9/10/2018 05:10 PM

عومەری كەریم ئاغا وچەمكی تەوسگەرایی

 پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

بەوپێیەی مرۆڤایەتی هەر لەكۆنەوە ڕووبەڕوی گرفت وكێشەكان بۆتەوە ئەویش بەهۆی ستەمەكانی هێزی باڵای دەسەڵات وكۆیلایەتی چینە هەژار ودەستكورتەكان ئەوا لەهەمان كاتدا كەسە بەئەزموونەكان بیریان لەڕێگە چارەیەكی فیكری كردۆتەوە بەمەبەستی ڕاگرتنی باڵانس وپڕكردنەوەی بۆشاییەكان.ئەریستۆفانیسی یۆنانی كۆن لەڕێگەی كارە كۆمیدیاكانییەوە،وەك ئەركێكی ئەخلاقی وئەدەبی گاڵتەی بەكۆمەڵگاكەی خۆی دەهات لەكاتێكدا قایل دەبوون بەسەرجەم بڕیارەكانی هێزی باڵای دەسەڵات.هەر لەبەر ئەمەش بووە نازناوی باوك، یان میری كۆمیدیای كۆنیان، پێ بەخشیوە.لەزەمەنی ڕیسانسیشەوە،بەنوونەی ئەدەبیاتی ئەلسكەندەر پۆپ ی ئینگلیزی وجۆناسان سویفت ی ئیرلەندی وگۆگل ی ڕوسی، تەواو چەمكی تەوسگەرایی لەبەرهەمە ئەدەبییەكاندا ڕەنگی داوەتەوە و بوێرانە نووسەران كەوتونەتە ڕەخنە لەكۆمەڵگا ودەسەڵات.گەرچی تەوسگەرایی بەمانای پێكەنین لەپێناو پێكەنیندا نایەت كەئەمە جۆرێكە لەقۆشمەچێتی (تهریج) بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا لەڕێگەی كردارە كۆمیدیاكانەوە دەتوانێت بچێتە نێو جومگەكانی كۆمەڵگاوە وبەشێوازێكی ڕەخنە ئامێز كەموكوڕی وهەڵە وشتە ناشیرین ونامۆكان بۆ تێكڕای خەڵكی دەردەخات یان ئاشكرایان دەكات.بەمەش لەلایەكەوە تەوسگەرایی ئاوێنەیەكی ڕاستەقینەی كۆمەڵگایە بەشتە جوان وناشیرینەكانییەوە.لەلایەكی تریشەوە پارێزگاری لەبەها مرۆڤایەتییەكان دەكات.ئەمەیان جۆرێكە لەچەكی هەستیاری بەوپێیەی خاوەن تەوسگەراییەكان،بەنموونەی عومەری كەریم ئاغا،مەبەستیانە كەتاكی كۆمەڵگا هوشیار بكەنەوە لەگەندەڵییەكان.هەر ئەمەش وایكردووە كە كەڕەخنەگران بڵێن "تەوسگەرایی شێوەیەكە لەشێوەكانی ئەدەبی بەرەنگاری دژ بەگەندەڵكاران".كەواتە تەوسچییەكان ڕۆژانە و وەك كەسێكی گەڕۆك دەگەڕێن وچاودێری ووردی دیمەنەكانی تێكڕای خەڵكی، بەهەژار ودەوڵەمەند وتەنانەت پیاوانی دەسەڵات، دەكەن ودواتر بەكاری پۆڵینكردنی ئەو دیمەنانە هەڵدەستن وگوڵبژیری دەكەن لەگرنگەوە بۆ گرنگتر وگرنگترین.لێرەدا بەرهەمەكانیان پێدەنێتە گوتارە ڕوشنبیرییەكان كەكارنامەی سەرەكی ئەم گوتارە بریتیە لە:
- بەئاگابوونی تێكڕای خەڵكی بەو هەڵە وكردارانەی كەڕۆژانە ئەنجامی دەدەن .ئەمەش جۆرێكە لەتاقیگە پەروەردەییەكان.
- چاوپیاخشاندنەوە بەكردارەكاندا،ئەمەش بەمەبەستی گۆڕینی ئاڕاستەكانە لەناشیرینەوە بۆ جوان بەوپێیەی تەوسگەرایی لەبنەڕەتدا دەربڕینێكی ئیستاتیكی وویژدانییە ولەڕێگەی هەڵوێستەكانەوە دەگەڕێت بەدوای مەسەلەكانی تێكڕای خەڵكیدا.گومانیش لەوەدا نیە كەمەبەستی سەرەكی ئەم كارە دەگەڕێتەوە بۆ ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵانەی كەبوونەتە سەرچاوەیەكی گرنگی گەندەڵییەكان.
- گەورەكردن وفراوانكردنی هێزە هزری وفیكری ومەعریفییەكانی تاك وەك ئەوەی تا ڕێژەی ئەو هێزانە لەگەورەبووندا بێت ئەوا لەبەرامبەردا كێشەكان بەرەو چارەسەر دەڕۆن.
- خوڵقاندنی بوێری لەنێو تێكڕای خەڵكیدا وەك ئەوەی هۆكارە سەرەكییەكانی سەرهەڵهەدانی گەندەڵی دەگەڕێتەوە بۆ وونبونی بوێری وئازایەتی وئازادی..
- ڕاهێنان لەسەر چەمكی ڕەخنەگرتن بەوپێیەی تەوسگەرایی لەناوەڕۆكدا كردارێكی ڕەخنەییە دەرهەق مەسەلە ودۆخ وكەسەكان.
- چاكسازی لەڕەفتاری كەسەكان بەجیاوازی تەمەن وفیكر وئایدیا وچین وئاستەكان. تاڕەفتاری تێكڕای خەڵكی بەشێوە چەقبەستووەكان بێت ئەوا هێزی گەندەڵی وئێش وئازارەكان لەگەشەدا دەبن.هەر لەبەر ئەمەشە تەوسچییەكان دەیانەوێت وبەڵكو خوازیارن كەئاڕاستەی ڕەفتارەكان بگۆڕدرێت.
- یەكگرتنی دید وبۆچوونەكانی تێكڕای خەڵكی بەتایبەتی بەرامبەر بەمەسەلە ناشیرین وقێزەوونەكان وەك ئەوەی گەر ئەو دید وبۆچوونانە یەكنەگرن ئەوا ئەو مەسەلانە بەكراوەیی دەمێننەوە وبەردەوامیشیان دەبێت.
- ڕزگاربوون لەچەمكی زۆرداری كەهۆكارێكی سەرەكی سەرهەڵدانی گرفتە سۆسیۆڵۆژی وسایكۆڵۆژی وفیكرییەكانە.
- دروستبوونی قەوارەیەكی ڕۆشنبیری لەنێو تێكڕای خەڵكیدا وەك ئەوەی سەرچاوەی نەهامەتییەكان وونبونی ڕەهەندە ڕۆشنبیرییەكان بێت.
هەموو ئەمانە ئاماژەن بەوەی كەنووسینە تەوسگەراییەكان پێویستیان بەكەسە ئەزموونەكانە كەتوانای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی گۆڕینی ئاڕاستەكانیان هەیە لەخراپەوە بۆ جوان.لێرەدا كەسێتی تەوسگەرایی پێویستیان بەم جەمسەرانەی لای خوارەوەیە:
 - جەمسەری عەقڵی.خاوەن تەوسگەراییەكان هەڵگری خەسڵەتەكانی زیرەكی وخەیاڵی ولۆژیكین كەزۆر جار بەرهەمی ئەم خەسڵەتانە لەڕێگەی ڕەهەندە كتوپڕییەكانەوە دەخوڵقێن.واتە،هێزە كەڵەكەبووەكانی عەقڵ دەبنە سەرچاوەیەكی ووزەبەخش بۆ دەبڕینە فیكری وسۆسیۆڵۆژی وسایكۆڵۆژییەكان.بۆ نموونە،عومەری كەریم ئاغا لەیەكێك لەدیمەنەكانیدا دەڵێت"لەكاتی دەسەڵاتی رژێمی بەعسدا،كەسێكی بەعسی هەبوو زۆر زۆر بێناموس وپیاو خراپ بوو،ناوو شۆرەتی خراپی لەناو خەڵكیدا بڵاوببۆوە.سەیر لەوەدا بوو لەكاتی ڕاپەڕینەكەدا نەكوژرا ووەكو بەرزەكی بانان بۆی دەرچوو.دوای ڕاپەڕین چاوم بەم خۆفرۆشە كەوت.وتم:ها !فڵان چۆنی لەچیدای؟وتی:ئاغا گیان زۆر باشم،هەر خوا بێحورمەتمان نەكات.هەر كەئەمەی وت یەكسەر وتم:جاتوخوا لەتۆ بێحورمەتتر هەبوو!" (كەشكۆڵی ئاغا ،عومەری كەریم ئاغا،بەرگی چوارەم،دەزگای چاپ وپەخشی جەمال عیرفان،2012 : لاپەڕە- 76-77).قسەكەر كەعومەری كەریم ئاغا خۆیەتی،لەپاڵ ئەوەی كەسێكی ووریا وخاوەن ئەزموونێكی ژیانی وفیكری بەهێزە ،ئەوا كەسێكی بوێریشە ووەڵامێكی زیرەكانە وخێرای كابرای خۆفرۆشی دایەوە كەتەواو دەگونجا لەگەڵ كەسێتی ئەم خۆفرۆشە.لەهەمان كاتیشدا ڕەخنە لەدەسەڵاتیش دەگرێت كەكەسە خۆفرۆشەكان هیچ سزایەكی نیشتمانیان وەرنەگرتووە.لەشوێنێكی تردا دەڵێت"لەكۆمەڵگەدا واباوە هەر كەسێ ژن بهێنێ،یاخود خانوو بكات (ئیمامی عەلی) لەپشتێتی،یان زانمنێتی.برادەران وتیان ئاغا تا چەند ئەو بۆچوونە تۆی گرتۆتەوە؟ منیش پێموتن:نەلە ژن هێنان ونەلەخانوو كردندا ئیمامی عەلی یارمەتیدەرم نەبووە.وتیان چۆن؟وتم:لەبەر ئەوەی ناوم عومەرە" (كەشكۆڵی ئاغا،بەرگی چوارەم:76).گەر ئەم دیمەنە كۆمیدییە بەپێی ڕەخنەی ڕۆشنبیری كاری لەسەر بكەین ئەوا قسەكەر ئەوەمان پێدەڵێت كەبابەتە كلتووریییەكان لەدەستكردی مرۆڤەكانە وهەر مرۆڤەكانیشە دەتوانن تێكیان بشكێنێت.عومەری كەریم ئاغا لەم دیمەنەدا لەلایەكەوە دەیەوێت بڵێت كەئەو بۆچوونانە، كەمۆركێكی ئایینی پێوە دیارە، هیچ بنەمایەكی ڕاستەقینە ووزانستی نیە بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەتا ژن وماڵیشی كردووە وئیمامی عەلیش هیچ یارمەتییەكی نەبووە.لەلایەكی تریشەوە،ڕەخنە لەكۆمەڵگا دەگرێت بەوەی كە بۆ ماوەیەكی دوور ودرێژە باوەڕیان بەكردارە ئەفسانەییەكانە كەكلتوور لەپێناو قایلكردنی تاكەكاندا بەرپرسی سەرەكی ئەم تێكەڵكردنەی  نێوان ئەفسانە وئایینە .بەمانایەكی تر عومەری كەریم ئاغا بەهۆی ئەزموونە ڕۆشنبیرییەكەیەوە ئاگاداری ئەوەیە كەكلتوور بەزۆرە ملێی چەند بۆچوونێكی سەپاندووە بەسەر كۆمەڵگاكاندا بەڕەچاوكردنی جێگە وزەمەن وئایینیش لەنزیك ودوورە بەرپرسی ئەم بۆچوونە نیە.واتە ئاغا دەزانێت كەكۆمەڵگای كوردی پەیوەندییەكی ڕۆحی وئایینی هەیە لەگەڵ ئیمامی عەلی وئەم پەیوەندییە بووە بەواقیعێكی ئایینی وكلتووری،بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا دەیەوێت بڵێت كەئەم بۆچوونە لەجێگەی خۆیدا نیە.ئەم بۆچوونەی لەڕێگەی تەوسێكەوە ئەنجام داوە كەهەمووان دەگرێتەوە بەجیاوازی ناوەكان. 
- جەمسەری سایكۆڵۆژی.گەرچی خاوەن تەوسەكان هەمیشە لەحاڵەتی ڕەخنەگرتنە زبرەكاندان،بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا لەڕووی سایكۆڵۆژیاوە كەسانێكی هەڵچوونی نین.بەپێچەوانەوە لەڕووی سایكۆڵۆژیاوە كەسانێكی لەسەرخۆ وڕۆح سووكن.بەمانایەكی تر،گێڕەوەر یان قسەكەر وەك شاعیرێك هەڵسوكەوت ناكات كەزۆربەی كات دەربڕینە هەڵچوونییەكان ڕۆڵی سەرەكیان دەبێت لەدامەزراندنی دەقەكانیاندا.بەڵام لەدیمەنە تەوسییەكاندا ئەركی خاوەن تەوس گێڕانەوە ووەرگێڕانی دۆخ ومەسەلەكانە بەبێ ئەوەی ڕەهەندە سایكۆڵۆژییەكان بەربەستێك دروست بكەن لەبەرامبەر ناوەڕۆكی دیمەنەكان.بەمەش بابەتە تەوسییەكان گوشار ناخەنە سەر بارە سایكۆڵۆژیاكانی خاوەن تەوەس.هەر لەبەر ئەمەشە بەرهەمەكانیان بەشێوازێكی زۆر دیبڵومانسیانە دەچن بەڕێوە.بۆنموونە ئاغا لەیەكێك لەدیمەنەكاندا دەڵێت" ڕۆژی 26 / 2 / 2006 چەند برادەرێكم هاتن بۆ گاڵتە وسوعبەت وتیان:ئاغا تۆ وەك سیاسەتمەدارێك پرسیارێكت لێدەكەین.وادیاربو لەوەو پێش تەكبیریان كردبوو.وتم فەرموون پرسیارەكەتان بكەن.یەكێكیان وتی:ئاغا كەی حكومەتی عێراق دروست دەبێت؟
منیش وتم:یەكەم من سیاسەتمەدار نیم،دووەم تاكەر لەبەغا نەزەڕێ دروست نابێ " ( كەشكۆڵی ئاغا.بەشی چوارەم:86) .لەم دیمەنەدا دەشێ بووترێت كە:
- عومەری كەریم ئاغا،گەرچی وەك كەسێكی سروشتی پێناسەی خۆی كردووە وكەوتۆتە دەرەوەی چەمكی سیاسەتمەداری،كە ئەمە جۆرێكە لەبێ فیزی،بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا وبەهۆی كاریگەرییە دیدییەكانیەوە توانای ووردكردنەوەی دۆخە سیاسییەكانی هەیە،بەڵكو ئەم دیدە ڕەنگە زۆر بەهێزتر بێت لەتێڕوانینی كەسە سیاسەتمەدارەكان بەوپێیەی لەنزیكەوە دەزانێت كەسەرچاوەی بڕیارەكان لەمەڵبەندە نەك جێگەكانی تر.
-نووسەری ناوبراو،بڕوای وایە كەكلیلی چارەسەر تەنها لای مەڵبەندە كەبەغدایە.بەمەش لەلایەكەوە ئامۆژگاری خاوەن دەسەڵاتی كوردی دەكات كەڕێگەی بەغدا باشترین ڕێگایە نەك جێگەكانی تر بەتایبەتی دراوسێكان.لەجەمسەرێكی ترەوە ئەوەش ئاشكرا دەكات كەئەم مەڵبەند خاوەن كەسێتی موڵكداری بەهێزە ،چونكە سەرچاوەی بڕیارە.
- نووسەر،بەزمان ودەربڕینێكی زۆر كورت زۆرترین زانیاری گرنگ دەدات بەخوێنەر.ئەمەش بەمانای كورتكردنەوەی تێڕوانینەكانە.بەمانایەكی ڕوونتر،عەفەوییەت وڕاستگۆیی وزیادەنەڕۆیی پەیامێكی هەرە گرنگی تەوسگەراییە كەماوەكان بەخێرایی دەبڕێت وخۆی خەریك ناكات بەشتە لاوەكییەكانەوە. 
- جەمسەری ئەدەبی.گەر ووردبینەوە لەسەرجەم دیمەنەكانی كەشكۆڵی ئاغا،بەهەموو بەشەكانییەوە،ئەوا بەئاشكرا تێبینی ئەوە دەكەین كەعومەری كەریم ئاغا زۆر بەووریایی و ووردییەوە وێنەكان دەگرێت وەك ئەوەی خۆی وێنەگر ودەرهێنەریان بێت.ئەمەش پەیوەندی بەكەسێتی خۆیەوە هەیە بەوپێیەی بەرلەوەی دەست بكات بەكاری نووسین بەتایبەتی لەبواری گێڕانەوەگەریدا ئەوا كەسێكی دەم بەپێكەنینی خۆڕسك بوو.لەجەمسەرێكەوە قسەخۆشەكانی ولەجەمسەرێكی ترەوە جوڵە كۆمیدیاكانی كەسەرنجی هاوڕێ وتێكڕای خەڵكی بەلای خۆیدا ڕاكێشاوە و ڕایدەكێشێت.بەشێكی زۆری ئەم خەسڵەتە لەكارە هونەرییەكانیدا بەزەقی بەدەردەكەوێت.جێگەی ئاماژەیە كەئاغا كەسێكی تەواو سادە وسروشتییە كەبێگومان پێشەی مامۆستایەتی ودواتر كاری سەربەست لەبازاردا كەلەنزیكەوە وێنەی كێشە وگرفتەكانی تێكڕای خەڵكی دەگرێت فاكتەرێكی ووزەبەخشن.ئەمە هۆكارێكە بۆ تێگەیشتن وهەڵسەنگاندن ودەستنیشانكردنی دۆخەكان.ئەركی ڕۆژانەشی بریتیە لەگەڕان وگرتنی وێنە وبەرجەستەكردنیان.لێرەدا گەرچی بۆماوەبوون ڕۆڵی سەرەكی دەبینێت بەڵام لەئاغادا كۆمەڵگا بووە بەتاقیگەیەكی بەهێزی گێڕانەوەكان.شاری سلێمانی كەهەمیشە داپۆشراوە بەخەم وئێش وئازارەكان بەجیاوازی زەمەن پێویستی بەكەرەستە كۆمیدی وتەوسییەكانە.لەلایەكەوە بۆ ڕەوینەوەی ئازارەكان.لەلایەكی تریشەوە بۆ چارەسەری كێشەكان.بەمەش ئاغا لەیەك كاتدا پێدەنێتە قۆناغی ڕاوێژكاری بۆ كۆمەڵگاكەی.بۆنموونە لەدیمەنێكدا دەڵێت"یەكێك لەبرادەرانی حیزبی كەران هات بۆ دوكانەكەم.لەو كاتەدا لەسەر مێزەكەم كتێبێكم دانابوو،بەرگەكەی وێنەی كەرێكی لەسەر بوو.ناونیشانەكەشی (كەرنامە)یە،كەچاوی بەوێنەی كەرەكە كەوت وتی:ئەوە چییە؟ وتم: (تۆنامەیە).سەیر لەوەدابوو ئەو برادەرە خوێندەواری نەبوو.وتم وەرە كەریش بیت ونەخوێندەواریش.وتی:ئاقڵ ژیان هەر بۆ كەرە. منیش وتم :ڕاستەكەی ئەوە نیە (گا) ئەیكات وئێوەش ئەیخۆن" (كەشكۆڵی ئاغا،بەشی چوارەم:88).ئەم دیمەنە دیوێكی ڕاستەقینەی كۆمەڵگەی كوردی نیشان دەدات ئەویش بەوەی كەگرەوی ژیان لەتای تەرازووی ناعاقڵانەكاندایە ولەبەرامبەردا خوێندەوار وڕۆِشنبیرەكان،یان خاوەن دەسەڵاتە مەعریفییەكان، بەشەكانیان هەر ئێش وئازار وخەمە چونكە ئاستی بیركردنەوەیان بۆ مەسەلەكان لەجۆری بەرپرسیارێتییە ولەئەنجامدا بەش خوراو دەردەچن.ئەمە لەلایەكەوە نیشانەیەكی ترسناكی هەرەسە ئەخلاقی وسۆسیۆڵۆژی وفیكرییەكانە.لەلایەكی تریشەوە بێ ڕێزیكردنی چەمكی ویژدانی ڕۆشنبیرییە كەبێگومان ئەم ویژدانە بەشێكی گرنگی بەها زاڵە جوانەكانی كۆمەڵگایە.لێرەشەوە ڕووبەرە گەورەكانی جێگە وكەسەكان دەكەونە ژێر هەڕەشەی سڕینەوە ئینتۆڵۆژیاكان كەئەمە لەبەرژەوەندی مەسەلە گەورەكاندا نیە بەنموونەی خاك ونیشتمان ونەتەوە.كەواتە گێڕانەوەكەی عومەری كەریم ئاغا بریتیە لەهەستكردن بەمەترسی ئایندە ولەهەمان كاتیشدا تاكی كورد بەئاگا دێنێتەوە بەوەی وونبونی بەها زاڵەكان وڕۆشنبیری ودادپەروەری لەدابەشكردندا ئەنجامەكەی وێرانكردنی شوناسی كوردییە.ڕەنگە هەر ئەمەش وایكردبێت كە كورد بەشێوەیەكی گشتی هەتا خاوەن دەسەڵاتێكی جێگەیی خۆی نەبێت. 
- جەمسەری سۆسیۆڵۆژی.بەوپێیەی كاری تەوسگەرایی بریتیە لەڕاستكردنەوەی هەڵەكانی تاك وكۆمەڵگا ئەوا خاوەن تەوسەكان خۆیان لەئەزموونەكاندا دەبیننەوە بەوپێیەی تەواو تێكەڵ بەبابەتەكانی ژیان دەبن وتەنها لەدوورەوە وێنەكان ناگرن.هەر لەبەر ئەمەشە كەهەڵگری چەمكی بوێری وئازایەتین چونكە ڕۆژانە ڕووبەڕوی چەندین دیمەنی ناوازە وڕەخنە دەبنەوە.ئەوەتا عومەری كەریم ئاغا لەبەرهەمەكانیدا،بەتایبەتی لەكەشكۆڵەكانیدا،جەختی لەسەر دیمەنە سیاسی وئەخلاقی وئایینی وسۆسیۆڵۆژییەكان كردۆتەوە ولەدەربڕینەكانیشیدا بوێرانە وزۆر ڕاشكاوانە دەچێتە نێو ئەو مەسەلانەی كەبەلای تێكڕای خەڵكییەوە هێڵی سوورە.واتە كاتێك نووسەر،عومەری كەریم ئاغا،باس لەمەسەلە قەدەغەكراوەكان دەكات بەنموونەی سێكس ئەوا كارەكە پەیوەندی بەخۆیەوە نیە بەڵكو نوێنەرایەتی ناخی تێكڕای خەڵكی پێدەكات.بەمانایەكی تر،نووسەر لەكاتێكدا نموونەكان لەسەر خودی خۆی دێنێتەوە ئەوا ئەو نموونانە پەیوەندی بەزۆرێك لەتێكڕای خەڵكییەوە هەیە.بەمەش كارنامەكەی بریتیە لەگواستنەوەی هەستەكان لەداخراوەوە بۆ كراوە.ئەمەش پێویستی بەئەزموونێكی سۆسیۆڵۆژی هەیە.بۆ نموونە لەیەكێك لەدیمەنەكاندا دەڵێت"ژن ومێردێكی ناسیاو هاتنە دوكان بۆ لام،مێردەكەی وتی ئاغا تەقاوت بووم.منیش پێموت:سەر وبەر پیاوە؟! وتی بەسەر خراپم بەبەر باشم.پێموت:كۆڵەوار سەر ئاوێنەی بەرە.خێرا ژنەكەی وتی:ڕەحمەت لەگۆڕی مردووت،ئاغا وەكو منی ئەناسێ" (كەشكۆڵی ئاغا،بەشی چوارەم:71).لەم دیمەنەدا ئەم وێنانە بەدی دەكرێت:
- پیاوانی كورد پێان شەرمە ڕاستییەكان بڵێن بەتایبەتی سەبارەت بەهەستی سێكسییانەوە،بۆیە پەنا بۆ زیادەڕۆیی دەبەن.
- بوێری ئافرەتی كورد لەدەرخستنی ڕاستییەكان.گەر سەیری كەشكۆكەڵەكانی ئاغا بكەین ئەوا بەئاشكرا تێبینی ئەوە دەكەین كەدركاندنی ڕاستییەكان، لەبواری مەسەلە سۆزداری وسێكسییەكاندا، بەلای ئافرەتدا دەڕوات.وەڵامی ڕاستییەكانیش مەرج نیە ڕاستەوخۆ بێت بەڵكو پارێزگاری لەئەتەكێتی بوونی خۆشیان دەكەن وگەر بەرامبەر ووریا نەبێت ئەوا بەئاسانی لەنامەكانیان تێ ناگەن.
- كەسی بەئەزموون دەبێت ئاگای لەچەمكە بایۆڵۆژییەكان بێت بەوەی تا تەمەنەكان لەهەڵكشاندا بن ئەوا لەبەرامبەریشدا هێزی تواناكانیش لاواز دەبن.لەمەیاندا عومەری كەریم ئاغا بەوپێیەی خاوەن ئەزموونە وخوێندەواریشە ئەوا دەزانێت چۆن هەڵسەنگاندن بۆ ئەو جۆرە تەمەنە بكات لەكاتێكدا دەڵێت"سەر ئاوێنەی بەرە" كەئەمە ئیدیۆمێكی كوردیشە ولەكاتی پێویستدا بەكار دێت.
هەموو ئەمانەی سەرەوە ئاماژەن بۆ ئەوەی كۆمەڵگا وئەدەبیات پێویستیان بەچەمكی تەوسگەراییە گەرچی ئەم چەمكە بەقورسترین وناڕەحەترین بابەتی ئەدەبی ئەژمار دەكرێت بەوپێیەی كەسە تەوسچییەكان لەنێو كۆمەڵگادا زۆر دەگمەنن ولەهەمان كاتیشدا ناوەڕۆكی كارەكانیشیان پێویستی بەجووڵە وگەڕانێكی بێ ووچان وهەستێكی ڕاستەقینە هەیە.جگە لەمانەش،مەسەلەی بوێری وداماڵینی دەمامكەكانیش پێویستیان بەكەسە ئەزموونەكانە لەهەموو بوارەكانی ژیان،سیاسی وفیكری وئابووری وسۆسیۆڵۆژی.هەر لەبەر ئەمەشە كەدەڵێین تەوسگەرایی چەكی هەستیارەكانە،هەر وەك لەپێشەوە ئاماژەمان پێدا، چونكە بەشێك لەڕۆشنگەری لەسەر بنەمای ڕەخنە تەوسگەراییەكانەوە دروست بووە ودەبێت.واتە لەو كاتانەی ڕاستییەكانی ژیان بەرەو خواری دەڕۆن ئەوا تەوسگەرایی ،لەڕێگەی هەڵسەنگاندنە ڕەخنەییە ڕاستەوخۆ وكۆمیدییەكانەوە ،دەبێتە كۆڵەكەیەكی بەهێزی بەرگری لەداڕمان.ئەمەش بەوپێیەی تەوسگەرایی لەبنەڕەتدا بابەتێكی هەستیارییە بۆ تێكڕای خەڵكی وڕۆڵی خودە بەئەزموونەكانیش گەیاندن و ووروژاندنی مەسەلەكانە ،یان ڕێگە چارەی گونجاوە بۆ كێشەكان.  




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved