16/5/2018 03:06 PM

موحەمەد عارف :شێوەكار وئەكادیمییەكی كوردپەروەر وبەئەزموون

 

 پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

هەندێك جار ڕێكەوتەكان ڕۆڵی كاریگەری پۆزەتیڤ دەبینێت.گەرچی گواستنەوەی زانكۆی سلێمانی،بەهۆكاری سیاسی وفیكری بۆ هەولێر ولەسەرەتای هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو جێگەی نیگەرانی تێكڕای خەڵكی كوردستان،بەشێوەیەكی گشتی وشاری سلێمانی بەتایبەتی، بوو بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا توانی پردێكی سۆسیۆڵۆژی لەگەڵ ناوچە كوردستانییەكانی تردا بەتایبەتی شاری هەولێر دروست بكات.هاوێنەی ئەمجارەمان جەخت لەسەر هونەرمەندی شێوەكار وكوردپەروەر وڕووناكبیری بەتوانا پرۆفیسۆر موحەمەد عارف دەكات.پێشتر لەڕێگەی مامۆستا وهونەرمەندی شێوەكار عەلی لەتیفی برا گەورەمەوە ئاشنایەتییەكم لەگەڵیدا هەبوو.دیار بوو بەهۆی هونەرەوە ئەو دوو هونەرمەندە لەنزیكەوە یەكتریان دەناسی وئاگاداری هونەری یەكتر بوون.

بەڵام دواتر لەڕاپەڕینەكەوە تەواو یەكترمان ناسی ئەویش بەوپێیەی بەڕێزیان لەكۆلێژەكەی ئێمە،كۆلێژی ئەدەبیات – زانكۆی سەڵاحەددین،دامەزرابوو یان باشتر وایە بڵێین گواسترابۆوە بۆ ئەو كۆلێژە.ڕۆژ بەڕۆژ پەیوەندییەكەمان پتەوتر دەبوو.هۆكارە سەرەكییەكەش دەگەڕایەوە بۆ خودی هونەر خۆی ودواتر كەسێتی مامۆستا.واتە هەردوو جەمسەری هونەری وكەسێتی مامۆستا زیاتر هەردووكمانی بەیەكەوە گرێدا بوو چونكە مامۆستا لەدانیشتنەكانیدا هەمیشە جەختی لەسەر فەلسەفەی هونەر بەگشتی و وهونەری شێوەكاری بەتایبەتی دەكرد ولەهەمان كاتیشدا دەیگووت "ئێمەی كورد دەتوانین لەڕێگەی هونەرەوە خۆمان بەجیهان بناسێنین".منیش بەهۆی كاریگەری مامۆستا عەلی لەتیف وپسپۆرییەكەمەوە نزیكایەتی ودراوسێیەتییەكەم لەگەڵیدا دروست كرد.

هەندێك جار بەجووتە دایەڵۆگمان دەكرد.هەندێك جاری تریش پرۆفیسۆر موحەمەد نوری عارفی مامۆستا وهاوڕێ بەشداری دایەڵۆگەكانی دەكرد.پێش ئەوەی مامۆستا عەلی لەتیف بۆ یەكجاری كۆچ بكات بۆ ئەڵمانیا لەساڵی 1994 سەردانێكی تایبەتی كردم بۆ شاری هەولێر كەتا ئەو كات مامۆستا بووم لەزانكۆی سەلاحەددین.لەوێ دانیشتنێكی چەند سەعاتیمان لەگەڵ هونەرمەند موحەمەد عارف ئەنجام داو ،بەڵكو خزمەتێكی زۆریشی كردین.لەوێوە تێگەیشتم كەپەیوەندی نێوانیان زۆر كۆن وپتەوە.مامۆستا موحەمەد عارف ڕووی كردە ماموستا عەلی گووتی "لەبەر یەك شت حەز دەكەم بچیت بۆ ئەڵمانیا ئەویش وەرگرتنی زانیارییەكانی سەردەمە لەسەر هونەری شێوەكاری.بەپێچەوانەوە حەز ناكەم نیشتمان بەجێ بهێڵیت..تكا دەكەم ڕۆژێك بگەڕێیتەوە ووڵات".مامۆستا موحەمەد عارف زۆر حەزی بەوە نەدەكرد كەزانیارییە تایبەتییەكانی خۆی بدات بەكەسانی تر،بەڵام تەواو پشتی بەمن ئەستوور بوو یان هیچ ترسێكی نەبوو.ئەوەی لەیادەمە دەیگووت" لەڕەواندوز لەساڵی 1937 لەدایك بووم ولەساڵی 1957 پەیمانگای هونەرە جوانەكانم لەبەغدا تەواو كردووە ودواتر ڕووم لەمۆسكۆ كردووە ولەساڵی 1967 بڕوانەی ماستەرم لەكۆلێژی هونەرە جوانەكانی مۆسكو بەدەستهێناوە".بەوپێیەی ئەو كات،بەهۆی نەبوونی پسپۆڕی ئەكادیمی لەبواری شێوەكاری،لەزانكۆی سەڵاحەددین كولێژێك یان بەشێك نەبوو بەنێوی هونەرە جوانەكان.بۆیە نزیكترین جێگە بۆ بەهرە وپسپۆڕییەكەی مامۆستا موحەمەد عارف بریتی بوو لەكۆڵێژی ئەدەبیات.لەم كۆڵێژە وبەگوشاری بەندە توانرا گەلەرییەك بدرێت بەمامۆستا.لێرەدا پێویستە ئاماژە بەڕۆڵی پرۆفیسۆر ئازاد نەقشبەندی بكرێت كەئەو كات ڕاگری كۆڵێژ بوو وەتەواو پشتگیری لەتواناكانی مامۆستا كرد.

گەلەرییەكە خۆی بۆخۆی ببووە سەنتەرێكی هونەری بۆ ئەو خوێنكارانەی كەحەز وخولیا وبەهرەیەكی هونەرییان هەبوو.ئەمەش لەكاتی پشوویاندا،یان لەڕۆژانی پشووی هەفتەدا.

زۆربەی كەرەستەكانی ئەم گەلەرییە بەكاغەز وقوماش وبۆیەی ئاوی وزەیتی كەوتبۆوە سەر ئەستۆ وگیرفانی مامۆستا خۆیەوە.جار جارەش ڕاگرایەتی یارمەتییەكی دەدا بەڵام وەك پێویست نەبوو.هەموو جار دەیگووت"هونەرەكەم لەهەموو شتێێك زیاتر خۆشم دەوێت ونانێك كەمتر دەخۆم".لەگەلەرییەكەدا دڵسۆزانە كاری دەكرد وتەواو دەچووە نێو تیۆر وبنەماكانی هونەری شێوەكاری.هەندێك جار داوای لەمن دەكرد كەلەڕووی ڕێبازە فەلسەفییەكانەوە قسە لەسەر تابلۆكان بۆ ئامادەبووانی خوێندكاران بكەم.خۆێنكارەكانیش بەپەرۆشییەوە دەهاتنە هۆڵی گەلەرییەكە.هەر لەنێو گەلەرییەكەدا مامۆستا كتێبخانەیەك بەسەرچاوە هونەرییەكانی دروست كرد.بەشێك لەو سەرچاوانە ئەو كتێبانە بوون كەمامۆستا خۆی لەڕووسییەوە وەریگێڕابوونە سەر زمانی كوردی وعەرەبی.

هەر ئەو كاتە ڕۆژێك مامۆستام بینی زۆر نیگەران وتووڕە بوو كەئەمە یەكەم جارم بوو بەو شێوە تووڕەییەوە ببینم.تووڕەییەكەی لەجێگەی خۆی بوو لەكاتێكدا دەیویست پلەی زانستی وەربگرێت وئەوانەی كەلەلیژنەی بەرزكردنەوەی پلەی زانستی كۆڵێژدا كاریان دەكرد بەهۆی كەمی ئەزموونی هونەرییەوە كارەكەیان بۆ ئەنجام نەدەدا.لێرەدا هاواری بۆ من هێنا ومنیش لەلایەكەوە لیژنەكەم قایل كرد كەپسپۆڕانی هونەری دەتوانن لەڕێگەی خوێندنەوە شیكارییەكان بۆ تابلۆكانیان دەتوانن لێكۆڵینەوە ئەنجام بدەن.لەلایەكی تریشەوە ڕاگرایەتی كۆڵێژیشمان قایل كرد بەوەی كەهەڵگرانی بڕوانامە هونەرییەكان بەنموونەی شێوەكاری دەتوانن پلەی زانستییەكایان بەرز بكەنەوە هاوشێوەی كۆڵێژە هونەرییەكان.بەمەش ڕێگرییەكان لەبەردەم مامۆستادا تا ڕادەیەكی زۆر چارەسەر كران.هەندێك جار بانگێشی مامۆستام بۆ بەشی زمانی عەرەبی دەكرد كەبەشێوازی سیمیناری چەند زانیارییەكی هونەری شێوەكاری پێشكەش بەخوێندكاران بكات.لەپێشكەشكردنی سیمینارەكانیدا زۆر زانستی وئەكادیمیانە باسی لەو هونەرە دەكرد.ئەمە جگە لەوەی شێوازی پێشكەشكردنەكەی هاوشێوەی شارەزایان وئەكادیمیانی ئەوروپایی بوو.زۆر هێمنانە ولەسەرخۆ دەچووە نێو بابەتەكانی.

لێرەوە بۆم دەركەوت كەئاستی ڕۆشنبیری وئەكادیمی مامۆستا لەئاستێكی هەرە بەرزدا بوو.ڕۆژێك پەیوەندی پێوەكردم وگووتی"خۆشحاڵ دەبم پێكەوە ولەگەڵ بەشێك لەخوێندكارەكان گەشتێكی هونەری لەناوچەی شەقڵاوە وڕەواندز ئەنجام بدەین".منیش داواكەیم ڕەت نەكردەوە وبۆ بەیانی بەپاسێك كەخۆی بەكرێی گرتبوو كەوتینە ڕێ.بەڕاستی گەشتێكی لەبیرنەكراوە.لەو گەشتەدا داوای لەخوێندكاران كرد كەڕاستەوخۆ دیمەنی سروشتی كوردستان بگرن.هەر یەكەو بەپێی ئازادی وسەربەستی وخواستی خۆی دیمەنێكی هەڵدەبژارد.ئەوەی سەرنجی ڕاكێشام ئەوەبوو كەدڵسۆزانە سەرپەرشتی سەرجەم خوێندكارانی دەكرد ودەگڕا بەسەریاندا وزانیاری ووردی دەدانێ.هەر ئەو كات تابلۆیەكی خۆی پێشكەشكردم كەلەسەری نووسراوە"ماڵ ئاوایی شۆڕە سوار،1975 ".لەپشتی تابلۆكەش ئەم دەستەواژەیەی بۆ نووسیوم"پێشكەشە بەبرای كوردپەروەر دكتۆری پایە بڵند كاك (زاهیر )ی بەڕێز لەگەڵ خۆشەویستیمان.محمد عارف ،5 / 1 / 1994 ".

گەر زیادەڕۆیی نەكەم ئەوا ڕۆژ نەبووە كەمامۆستا نەبینم وباس لەهونەر نەكەین.گەرچی لەتەمەندا لەمن گەورەتر بوو بەڵام بەخشندەیی مامۆستا كارێكی وایكردبوو كەڕێز لەكەسەكان بگرێت بەجیاوازی فیكر وئایدیا.بۆیە هەستم نەدەكرد كەلەنێوانماندا جیاوازی زەمەن وتەمەن هەیە.كاتێكیش لەساڵی 1995 ڕاژەكەم گواستەوە بۆ زانكۆی سلێمانی زۆر دڵگران بوو چونكە دەیگووت "تۆ تەواو لەمن دەگەیت وڕێز لەهونەر دەگریت".لەگەڵ ئەمەشدا هەمیشە لەپەیوەندی دانەبڕاین.لەساڵی 2004 كاتێك بەهەوڵ وتێكۆشانی مامۆستا كۆلێژی هونەر لەزانكۆی سەڵاحەددین دامەزرا وكرایەوە پەیوەندییەكی پێوە كردم گووتی"زۆر حەز دەكەم بەووتنەوەی وانەی ڕێبازە ئەدەبی وفەلسەفییەكان بەقوتابیان بەشدار بیت لەپڕۆسەی خوێندن لەكۆڵێژ".منیش سوپاسم كرد ولەهەمان كاتدا داوای لێبووردنم لێ كرت بەوەی ئەركێكی زۆرم لەسەر شانە وناتوانم كارەكە ئەنجام بدەم.هەر لەو ساڵەدا بوو كەبڕوانامەی دكتۆرای لەفەلسەفەی هونەر لەزانكۆی سەڵاحەددین بەدەستهێنا وهەر ئەو كات جوانترین پیرۆزبایم لێ كرد.كاتێكیش كەبوو بەڕاگری كۆڵێژی هونەر پەیوەندیم پێوە كرد وگووتم"مامۆستا من بەهۆی وەرگرتنی پۆستی ڕاگرایەتی، بۆ ماوەی شەش ساڵ، وەك پێویست لێكۆڵینەوەم نەنووسی .تكایە هەڵەكەی من دووبارە مەكەرەوە.ئەوەبوو ماوەیەك تا كۆڵێژەكە كەوتە سەر ڕێڕەوی خۆی مامۆستا ئەو پۆستەی وەرگرت ودواتر وازی لەو پۆستە هێنا و گرنگی زیاتری بەهونەرەكەی دا.

گەرچی لەڕووی زەمەنەوە توانای مامۆستا لەئاستێكی هەرە بەرزدا بوو بەڵام لەكۆتایی ژیانیدا هونەرەكەی گەیشتە لووتكە.داخەكەم مەرگ هەمیشە ڕێگر دەبێت لەبەردەم پڕۆسەی ژیان ومامۆستاش لەساڵی 2009 ماڵئاوایی لێكردین.ماوەتەوە بڵێن كە مامۆستا كەسێكی بەخشندە وهونەر دۆست وكوردپەروەرێكی دڵسۆز بەخاك ونیشتمان بوو.هەمیشە دەیگووت "ئەسپی ووڵاتەكەم،لەجوانی وڕەسەنایەتی وئەركدا، لەئەسپی هیچ ووڵاتێك ناچێت".زۆر كاریگەر بوو بەشاعیرانی وەك خانی ونالی وحاجی وگۆران.كەشیعرەكانی گۆران ی بەنێوی " گوڵی خوێناوی " و " دەروێش عەبدولڵا "ی دەخوێندەوە تەواو چاوەكانی پڕ دەبوون لەفرمێسك.بۆیە ڕێزگرتن لەهونەری  ئەم هونەرمەندە كوردە هەڵكەوتووە،لەلایەكەوە ڕێزگرتنە لەچەمكی هونەر بەگشتی ولەلایەكی تریشەوە لەكوردبوونی  كوردستان بەتایبەتی بەوپێیەی ناوەڕۆكی زۆربەی هەرە زۆری تابلۆكانی دەرئەنجامی كوردستانیبوونە.دواتر تێگەیشتم كەئەسپەكەی موحەمەد عارف هەر كوردستان خۆیەتی كەزۆرێك لەتابلۆكانی داگیركردووە،بەڵكو كارێكتەرێكی هەرە سەرەكییە.






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved