22/8/2017 09:36 AM

نۆكیا 8 ركابەری ئایفۆن و گالاكسی دەكات

نۆكیا دەیەوێت ركابەری ئایفۆن و گالاكسی بكات و لە مانگی داهاتوودا نۆكیا 8 دەخاتە بازاڕەوە كە لەرووی نرخ و تایبەتمەندییەوە لە ئاستی ركابەریدایە.

كۆمپانیای ئێچ ئێم دی گلوبال كە خاوەنی مافی بەكارهێنانی ماركەی بازرگانی نۆكیایە، رایگەیاند: لە ماوەی نزیكی داهاتوودا مۆبایلی نۆكیا 8 دەخەینە بازاڕەوە.

شاشەكەی 5.3 ئینجە بە كوالیتی QHD كە پرۆسیسەری سناپ دراگۆنی 835ی لەسەرە كە هەمان ئەو پرۆسیسەرەیە كە لە مۆبایلی سامسۆنگ گالاكسی 8 دا بەكارهاتووە.

هەروەك نۆكیا 8 لولەی مسی تێدا بەكارهاتووە كە یاریدەدەرە بۆ ساردكردنەوەی مۆبایلە لەكاتی زۆر بەكارهێنان و كردنەوەی ئەپڵیكەیشن و بەرنامەی قورسدا.

كۆمپانیاكە ئاشكراشی كردووە، نۆكیا 8 خاوەنی 4 گیگابایت رامەو میمۆری ناوكیشی لە 64 گیگا بایتەوە دەستپێدەكات كە دەتوانرێت زیاتریش بكرێت. كامێراكانیشی لەلایەن كۆمپانیای كارل زیسی ئەڵمانییەوە دروستكراوە كە هەردوو كامێرای پێشەوەو دواوەی 13 میگا پیكسڵە.

پاترییەكەشی 3090 میلی ئەمپێرە بە تایبەتمەندی شەحنكردنەوەی خێراو بەپێی سیستمی گۆگڵ ئەندرۆید نۆگا 7 كاردەكات كە نوێترین سیستمی ئەندرۆیدە.

كۆمپانیای ئێچ ئێم دی گلوبال لە شاری لەندەن مەراسیمێكی سەرەتایی بۆ ناساندنی نۆكیا 8 رێكخست و ئاشكرایكرد، ئەم مۆبایلە نوێیە دوو تەكنەلۆژیای تازەی تێدایە كە ئەوانیش بریتین لە ئۆزۆ ستۆدیۆ بۆ تۆماركردنی دەنگ بە كوالیتییەكی بەرز، بوسی كە تایبەتە بە پەخشی راستەوخۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە رێگەی هەردوو كامێرای پێشەوەو دواوەی مۆبایلەكە لە یەك كاتدا لە رێگەی بەشكردنی شاشەكە بۆ دوو بەش.

سكای نیوز راپۆرتێكی لەوبارەیەوە بڵاوكردۆتەوەو رایگەیاندووە: ئەو تایبەتمەندی و نوێگەرییانەی لە نۆكیا 8 دا هەیە زۆر نزیكە لەو تایبەتمەندیانەی لە بەرهەمەكانی ئایفۆنی كۆمپانیای ئەپڵ و سامسۆنگی كۆری و هواوی چینیدا هەیە، بۆیە چاوەڕوانی ركابەریی توند دەكرێت بەتایبەتی كە لە مانگی داهاتوودا ئایفۆن 8 و سامسۆنگ نۆت 8 دەخرێتە بازاڕەوە.


خاك - كوردستانی نوێ




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved