22/8/2020 02:09 PM

مەستوورەی ئەردەڵان


بوخاری وشیار

لە کتێبەکەدا باس لە ژیان و بەرهەمەکانی ئەم خاتوونە ئەدیبە کوردەی سەدەی نۆزدەهەم کراوە و خاسیەتەکانی نووسینی مێژوو و شیعر و کتێبەکانی خراوەتە ڕوو. هەر لەم کتێبەدا باس لە قەسیدەی (مەستوورە)ی نالی شاعیر و پەیوەندی ئەم دوو شاعیرە کراوە و چەند باسێکی باسنەکراوی پەیوەست بە مەستوورەی ئەردەڵانیەوە خراوەتە ڕوو. هاوکات خوێنەر لەم کتێبەدا ئاشنای شیعرە فارسی و هەورامی و سۆرانیەکانی مەستوورە دەبێت و بە توانا و بلیمەتی مەستوورە لە ئەدەبیاتدا ئاشنا دەبێت.

مەستوورە یەکێکە لەم خاتوونە کوردە ئەدیبانەی لەسەردەمەکەی خۆیدا پێشەنگ و داهێنانکار بووە و ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ زیندووکردنەوەی ناوی مەستوورەی ئەردەڵانی و لەپێناو ون نەبوونی توانای ژنانی کوردە لە ئەدەبیاتدا. کتێبی مەستوورەی ئەردەڵان، لە نووسینی (بوخاری وشیار)ە و ناوەندی مەم و زین چاپ و بڵاوی دەکاتەوە. بەو هیوایەی ژنە کوردە هەڵکەوتووەکانی سەدەکانی ڕابردوومان لەبیر نەکەین و بە زیندوویی لە مێژووی خۆماندا بیانهێڵینەوە و یادیان بکەینەوە.

(کتێبی مەستوورەی ئەردەڵان) لە نووسینی (بوخاری وشیار)ە و (وشیار عەلی) پێداچوونەوەی زمانەوانی و ڕێنووس و خاڵبەندی بۆ کردووە و (ئیبراهیم ساڵح) نەخشەسازی بەرگ و (سەنار سەمەد) نەخشەسازی ناوەوەی بۆ کردووە، ناوەندی مەم و زین لە هەولێر بە تیراژی (٥٠٠) دانە چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.

ژیانی مەستوورە
لە کتێبەکەدا سەرەتا نووسەر ژیانی مەستوورە لە مناڵیەوە تا مردنی دەگێڕێتەوە و هاوکات لە ڕووداوەکان و ساڵەکانیش بەراوردکاری و لێکۆڵینەوەیەکی زۆر کراوە و دەرەنجامی نوێ بۆ ڕووداو و ساڵەکانی پەیوەند بە مەستوورە بەدەست گەیشتوون. دواتر نووسەر بەرەو قەسەسیدەی (مەستوورە)ی (نالی)مان دەبات و لەوە دەکۆڵێتەوە کە ئایە ئەم قەسیدەیە هی نالیە؟ وە ئایە مەستوورە لەم قەسیدەیەدا مەستوورەی ئەردەڵانیە؟ وە ئایە هیچ پەیوەندیەکی سۆزداری لەنێوان نالی و مەستوورەدا هەبووە؟ و وەڵامی ئەم پرسیارانە و چەندانی تر بە خوێنەر دەداتەوە، بە پشت بەستن بە پەراوێز و لێکدانەوە و سەرچاوەگەلێکی تۆکمە.

دوابەدوای ئەمانە نووسەر لەمەڕ کتێبە مێژووییەکەی مەستوورە (کتێبی مێژووی ئەردەڵان) چۆنییەتی مێژوو نووسی مەستوورەمان نیشان دەدات و جیاوازیەکانی مەستوورەی یەکەمین مێژوو نووسی ژن لە کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەراورد بە مێژوونووسە پیاوەکان، کە بەر لە ئەو مێژووی ئەردەڵانیان نووسیوەتەوە وەک (شەرەفخان و مەئمون بەگ و مەلا محەمەدی شەریف و خسرەو بەگی ئەردەڵانی و ..). دواتر نووسەر دێتە سەر شیعر نووسی مەستوورە و وەک دامەزرێنەری شیوەنە شیعری کوردی ئەژماری دەکات و باس لە ڕوخسار و ناوەڕۆک و خاسیەتەکانی شیعری مەستوورە دەکات و هاوکات شیعرە فارسی و سۆرانی و هەورامیەکانی مەستوورەمان بۆ دەخاتە ڕوو لەگەڵ کۆمەڵێک دەستخەت و دەستنووسی شیعرەکانی مەستوورە کە لە کتێبخانەیەکی بەرلین دۆزراونەتەوە. وەهەروەها نووسەر توانای مەستوورەمان بۆ دەخاتەڕوو لە بابەتە ئایینیەکان و ئاماژە بەو کەس و کتێبانە دەدات کەوا مەستوورە لە نووسینی کتێبی (شرعیات) سوودی لێ بینیون. ڕۆڵی مەستوورە لە کۆمەڵگای ئەوکاتەی میرنشینی ئەردەڵانەوە بەرز دەنرخێنێت.

دواتر نووسەر وتارێکی پیرەمێردی شاعیرمان نیشان دەدات کە لە ڕۆژنامەی (ژین)دا بڵاو کراوەتەوە لەگەڵ ١٠ پارچە شیعری فارسی مەستوورە کە پیرەمێرد وەری گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. لە بەشی (شێواندنی مێژووی کورد) نووسەر بەڵگە نامەیەکی زەمەنی (محمەمەد شای پەهلەوی) دەخاتە ڕوو، کە وەزارەتی فەرهەنگ سێ نووسەری دیاری ئەو سەردەمە ڕادەسپێرێت بۆ نووسینی کتێب دەربارەی ئەوەی کوردەکان بەشێکی دانەبڕاوی فارسن، کە یەکێک لەم نووسەرانە (محمد مەردۆخە) کە میژووی کوردستانی نووسیوەتەوە و لەبابەت مێژووی ئەردەڵاندا بەئەنقەست مێژووەکەی بە هەڵە نووسیوە و مامۆستا هەژاریش ئاماژەی بەو هەڵانە کردووە، لە وەرگێڕانی کتێبە مێژووییەکەی مەستوورە و بەراوردکردنی بە مێژووەکەی مەردۆخ.
نووسەر (بوخاری وشیار) ماوەی دوو ساڵ خەریکی لێکۆڵینەوە نووسینی ئەم کتێبە بووە و نزیک بە ٥٠ سەرچاوە لەم کتێبەدا بەکارهاتوون و لە بەشی پەراوێزی ئەم کتێبەدا، نووسەر لێکۆڵینەوەیەکی چڕ و پڕی لە ڕووداو و ساڵەکانی پەیوەست بە مەستوورەوە کردووە و ئاماژەشی بە هەڵە مێژووییەکانی مێژوونووسان و سەرچاوەکانی پێش خۆی داوە و چەند دەرئەنجامێکی نوێی ختووەتە ڕوو کە دەکرێت ڕێڕەوی لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بەم پرسە بگۆڕێت.

بە پێویستم زانی
بوخاری وشیار دەڵێت: ئامانجم لە نووسینی ئەم کتێبە، ئاوڕدانەوەیەکی پێویستە لە ژنە هەڵکەوتووەکانی کورد، مەستوورە یەکێکە لەم ژنە کوردانەی کە لەسەردەمەکەی خۆیدا نوێگەر و داهێنانکار و ئەدیبێکی بەتوانا بووە و ئێستا کەس نایناسێت و خەریکە ناوی لەبەین بچێت و لە بیر بچێت. بە پێویستم زانی کە لێکۆڵینەوە لە ژیان و ئەو سەرچاوانە بکەم کە تاوەکوو ئێستا لەسەر مەستوورە نووسراون و ژیاننامەیەکی وردتر و دروستتر و بۆ مەستوورە بنووسمەوە، هیواشم وایە ئەم کتێبە لە زانکۆکانی بەشی زمان و مێژووی کوردی بخوێنرێت و نەوەی تازەمان بزانن کە ژنی کورد چەندە پێشەنگ و بەتوانابوونە لە سەدەکانی ڕابردووماندا و تا چ ئاستێک جێ پەنجەیان دیارە.

مێژووی کورد لەناو نەچێت
جیاوازیی مێژووەکەی مەستوورە و شەڕەفخان لەوەدایە کە شەڕەفخان تەنها ویستوویەتی مێژووی کورد لەناو نەچێت و پارێزگاریی لە ناوی خانەدانەکانی کوردستان بکات، وەک خۆی لە پێشەکیی کتێبی شەڕەفنامەدا دەڵێت: (هەموو نیاز و ئاواتم ئەوەیە کە خانەدانە گەورەکانی کوردستان ناویان لەناو ناواندا بمێنێ و لە ناو نەچن.) بەڵام مەستوورە ویستوویەتی بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە ئەو مێژووە بنووسێتەوە و بەراوردکاریی تێدا بکات، وەک خۆی لە پێشەکیی مێژووی ئەردەڵاندا دەڵێت: (بە سروشتی بڵێسەدار و زەینی ڕەخنەگرانەوە بە دووی درێژەپێدانەوەچوونم بە پێویست زانی و پەرژامە سەر نووسینی ئەم چەند دێڕه‌ و دەنگوباسی پاشەڕۆژ بە خێر و خۆشی و بەختەوەریی گوزەرینی زنجیرەی پایەبڵندی ئەردەڵانم هەڵهێنجاوە و لە پێشینانم بیستووە و بەرچاوی منی کەمینە کەوتووە، لەم نوسخەیەدا ڕوونم کردۆتەوە.) ڤاسیلیەڤاش شاهێدی ئەم ڕوانگە ڕەخنەگرانەیەی مەستوورەیە و دەڵێت: (ئەگەر خوسرەو ئیبن محه‌مه‌د، کە تەنها دە ساڵ پێش ماهشەرەفخانم بوو، هەرگیز گوێی نەداوە بە تێککردنەوەی زانیارییەکانی خۆی و هی خەڵکی تر، ئەوا نووسەری تاریخی ئەردەڵان بە گوێرەی توانا هەوڵی داوە زانیارییەکان هەڵسەنگێنێ، ماهشەرەفخانم لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە سەیری سەرچاوەکەی کردووە و هەرچەندە لەو کتێبەدا گومانی خۆی لەسەر زانیارییەکان بە ئەوپەڕی ئەدەبەوە دەربڕیوە، هەڵوێستی ئەم مێژوونووسە بە ڕوونی دیارە کە دژی باوەڕی ساکارانەیە بە هەموو ئەوەی نووسراوە، ئەوەی کە سیمای نووسەرانی پێش خۆی بوو.)

(کتێبی مەستوورەی ئەردەڵان، بوخاری وشیار،لاپەڕە ٧٢-٧٣)
لە سەرەتای ئەم کتێبە لە بەشی (لە ئەردەڵانەوە بۆ میرنشینی بابان)ـدا گوتمان مەستوورە لە ساڵی (١٢٤٤ک) واتا (١٨٢٨-١٨٢٩) و لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا دەبێتە خێزانی خوسرەوخانی ناکام()، کە واتە ئەگەر ئەو بۆچوونە ڕاست بێت کە مەستوورە لە خەونەکەی نالیدا هێشتا شووی نەکردبێت و ئەم ساڵەی مامۆستا عەلائەددینی سەججادی نزیک بێت لە ڕاستییەوە کە نالی لە (١٧٩٧)ـدا لە دایک بووبێت، ئەوا بەو سه‌رەنجامە دەگەین کە نالی لە گەنجیدا ئەم قەسیدەیه‌ی نووسیوە و ئەو کاتە تەمەنی لە نێوان ( ٢٥ بۆ ٣٠) ساڵدا بووە.

بێ گومان بۆ گەنجێک لەو تەمەنەدا ڕێی تێ دەچێ بڵێین شۆخوشەنگیی مەستوورەخانم کاری لە نالی کردووە و نالی لە سنە (لەو تەمەنەدا) کەوتووەتە داوی خۆشەویستیی (مەستوورە)وە، خوسرەوجافیش لە ڕۆمانی‌ (شازادە و شاعیر)دا نکۆڵیی لەو خۆشەویستییەی نالی بەرانبەر بە مەستوورە نەکردووە().

(بەڵێ، نالی مەستوورەی ئەردەڵانیی خۆش ویستووە.) من ئەم دیدە جه‌ریئانه‌یه‌ی‌ خۆم لێرەدا دەردەبڕم. نووسەر ئازادە لەوەی بیروباوەڕ و ڕوانینی خۆی دەرببڕێت، ئەگەرچی لەگەڵ بۆچوونی‌ نووسەرانی پێش خۆیشیدا ناکۆک بێت. هەموو ئەو نووسەرانەی تا ئێستا لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەیان بۆ ژیان و شیعرەکانی نالی کردووە، نەیانتوانیوە بڵێن (حەبیبە)ی نالی کێ بووە، بەڵام من هەوڵ دەدەم لێرەدا بە کورتی ئەم (حەبیبە)یەی نالی نیشان بدەم که‌ بە بڕوای من (مەستوورەی ئەردەڵانی)ـیە.

(کتێبی مەستوورەی ئەردەڵان، بوخاری وشیار،لاپەڕە ٣٤-٣٥)




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved