20/10/2016 03:00 AM

خانەی کوردستانی لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی فرانکفۆرت و هەنگاوەکانی پەرەپێدانی کولتووری

هەر لە ٢٠١٤ بەدواوە ئارت پرۆداکشن (Art Production) وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی لە ڕێزبەندی پێشەوەی دەسگا ڕۆشنبیرییە کوردستانییەکاندا بەشداری کارەکی لە پێشانگای نێو دەوڵەتی فرانکفۆرت بە ئەنجام دەگەیەنێت، ئەم بەشداریبوونەش لە بۆنە کولتوورییە نێودەوڵەتییەکان پێوستییەکی بنەڕەتییە بۆ سەلماندنی سەربەخۆیی کولتووری کوردی لە نێو نەتەوەکانی جیهاندا. جێی ئاماژەیە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی فرانکفۆرت یەکێکە لە گرنگترین بۆنە کولتوورییە نێودەوڵەتییەکان، کە زۆرینەی میللەت و نەتەوەکانی جیهان بەشداری کارەکی و ڕاستەوخۆی تێدادەکەن، ساڵانە ئەم بۆنەیە لەشاری فرانکفۆرت- ماینی ئەڵمانیا ئەنجامدەدرێت و ئێستا تەمەنی دەگاتە پێنج سەد ساڵ، ئەم پێشانگایە لە شەش هۆڵی سەرەکی پێکهاتووە و لە پانتایی نزیک بە ٧٩١ هەزار مەتر دوجادا نمایشی خۆی دەکات. لەم بۆنەیەدا هەر ساڵەی وڵاتێک میوانی شەرەف دەبێت، ساڵانە نزیک بە ٧٣٠٠ خانەی نمایشکار بەشداری تیادا دەکەن. ئەم خانانەش لە ١١٥ وڵاتەوە ڕوو لەوێ دەکەن، ئەم پێشانگایە لەبنەڕەتدا بۆ مەبەستی بازرگانی دێتە ئەنجامدان، لە هەمانکاتیشدا هەڵێکە بۆ ئالوگۆڕی ڕۆشنبیری و نمایشکرنی کولتوور و هزر و هونەر نێوان مێللەتانی جیهان و دواجار نمایشکردن و پاراستنی ناسنامەی کەسایەتی ڕۆشنبیری خۆیان. هەر بۆیە بەشێک لە میللەتانەی خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ نین هەوڵدەدەن لەڕێگەی ئەم پێشانگایەوە نمایشی کولتوورەکەی خۆیانان بکەن. 

 

هەرێمی کوردستان ساڵانە بە سەرپەرشتی گشتی وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان و لە ڕێگەی جێبەجێکاری کارەکی دەسگای کوردۆلۆگییەوە لەم پێشانگایەدا بەشدار دەبێت، جێی باسە. هەرچەندە ئەم چالاکییە گرنگە لە دۆخێکی ناهەموار و نەخوازراوی کوردستاندا بەڕێوەدەچێت، بەڵام بە گەواهی هەموو میوانان و کارمەندانی ئەوێ، سەرکەوتنێکی ناوازە و بەرچاوی بەخۆوە بینیوە وئارت پرۆدۆکشن (Art Production)یش پشکداری سەرەکی لەم هەلە ڕۆشنبیرییەدا هەبووە و بەشێوەیەک زۆرانێک لە میوانانی بیانی سەرسامی خۆیان دەربڕن لەوەی کە شاندی کوردستانی بوێرانە توانیویەتی بە شێوەیەکی کارەکی بەشدار بێت و تێکڕای مەرجە پێویستییەکانی بەشداریکردنی خۆی بپێکێنێت.

 

یەکەم: خانەی کوردستانی و ڕێوڕەسمی نمایش
خانەی کوردستانی لەم بۆنەیەدا ساڵانە میوانێکی شەرەفی دەبێت کە زۆرینەیان لەنێو هونەرمەندان و کەسایەتییە فیکرییەکاندا دەبێت بۆ نموونە میوانی شەرەفی ساڵی ٢٠١٤ هونەرمەنی ناسراوی کوردستانی بەڕێز مەزهەری خالەقی بوو کە بەڕێزەوە لە لایەن ئیدارەی سەرەکی پیشانگای فرانکفۆرتەوە داوەتی ڕەسمی بۆی کرابوو و لەڕێوڕەسمی بەشداریکردنی ئاهەنگی کردنەوەی پێشانگا بەشداربوو.
بێگومان لەم ڕێوڕەسمەدا، زۆرینەی سەرەکوڵاتان و وەزیرانی کولتوور و کەسایەتییە کارگێڕییە کولتوورییەکان ئامادە دەبن و بەشێوەیەکی گشتی شاندی کوردستانی لە کۆمەڵێک شارەزایانی پیشەیی و کارمەند پێکدێن هاوکات بوارێکی فرەوانتر دەبەخشن بە بەشدارپێکردنی نووسەران و هونەرمەندان و ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان بە شێوەیەک هەر تەنها لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٦ نزیک بە ٤٥ کەسایەتی لە ڕۆشنبیرانی کوردستانی بواری بەشداریپێکردنی پێبەخشرا کە لە نێوانیاندا کارمەندان و کارگێڕییەتی ئارت پرۆدۆکشن (Art Production) جێگەو پێگەیەکی تایبەتی خۆی هەبوو لە ئەنجامدانی چالاکییە هونەرییەکان و هەوڵدانی بێوچان بۆ گەیاندنی دەنگ و ڕەنگی کولتووری کوردی بە جیهانی دەرەوەی کوردستان. ئەمە و هەردەم کارمەندانی جێبەجێکاریش لە بەرلین و مانهایم و فرانکفۆرت و هەندێ شاری دیکەی ئەڵمانییاوە دێن و بەشێوەیەکی ورد و هێمنانە و بەردەوام ئەرکی جێبەجێکردن و چاودێری بەڕێوەچوونی چالاکییەکانی خانەکە و پێشوازیی میوانانی خانەکە و بەڕێوەچوونی پڕۆگرامی پیشانگاکە دەگرنە ئەستۆ ئەمەش بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە بەرچاوبێت و بە بە تۆکمەترین شێواز سەربخرێت و دواجار بتوانرێت ئامانجی سەرەکی خۆی بپێکێنێت.


لە خانەی کوردستانیدا ساڵانە زنجیرەیەک چالاکی ئەنجامدەدرین لە بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی لەمانەی خوارەوە پێکدێن:

1.نمایشکردنی چاپەمەنی وکتێبەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان. 
2. نمایشکردنی چاپەمەنی بەرهەمەکانی دەیان دەسگای بەرهەمهێنانی هونەری و چاپەمەنی کوردستانی کە بەرهەمەکانی خۆیان بەمەبەستی بەشداربوون لە پێشانگاکەدا بۆ خانەکە دەنێرن، لەوانە:
•ئارت پڕۆداکشن (Art Production)
•دەسگای سەردەم 
•دەسگای وشە
•دەسگای ئایدیا
•دەسگای ئاراس
•دەسگای ژین
•ئەکادێمیای بەدرخان 
•دەسگای سپیڕێز 
•چاپەمەنی سۆران لە بەرلین
•دەسگای سیدۆنیا بۆ بەرهەمی دۆکۆمێنتاری.
•دەسگای باس 
•کوردستان بیستوچوار
•دەسگای جەمال عیرفان
•هەروەها کتێبەکانی ئەو دەسگا ئەڵمانییانەی کە چەند بەرهەمێکیان تایبەتن بە کوردستان و مێژوو و کولتوورەکەیەوە بێگومان ئەم بەرهەمانە وەک بەرهەمەکانی وەزارەت زۆر بە ڕێزەوە نمایشیان بۆ دەکریت.
•ئەمانە جگە لە کتێبەکانی خودی وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان. 
3.بەخشینی خەڵاتەکانی ڕێزلێنان بۆ خۆبەخشنی ئەم ساڵانەی پیشانگاکەیە، کە ڕووێکی دیکەی گەشی ئەم چالاکییانەن کە لە ڕۆژی چوارەمی چالاکییەکانیشدا وەک نەریتی ساڵانەی خانەی کوردستانی و ڕێوڕەسمی بە ناوی وەزیری ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان دەبەخشرێت. لە هەمان کاتیشدا لەم خانەی کوردستانیدا خەڵاتی ڕێزلێنانی کوردۆلۆگی بۆ بیری ئازاد بە میوانی سەرەکی کوردستان دەبەخشرێت. 

ساڵانە ڕێژەیەکی دیار لە نووسەرانی کوردستان و بیانی بەهاتنیان و بەهێنان و نمایشکردنی ڕێژەیەکی زۆر لە بەرهەم و سیدی و کتێبەکانییان خانەی کوردستانی دەگەشێننەوە، جا ئەمانە هەندێکیان لە ڕێگەی ئارت پرۆدۆکشن (Art Production) ەوە بووبێت یان لە ڕێگەی دەسگەکانی دیکە کە پشتیوانییان دەکرێت بۆ بەشداری کردنەکە، هەروەها چەندین میوانی دیکە لە خوێنکارە زانکۆییە کوردەکانی ئەڵمانیا و دەیانی دیکەی بڕەودەر بە کاری ڕۆشنبیری کوردی و کوردناسی لە سەرتاسەری ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەوروپا ئامادەی ڕۆژانی ئەم چالاکییە دەبن لەپاڵ ئەمانەشدا ڕێژەیەکی بەرچاو لە ڕۆژنامەنووسان خانەکە بەسەردەکەنەوە.
میوانان و بەشداربووان بە تایبەت نووسەران و هونەرمەندان و ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی ڕەوەندی کوردی ئەوروپا بە سەردانی بەردەوام ستایشی کە ساڵانە بەشی هەرەسەرەکی ئەرکە داراییەکەی بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چاپ بەخۆیەوە دەگرێت و وەک ئەرکێکی وەزارەت دەیخاتە باری جێبەجێکردنەوە، هاوکات دیسانەوە ستایشی ئەم هەوڵەی بەشداریکردن دەکرێت کە لەم قەیرانەداراییەدا و لەم دۆخە ناهەموار و نەخوازراوە سیاسیەدا توانیویەتی دەستپێشخەر و پێشەنگ بێت لەم بەشداربوونە نێودەوڵەتییە و و دیسانەوە توانیویەتی لە ئەنجامدانی چالاکییە دەرەکییەکانی کوردستان دانەبڕێت و درێژە بە ئامادەباشی و بەشداربوونی خۆیەوە بدات.
کتێب و سیدی و وێنە نمایشکراوەکانی خانەی کتێبی کوردستانی لە پێشانگای فرانکفۆرت لە بواری جیاجیا و بە چەندین زمان بوون:

 

1. لە ڕووی جۆڕاوجۆرییەوە: کتێبەکان بە گشتی لەو بوارە ڕۆشنبیرییانەدا بوون کە بەردەست بوون بە تایبەی لە بوارەکانی: ڕۆژنامەوانی، ئەدەبیات و ڕەخنەی ئەدەبی بەگشتی، هونەر، ببیرەوەرینامە، مێژووی کوردستان، شوێنەوارناسی.
2. لە ڕووی زمانەوە: کتێبەکان بە گشتی نیوەیان بە زمانی کوردی بوون و نیوەکەی دیکەشی بە زمانانی دیکە بوون، واتا لە پاڵ زمانی کوردیدا ڕێژەیەکی بەرچاو لە کتێب بە زمانانی: ئینگلیزی، ئەڵمانی، تورکی، عەرەبی، لەبەر چاوبوون.
دووەمەم: میکانیزمی بەڕێوەچوونی چالاکییەکانی خانەی کوردی لە پێشانگا و خۆبەخشەکانی:
میکانیزمی بەڕێوەچوونی چالاکییەکانی خانەی کوردستانی لە پێشانگای فرانکفۆرت بە شێوەیەکی گشتی لە جێبەجێکردنی زنجیرەیەک ئەرکی جۆراوجۆر پێکهاتووە ئەم ئەرکانەش خۆبەخشانە  لەلایەن سەردەستەی دەسگاکانەوە بەڕێوە دەچێت بۆ نموونە ئارت پرۆدۆکشن (ArtProduction) سەرپەرشتی بەشەکەی خۆیدەکات هاوکات دەستەیەک لە کارمەندی زۆر شارەزاوە جێبەجێ دەکرێن کە ئەوانیش پێکهاتوون لە: 
1.سەرپەرشتی گشتی بەڕێوەبەری ئەرکەکانی خانەی کوردستانی و جێبەجێکردنی وردەکارییەکانی ئەمەش تائێستا سەرکەوتووانە لە لایەن سەرۆکی دەسگای کوردۆلۆگی بەڕێز د. سەروەر عەبدوڵڵاوە ئەنجامدراوە.
2.بەپرسی مێدیایی و ڕاگەیاندنی ڕۆژانەی چالاکییەکانی خانەی کوردستانی و بەڕێوەبەری پڕۆگرامەکانی میوانی شەرەف و میوانانی خانەکە بەگشتی. ئەمەشیان بەبەردەوام بەرێز یوسف محەمەد مەنتک خۆبەخشانە و بەسەرکەوتوویی پێیەوە هەڵساوە.
3.بەڕێوەبەری کارەکانی ناوەوەی خانەی کوردستانی و دیزاینەر و دیکۆریستی خانەکەکە هەردەم بەڕێز عەبدولغەنی کاکۆ پێیەوە هەڵدەستێت.
4.هاوکاری سەرەکی پەیوەندی و کارەدەرەکییەکانی خانەکە کە بەڕێز سەعید ساعیدی پێیەوە هەڵدەستێت.

سێیەم: بەخشینی بەرهەمەکان بەدیاری
هەر لە میانی بەرزڕاگرتنی چالاکییەکاندا ئەوا ساڵانە هەوڵدەدترێت بەشێکی دیاریکراو لە سیدی کتێبە بەشداربووەکانی ئەم خانە کوردستانییە بە دیاری ببەخشرێتە میوانانی خانەکە کە هەندێکیان لە وڵاتانی دوورەوە دێن، بە تایبەت بۆ منداڵان و مێردمنداڵانی ڕەوەندی کوردستانی. بۆ نموونە هەموو ئەو کتێب و ئەلبووم و سیدییانەی کە ئارت پرۆدۆکشن (Art Production) لەگەڵ خۆیا هێنابووی ئەوا وەک دیارییەک بەخشییە ئەو میوانە کولتووردۆستانەی کە هاتنە خانەی کوردستانی لە فرانکفۆرت. بێگومان تێکڕای چالاکییەکانی خانەی کوردستانیش لە بەشدارییەکەی لە پێشانگای فرانکفۆرتدا بە وێنەی فۆتۆگرافی تۆمار دەکرێن و ساڵانە لە سیدییەک دەپارێزرێن و پێشکەش کارگێڕی بۆنەکە دەکرێن.

 

چوارەم: پێشنیاز و ڕاسپاردەکان:
دەکرێت لە میانی بەشداربوونمان وەک ئارت پرۆدۆکشن (Art Production) لە پێشانگای نێودەوڵەتیی فرانکفۆرتی ٢٠١٤ تا ٢٠١٦ سەرنجەکانی خۆمان لەم چەند پشنیازانە بخەینە ڕوو:
1. بەردەوامبوون لەم بەشدارییە نێودەوڵەتییە ئەرکێکی نیشتیمانییە و هەموو دەسگا ڕۆشەنبیرییەکان سەرباری دۆخە ناهەموارەکەوە دەکرێت پشکدار بێت تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی سنوورداریش بێت بەڵام لێیەوە دانەبڕێن.
2. زیادکردنی بەشداری بەو مەتریال و بەرهەمانەی بە زمانی ئەوروپایی بەتایبەت ئینگلیزی و ئەڵمانی و فرەنسی نوسراون یان دەنوسرێنەوە.
3. پشتگیری مەعنەوی وەزارەت بۆ خانەی کوردستانی لە پێشانگا، بۆ ئەوەی هانی خانەی دەسگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە کوردستانییەکان بدرێت پشکداری ئەم خانەیە بکرێت.
4. ساڵانە بە سوپاسنامە و خەڵاتی سینبوڵی بەشداربووان و خۆبەخشانی ئەم چالاکییە بەسەر بکرێنەوە  بۆ ئەوەی هاوکارییەکانیان بە هەند هەڵبگیرێت و هانبدرێن بۆ بەردەوام بوون لە هاوکارییە خۆبەخشانەکەیان.
5. ساڵانە فیتباکێک هەبێت بۆ چالاکییەکان لەم پێشانگایە نێودەوڵەتییە گرنگەدا. 
جێگەی شانازییە هەموو کارمەند وهاوکاران بە هەموو ئەو کتێب و مەتریالانەی هێنابوویان بۆ خانەکە سەرکەوتنێکێ ناوازە و بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. 

   سەفین ساڵح
بەرپرسی گشتی ئارت پرۆدۆکشن 
(Art Production)











زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved