ڕاستەی خیابان (مەقامی ئەڵاوەیسی)
لێم یاخی (مەقامی ئای ئای)
لەبەر نازی چاو بازان (مەقامی خورشیدی)
ئەی مانگ (مەقامی بەیات)
چی بکەم (ماقامی نەوا)
دڵ لە حەسرەت (مەقامی ئورفە)
مەمکوژە گیانە بە ھیجران (مەقامی دەشت)
بە داوی زۆڵفت (مەقامی ڕاست)
بە بەردی فیرقەتت (مەقامی ماڵەڵا ھیجرانی)
بە غەمزەی چاوی مەخموری (مەقامی نەوا)

سەرچاوە: ویكیپدیا




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved