27/1/2020 02:28 PM

بەدیع باباجان: مرۆڤێكی گەورەی فرە بەهرە!



خەلیل عەبدولڵا
بەدیع باباجان كەسایەتییەكی گەورەی كولتووریی كوردستانەو لە رشتەكانی هونەری نیگاركیشان‌وخەتخۆشی‌و موزیك‌و شیعردا خزمەتی زۆری كردووە‌و شوێن پەنجەی لەو بوارانەدا دیارە‌و وەك ئەستێرەیەكی پرشنگدار لەمێژووی دوورو نزیكی كوردستاندا ئەدرەوشێتەوە.بەدیع حسێن باباجان كە بە بەدیع باباجان ناسراوە، ساڵی 1923 لەشاری كەركوك لەدایك بووە.
قۆناخی خوێندنی سەرەتایی لەشاری سلێمانی‌و ناوەندی لەشاری كەركوك تەواو كردووە.هەر لەسەرەتای ژیانی گەنجییەوە خولیای هونەر بووە، بۆ بەئاكادیمیكردنی ئەو خولیا خۆرسكەی، لەناوەڕاستی ساڵانی چلەكانی رابردوودا، وەك یەكەم خوێندكاری كورد چۆتە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی بەغدا، ئەگەر چی حەزی بەوە كردووە موزیكی خۆرئاوایی بخوێنێ‌، بەڵام بەخت یاوەری نەبووە‌و لەو بەشە وەرنەگیراوە، بەناچاری چۆتەی بەشی هونەریی نیگاركێشان‌و بەسەركەوتوویی‌و بەپلەی نایاب تەواوی كردووە.
پاش تەواوكردنی خوێندن،بەهۆی دەستڕەنگینی لەبەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رووپێوی بەغدا بەفەرمانبەری هونەری دامەزراوە.لەرێی سەلیقەی هونەری خزمەتی زۆری بەو فەرمانگەیە كردووە.
باباجان كەسێكی سادەو خاكی بووە، هەر بۆیەش بۆ بژێوی ژیان لەگەڵ هونەرمەندی خۆشنووس مەهدی ئەلجبوری لەشەقامی رەشیدی بەغدا، دوكانێكیان بەناوی(خەتی عەرەبی) داناوە‌و كاری هونەری خۆشنووسیان تێدا كردووە، بەوەش لەلای هونەرمەندان‌و روناكبیران زیاتر ناسراون.
بەدیع باباجان هونەرمەندێكی دەستڕەنگین بووە، دەیان كاری ناوازەی كردووە، كە لەمێژووی كوردستان‌و عیراقدا جێی شانازیی گەورەن.ئەم هونەرمەندە گەورەیە لەساڵانی چلەكاندا هێلكاری‌و وێنەی بەرگ‌و وێنەكانی دیكەی گۆڤاری گەلاوێژی كیشاوە، وەك كاری دەستپێك‌و سەرەتایی جێی سەرنج‌و تێڕامان بوون.هەر لەو سەردەمەدا نەخش ونیگاری بۆ گۆڤاری نزاری مامۆستا عەلادین سەجادی كێشاوە.
هەروەها دیزاینی بەرگ‌و كڵێشەی بۆ بەرگی كتێبی چەندان نووسەر‌و شاعیری كورد‌و عەرەب كێشاوە.لەهەمووی گرنگتر بەخەیاڵ وێنەی بۆ چەند شاعیری كلاسیكی‌و نووسەری كورد كێشاوە كە وێنەیان نەبووە، ئەو وێنانەی هێندە بەجوانی كێشاوە لە خەیاڵەوە كردوونی بەڕاستی، لەوانە(نالی،سالم،كوردی، حاجی قادری كۆیی، حەریق،بابا تاهیری هەمەدانی،مەلەوی،بێسارانی، مەلای جزیری،فەقێ‌ تەیران، زێوەر، ئەحمەدی خانی، شەرەفخانی بەدلیسی، خانەی قوبادی)‌و چەندانی تر.
ھەروەھا لەسەرەتای حەفتاکاندا لۆگۆی یەکێتیی نووسەرانی کوردی کێشاوە.
لەهەمووشی سەرنجڕاكێشتر ساڵی 1951 نیگاری بەرگ‌و خەت‌و وێنەكانی كتێبی ئەلف‌و بێی نوێی مامۆستا ئیبراهیم ئەمین باڵداری كێشاوە‌و بۆ خوێندکارانی پۆلی یەكەمی سەرەتایی ئەو سەردەمە وەك كتێبێكی وێنەداری جوان بەتاسەوە پێشوازیان لێكردووە.
ساڵی 1967لەسەر داوای وەزارەتی دارایی عیراق، باباجان دیزانی دراوەكانی ئاسن‌و دیناری عیراقی‌و بیتاقەی یانسیبی بەجوانترین شێوە كردووە.
لەبەر دەستڕەنگینی‌و توانای بەرزی هونەری ، لەساڵی 1973 پەیمانگای هونەرە جوانەكانی بەغدا وەك مامۆستا دایدەمەزرێنێت‌و ماوەی چوار ساڵ وانەكانی خۆشنووسی‌و هونەری نیگاركێشانی وتۆتەوە.
ئەوەشی وەک شانازی گەورە بۆ باباجان ئەمێنێتەوە ئەوەیەلە ھەموو قۆناغەکان دڵسۆزی گەلەکەی بووەو ھونەرەکەی نەخستۆتە خزمەت دوژمنانەوەو بەسەربەرزی و جوامێری ماوەتەوە.
ئەم كەسایەتییە ناودارەی كوردستان، پاش خزمەتێكی زۆر بەكایەكانی كولتوریی كوردستان‌و عیراق،لەرۆژی 15ی تشرینی دووەمی 1996 لەشاری بەغدا كۆچی دوایی كرد‌و هەر لەو شارەو دوور لەنیشتمان‌و زێدی خۆی بەخاك سپێردرا‌و چووە ریزی نەمرانی كوردستانەوە.دروودی رێزو وەفا‌و ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی ئەم هونەرمەندە مەزنەی كوردستان‌و گۆڕی پڕ نوور بێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved