19/7/2018 03:50 PM

شێخ لەتیف قەرەداغی، تەمەنێک لە وشەچنین

 

خەلیل  عەبدولڵا

شێخ لەتیف قەرەداغی كەسایەتییەكی دیاری بواری ئەدەبی‌و چاپەمەنییە، لەهەردوو كایەی چاپەمەنی‌و ئەدەبیدا خزمەتێكی زۆری بەگەل‌و نیشتمانەكەی كردووە. ئەو زۆربەی تەمەنی خۆی بەرێكخستن‌و چنینی پیتەكانی چاپخانە‌و ئەدەب‌و هۆنینەوەی مرواری شیعر بەخشی.هەر وەك خۆی لەشیعری ژیانی چاپخانەدا ئەڵێ‌:
ژیانی من لەچاپخانە لەناو پیتا توایەوە
چاوم كز بوو هەموو لەشم بەئاسانی پوكایەوە

شێخ لەتیف شێخ عارف قەرەداغی كە بەشێخە ناسراوە، ساڵی 1936 لەگەڕەكی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لەدایك بووە.هەر لەم شارە سەرەتا خراوەتە حوجرە‌و لای مامۆستا ئاینییەكانی ئەو سەردەمە دەرسە ئاینییەكانی خوێندووە، دواتر چۆتە قوتابخانەی ئاسایی‌و قۆناغەكانی سەرەتایی‌و ناوەندی خوێندووە. بەهۆی سەختی ژیان‌و گوزەرانەوە وازی لەخوێندن هێناوە.
ئیدی هەموو ژیانی خۆی بەدیار رێكخستنی پیتەكانی چاپخانە‌و تریفەی شیعرەوە بەسەر بردووە. ئەو تەمەنێك سەرقاڵی وشەچنین بووە، لەدوو بواردا مرواریی وشەكانی هۆنیوەتەوە،لەسەرەتای تەمەنی مێرمنداڵی لەرێی چاپخانەی ژینی پیرەمێردی نەمرەوە خۆی گوتەنی دەستلەملانی پیت‌و وشە بووە‌و بەو پەڕی عیشقەوە كاری پیتچنینی كردووە‌و كاروانی كار‌وخزمەت‌و بەخششەكانی بەچاپ‌و چاپەمەنی لە‌و چاپخانەیەوە بەڕێخستووە، دواتر لەچەندین چاپخانەی تر لەسلێمانی‌و هەولێر‌و بەغدا خزمەتی كردووە. لەناوەڕاستی ساڵانی شەستەكانیشدا وەك پێشمەرگەیەكی بواری چاپەمەنی بۆ ماوەی دوو ساڵ لە چاپخانەی شۆڕش لە گوندی سونێی سەر بەشارۆچكەی قەلادزێ‌ خزمەتی كردووە‌و ئەدەبیاتی شۆڕشی چاپكردووە.
بێ‌ لەكاری پیتچنین‌و چاپەمەنی، شێخ لەتیف قەرەداغی خولیای شیعریش بووە‌و هەر لە كۆتایی ساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابردووەوە دەستی بەهۆنینەوەی شیعر كردووە‌و خاوەنی چوار دیوانە شیعری چاپكراوە، كە ئەمانەن (دەردەكانی كۆمەڵ، چەپكە گوڵ، بەركوڵ، گڕی عەشق). هەروەها چەند دەقێكی شیعریی دەستنووس‌و چاپنەكراویشی هەیە.
شێخ لەتیف قەرەداغی سەرباری راژەكانی لە بوارەكانی ئەدەب‌و چاپەمەنیدا، بایەخیشی بە نووسینەوەی یاداشتەكانی داوە‌و لەدوو توێی كتێبیكدا بەناوونیشانی(تەمەنێك لە وشەچنین) تۆماری كردوون. شێخ لەتیف لەو كتێبەدا لاپەڕەكانی ژیان‌و تەمەنی زیاتر لە 70 ساڵی خۆی هەڵداتەوە‌و یادگارییە شیرین‌و تاڵەكانی لەحوجرە‌و قوتابخانە‌و چاپخانە‌و بازاڕ‌و گەڕەك‌و شار‌و شاخ خستۆتە روو.
ئەوەی جێگەی بایەخێكی زۆرە لەم یاداشتنامەیەدا ئەوەیە،كە شێخ لەتیف تیشكی خستۆتە سەر ئەو چاپخانانەی كە وەك پیتچن‌و رێكخەری پیت‌و كادیری بواری چاپەمەنی كاری تێدا كردوون، لەو چوارچێوەیەدا باسی (10) چاپخانەی كردووە كە ئەمانەن (ژین،كامەرانی، كاكەی فەلاح، شۆڕش، نەوڕەس، ئەنوەر جاف، كوردستان، زانكۆ، ئاشتی، الپلاپا‌و ).
زانیاری ورد‌و بەنرخی لەسەریان نووسیوە، باسی چاپخانەكان‌و خاوەنەكانیان‌و ئامێرەكان‌و كارمەندەكان‌و ئەو نووسەر‌و رووناكبیرانەی كردووە كە بەمەبەستی چاپكردنی بەرهەمەكانیان سەردانیان كردوون. بەوەش خزمەتێكی زۆری بەتۆماركردنی مێژووی چاپخانە‌و چاپ‌و چاپەمەنی لەكوردستان كردووە. هەروەها روناكی خستۆتە سەر ژیانی كۆمەڵایەتی شاری سلێمانی‌و وێنە‌و نیگاری قۆناغێكی گرنگی مێژوویی ئەو سەردەمەی كێشاوە. 
شێخ لەتیف قەرەداغی زیاتر لە 70 ساڵ خزمەتی بەرشتەكانی ئەدەب‌و چاپەمەنی كرد‌و 20ی حوزەیرانی 2018‌و لەتەمەنی 82 ساڵیدا بە یەكجاری ماڵئاوایی كرد‌و لەگردی سەیوانی شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا.
ئەو تەمەنێك لەگەڵ پیت‌و وشە‌و ئامێرەكانی چاپخانەدا ژیا‌و لێیان بێزار نەبوو، شوێن پەنجەی بەچاپكردنی كتێب‌و نامیلكە‌و گۆڤار‌و رۆژنامەكانی زیاتر لە نیو سەدەی باشوری كوردستان‌و عیراقەوە دیارە.
وەك سەربازێكی ون خزمەتی كرد‌و بەهێمنی ژیا‌و بەهێمنی ماڵئاوایی كرد، بەڵام ناوو ناوبانگ‌و بەرهەمەكانی هەمیشە وەك مەشخەڵ‌و چرایەكی داگیرسا‌و ئەمێننەوە.
دروودی رێزو وەفا‌و ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی شێخ لەتیف قەرەداغی شاعیرو وشەچن‌و رێكخەری پیتەكان.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved