ئا- هێدی جه‌مال عه‌بدوڵڵا هه‌رچه‌نده تائێستا هیچ زانستێكی هێنده پێشكه‌وتوو نییه له‌جیهاندا بتوانێت وه‌ك چۆن پێشبینی باری كه‌شوهه‌وا ده‌كرێت به‌و شێوه‌یه پێشبینی بومه‌له‌رزه بكات، به‌ڵام ڕه‌نگه ڕۆژێك بێت زانست هێنده‌ی تر پێشكه‌وێت و بتوانرێیت ئه‌و خه‌ونه‌ی مرۆڤ بهێنرێته دی. مرۆڤ هه‌ر له‌كۆنه‌وه و به‌هۆی گه‌شه‌كردنی ژیریی خۆیه‌وه توانیویه‌تی زۆر له‌مه‌ترسییه‌كانی سروشت تێبگات و هه‌رچه‌ند نه‌یتوانیوه كۆنترۆڵیان بكات ، به‌ڵام توانیویه‌تی له مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و كاره‌ساته سروشتیانه به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان خۆی به‌دوور بگرێت و زیانه گیانییه‌كانی ده‌رئه‌نجامی ئه‌و كاره‌ساتانه كه‌مبكاته‌وه یان هه‌ر نه‌یانهێڵێت، ئه‌وه‌ی هێشتا مه‌ترسیی گه‌وره‌یه بۆ سه‌ر ژیانی مرۆڤ بومه‌له‌رزه‌یه كه مرۆڤ و زانایان له ئاستیدا ده‌سته‌وه‌ستانن و ناتوانن بگه‌نه میكانیزمێكی وا بۆ ئه‌وه‌ی پێشبینی بكه‌ن و كه‌مێك له مه‌ترسی و زیانه‌كانی كه‌مبكه‌نه‌وه. له‌مباره‌یه‌وه (مایكل بلامپید) توێژه‌ری زانستیی له سه‌نته‌ری ڕووپێوی جیۆلۆجی ئه‌مریكا (USGS) له چاوپێكه‌وتنێكی ڕۆژنامه‌وانیدا‌و له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی داخۆ سه‌نته‌ره‌كه‌ی ئه‌وان یان هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كی جیۆلۆجیی دیكه ده‌توانێت پێشبینی ڕوودانی بوومه‌له‌رزه بكات؟، وتی» تا ئێستا هیچ دامه‌زراوه‌وه گروپێكی زانستیی ئه‌و توانایه‌یان نییه به سه‌ركه‌وتوویی پێشبینی كاتی بومه‌له‌رزه‌كه‌و ئه‌و شوێنه بكه‌ن كه بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی تێدا ڕووده‌دات، به‌ڵام توێژه‌ره‌وه‌كان زۆر سه‌ركه‌وتوون له‌وه‌ی هه‌ندێك زانیاریی گشتیی ڕابگه‌یه‌نن له باره‌یه‌وه، بۆ نمونه‌ش سه‌یری شێوه‌ی پلێته ته‌كتۆنییه‌كان بكرێت كه پێشتر و له‌ساڵانی ڕابردوودا بوونه‌ته هۆی بوومه‌له‌رزه، به هۆی ئه‌وه‌شه‌وه ده‌توانرێت زۆر باش و به وردی ئه‌و ناوچانه ده‌ستنیشان بكه‌ین كه ده‌كرێت بوومه‌له‌رزه‌ی تێدا ڕووبدات و ده‌شتوانرێت هه‌ر به هۆی ئه‌و پلێتانه‌وه هێز‌و گوڕی بوومه‌له‌رزه‌كان ده‌ستنیشانبكرێت»،. ئه‌و پسپۆڕه له درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی» ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست زانا و توێژه‌ره‌وانی جیۆلۆجیی ده‌كه‌وێت ده‌توانێت یارده‌ده‌ر و كاریگه‌ر بێت بۆ دانانی پلانی باش و زانستییانه له‌به‌كارهێنانی زه‌وییه‌كان له‌و ناوچانه و چۆنییه‌تی دروستكردنی باڵه‌خانه له‌سه‌ر زه‌وییه‌كان و ڕێگریی بكرێت له دروستكردنی باڵه‌خانه له‌و ناوچانه‌ی كه‌وتوونه‌ته سه‌ر هێڵی گه‌رمی بوومه‌له‌رزه». له‌باره‌ی ئه‌و پرسیاره‌ی كه له‌دوای بوومه‌له‌رزه گه‌وره‌كانه‌وه ده‌توانرێت پێشبینی ڕوودانی بوومه‌له‌رزه پاشكۆكانی بكرێت ؟ئایا ده‌توانرێت هێز و گوڕی ئه‌و بوومه‌له‌رزانه پێشبینی بكرێت؟ بلامپید وتی» له‌دوای هه‌ر بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی گه‌وره له‌وانه‌یه چه‌ندین بوومه‌له‌رزه‌ی دیكه ڕوبده‌ن، كه ده‌كرێت بۆ چه‌ند ڕۆژ و چه‌ند مانگ و ته‌نانه‌ت بۆ چه‌ند ساڵێكیش دووباره ببنه‌وه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌وانه‌ی دواتر له ڕووی هێز و گوڕه‌وه كه‌مترن ، زاناكان ده‌توانن بڵێن چه‌ند بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی تر ڕوو ده‌ده‌ن تا چه‌ند دووباره ده‌بنه‌وه، به‌ڵام ناتوانن بڵێن كه‌ی ؟ و له كوێ ؟ دووباره ده‌بنه‌وه». له باره‌ی ئه‌وه‌ی سه‌نته‌ره‌كه‌ی بلامپید و سه‌نته‌ره‌كانی دیكه‌ی جیۆلۆجی كار ده‌كه‌ن به مه‌به‌ستی پێشخستنی تواناكانیان بۆ پێشبینی كردنی بوومه‌له‌رزه؟ ئه‌و پسپۆره وتی « به‌ڵێ ئه‌وان به‌درێژایی 3 ده‌یه‌ی ڕابردوو چه‌ندین توێژینه‌وه‌یان كردوه بۆ پێشبینی كردنی بوومه‌له‌رزه»، ئاماژه‌شی به‌وه دا ئه‌وان هه‌وڵیان داوه هه‌موو ئه‌و نیشانه و ئاماژانه تۆمار بكه‌ن له‌سه‌ر زه‌وی كه به‌ر له ڕوودانی بوومه‌له‌رزه ده‌بینرێت و هه‌ستی پێده‌كرێت، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌ریه‌ك له‌سه‌نته‌ری ڕووپێوی جیۆلۆجی ئه‌مریكا و سه‌نته‌ری بوومه‌له‌رزه‌ی كالیفۆرنیا پێكه‌وه به‌هاوبه‌شیی توێژینه‌وه‌ی چڕ‌وپڕیان كردووه. بلامپید ئاماژه به‌وه ده‌دات كه له ناوه‌ڕاستی كالیفۆرنیا پلێتی (سان ئه‌ندریس)ی لیێیه كه به‌ناوه‌ڕاستی شارۆچكه‌یه‌كدا ده‌ڕوات به ناوی پارك فێلد، له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا پێشبینی ئه‌وه كراوه كه بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك به گوڕی (6) پله‌ی ڕیخته‌ر له ناوچه‌كه ده‌دات، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئه‌و زانیارییانه بووه كه له داتا كۆنه‌كانه‌وه ئاماده كراوه ، به‌وه‌ی كه هه‌ر (20-25) ساڵێك بومه‌له‌رزه‌یه‌كی به‌هێز ناوچه‌كه‌ی هه‌ژاندووه، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه سه‌نته‌ری ڕووپێوی جیۆلۆجی ئه‌مریكا له ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا پێی وابوو ده‌توانێت پێشبینی بومه‌له‌رزه‌یه‌كی تر بكات ، بۆیه چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی وردیان ئه‌نجامدا به مه‌به‌ستی تۆماركردنی هه‌ر زانیارییه‌ك كه په‌یوه‌ندی به بومه‌له‌رزه‌وه هه‌بێت و بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ندین ئامێری پێشكه‌وتویان به‌كار هێنا، به‌ڵام ئه‌وه بوو پێشبینیه‌كان ڕاست ده‌رنه‌چوون و نه له‌هه‌شتاكان و ته‌نانه‌ت له نه‌وه‌ده‌كانیش بوومه‌له‌رزه ڕووی نه‌دا، به‌ڵكو له ساڵی 2004 دا بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك ڕوویدا. ئه‌و پسپۆڕه ده‌ڵێت» هه‌رچه‌نده له‌ڕێگه‌ی چه‌ندین ئامێری پێشكه‌وتووه‌وه زانیاریمان تۆمار كرد، به‌ڵام هیچیان سودیان نه‌بوو له‌وه‌ی ئاماژه‌یه‌كمان پێ بده‌ن سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ی بوومه‌له‌رزه ڕووده‌دات وهاوكاتیش خودی زه‌ویش هیچ ئاماژه‌یه‌كی پێشوه‌خته‌ی نه‌داینێ، وه‌ك له‌رزین و ئاماژه ئه‌لكترۆنییه‌كانی دیكه تا پێمان بڵێت بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك له ئانوساتدایه زه‌وی بهه‌ژێنێت، هه‌ر بۆیه ئه‌وه بۆی ده‌رخستین كه پێشبینكردنی بوومه‌له‌رزه كارێكی زه‌حمه‌ت و بگره مه‌حاڵیشه. سه‌باره‌ت به پێشبینی كردنی ڕودانی بوومه‌له‌رزه له‌سه‌ر پلێتێكی دیاریكراو ، بلامپید وتی» هه‌ندێك پلێت وا ده‌كات بتوانرێت پێشبینی كردن بۆ بوومه‌له‌رزه ئاسان بكات، بۆ نمونه‌ش پلێتی (های وارد)له خۆرهه‌ڵاتی سانفرانسیسكۆ ، (هایوارد) مێژوویه‌كی دوور‌و درێژی هه‌یه له ڕوودانی بوومه‌له‌رزه و زانایانی جیۆلۆجی له ناوچه‌ی لێكخشانی پلێته‌كانیان كۆڵیوه‌ته‌وه و بۆ ئه‌وه‌ی له پێكهاته‌ی به‌رده‌كانی ناوچه‌كه تێبگه‌ن ، سه‌باره‌ت به‌وه پرسیاریان هه‌یه كه داخۆ بۆ هه‌ر 140 ساڵ جارێك بوومه‌له‌رزه له‌و ناوچه‌یه ڕوده‌دات له گه‌ڵ هه‌ندێك جیاوازی له ساڵه‌كان؟، دوا بوومه‌له‌رزه‌ش له‌و ناوچه‌یه له ساڵی 1868 بووه كه بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی وێرانكه‌ر بووه، ئێستاش به پێی زانیارییه ورده‌كان، پێشبینی ده‌كرێت بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك ڕووبدات، به‌ڵام هێشتا ناتوانرێت بزانرێت بومه‌له‌رزه‌كه به‌یانییه یان 10 ساڵی تر یان 20 ساڵی تره، به‌ڵام ئه‌وه‌نده ده‌زانرێت كه ده‌كرێت بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك له ناوچه‌كه ڕووبدات و به‌پێی تۆماره مێژووییه‌كان و پلێته‌كانیش بێت پێشبینی ده‌كرێت گوڕه‌كه‌ی (6.8) بێت به پێی پێوه‌ری ڕیخته‌ر ئه‌مه‌ش بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی وێرانكه‌ره، هه‌ر بۆیه ده‌توانرێت پلان دابنرێت بۆ خانوبه‌ره‌و به‌كارهێنانی ئه‌و زه‌وییانه‌ی خانووه‌كانی له‌سه‌ر دروست ده‌كرێت و ئه‌و ماددانه‌ی خانووه‌كانی پێ دروست ده‌كرێن». له وه‌ڵامی پرسیارێك سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه تا چه‌ند ئاژه‌ڵ و زینده‌وارانی دیكه پێشبینی بوومه‌له‌رزه ده‌كه‌ن و ئایا ڕاسته هه‌ندێك له ئاژه‌ڵان ئه‌و توانایه‌یان هه‌یه؟ بلامپید وتی» تا ئێستا چه‌ندین توێژینه‌وه له‌مباره‌یه‌وه له‌زۆر ناوچه‌ی جیهاندا كراوه، تا هیچ یه‌ك له‌و توێژینه‌وانه نه‌یانتوانیوه بگه‌نه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه هه‌ڵسوكه‌وتی گیانله‌به‌ران بتوانێت پێشبینی بوومه‌له‌رزه بكات، ئه‌وه‌ی زانراوه ئه‌وه‌یه كه ئاژه‌ڵه‌كان زۆر هه‌ستیارن به‌رامبه‌ر به جوڵه‌ی زه‌وی پێش ئه‌وه‌ی مرۆڤ دركی پێ بكات و زۆر جار ئاژه‌ڵه‌كان هه‌ست به جوڵه سه‌ره‌تاكان ده‌كات به‌ر له‌وه‌ی مرۆڤ هه‌ست به‌جوڵه‌ی زه‌وی و ته‌نه‌كانی ده‌وروبه‌ری بكات. له‌كۆتاییدا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی هیچ ڕێوشوێنێك گیراوه‌ته به‌ر یان ئامێرێك هه‌یه هه‌ندێك له مه‌ترسیی و زیانه‌كانی بوومه‌له‌رزه كه‌مبكاته‌وه؟ ئه‌و پسپۆڕه وتی» به‌ڵێ ، ڕه‌نگه زۆر كه‌س بزانێت ئامێری ( پ ی وه‌یڤ دیتیكتۆر) چییه كه له‌سه‌ر بۆری گازی ماڵان ده‌به‌سترێت و هه‌ر جووڵه‌یه‌كی تۆماركرد ئامێره‌كه یه‌كسه‌ر سوڕی گازه‌كه ده‌كوژێنێته‌وه پێش ئه‌وه‌ی بوومه‌له‌رزه گه‌وره‌كه ڕووبدات، ئه‌مه‌ش ڕێگه‌یه‌كه بۆ سه‌لامه‌تیی هاوڵاتیان و ڕیگریی له ئاگر كه‌وتنه‌وه ده‌كات له كاتی بوومه‌له‌رزه‌دا. هه‌روه‌ها ڕێگه‌یه‌كی دیكه ئه‌وه‌یه كه ئامێری (سیسمۆمیته‌ر) دابنرێت له‌و شوێنانه‌ی له‌سه‌ر هێڵی گه‌رمی بوومه‌له‌رزه‌ن، چونكه كاتێك له‌رزینه سه‌ره‌تاكه ده‌ستی پێكرد ئامێره‌كه تۆماری ده‌كات وله ڕێگه‌ی سیستمی كۆمپیوته‌ره‌وه ده‌توانێت بیگوێزێته‌وه بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی كه دوورن له هێڵی بوومه‌له‌رزه‌كه و خه‌ڵك له ڕوودانی بوومه‌له‌رزه‌كه ئاگادار ده‌كرێنه‌وه. ئه‌م سیستمه ئێستا له ژاپۆن و مه‌كسیك به‌كار دێت و له ئه‌مریكاش توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له سوده‌كانی دڵنیا بین».
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure