11/11/2018 03:37 PM

تێگەیشتنی ڕاستی

 

ژینۆعەبدولڵا*

 ڕەنگە زۆر كتێب دەربارەی كۆكردنەوەو یاخود لێكۆڵینەوە  و توێژینەوە دەربارەی مێژووی ڕۆژنامەو گۆڤارو بڵاوكراوەكانی كوردستان كرابێت، بەڵام كەمیان بە شێوەیەكی زانستی و میتۆدێكی توێژینەوەی ئەكادیمی ڕەچاوكراوەو زۆر جار خوێنەری تێر نەكردوەو زانیاری و داتاو ڵكۆڵینەوەی تیا نەبووە، وەك دەڵێن نووسینەكان ئینشایی بووە.
بەڵام نووسینەكانی نەوشیروان مستەفا ئەمین بە گشتی و لەم كتێبە نوێیەدا، كەدوای كۆچی دوای بڵاوكراوەتەوە، زۆرترین زانیاری و مانا بە كەمترین ووشەو بە شێوازاێكی زانستی ئەكادیمی پڕزانیاری و داتا خوێنەر و توێژەر بەتەواوی دەوڵەمەند دەكات.
" كوردو كوردستان لە تێگەیشتنی ڕاستی و لغە العرب" دا، نوێترین بە رهەمە لە چوارچێوەی پڕۆژەی بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین، كتێبی دووەم بەرگی سێهەم، بڵاوكراوەتەوە.
دەمەوێت لەم نووسینەدا باسی "تێگەیشتنی ڕاستی" بكەم و لەداهاتووشدا گۆڤاری " لغە العرب"، لە بنەمادا كتێبەكە بە شێكی تریشی تەرخانكردوە بۆ "زێبارو بارزان لە بیرەوەرییەكانی عەبدولعەزیز قەساب (1882-1956"دا.یەكێك بووە لەسیاسیە ناسراوەكانی عێراق و یاداشتەكانی دەربارەی ئەو ماوەیەی لە زێبار قایم قام بووە، شایەتیەكی گرنگە لەسەر هەل و مەرجی كوردستان لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا. 
سەرەتای داگیركردنی عێراق
دەستپێكی باسە كە خوێنەر بە مێژووییەكی كورت و پوخت دەربارەی پرۆسەی داگیركاری پیاوە نەخۆشەكە و دابە شكردنی لە لایەن نوێنەرانی فەڕەنساو بەریتانیاو ڕووسیا ناسراو بە پەیمانی سایكس-پیكۆو دواتر پەشیمان بوونەوەی نوێنەری ڕووسیا ..... بە هۆی شۆڕشی ڕووسیاو كشانەوەی سوپاكەی لەڕۆژهەڵاتی  كوردستان و لە شەڕی دژ بە دەوڵەتی عوسمانی و ئاشكراكردنی ئەم ڕێكەوتنامەیەو لێكەوتەخراپەكانی بۆ هاوپەیمانان ڕووندەكاتەوە.
هاوكات  بەوردی بەراوردی سوپای بەریتانیاو  پێكهاتەو سوپا سلاری و سەركردەكانی و دەوڵەتی عوسمانی و پێكهاتەی سوپاو ناوی سەركردە سەربازیەكانی و یەكەكانی كە جێگیربوون و  پلانی سەربازی شێوازی هاتنی سوپای بەریتانیاو چۆنیە تی هیڵی  بەرگری و شكاندنی یە كەمجاری  سوپای ئینگلیز و بەشداربوونی هێزە عەشایەرە كوردەكان هاوشان لە گەڵ دەوڵەتی عوسمانی و چەند سەركردەیەكی ناسراوی كورد لەوانە شێخ مەحمود ڕووندەكاتەوە.و دواتر ژەنەڕاڵ مۆر چۆن هێزەكانی ئینگلیز یەكدەخاتەوە و پاشان دەست بە هیرشەكانی داگیر كاری ویلایەتی موسڵ و كەركوك دەكات.
ڕۆژنامەی تێگەیشتنی ڕاستی(1918-1919)
دەوڵەتی بە ریتانیا لەیەكەم ساتی هاتنی بۆ عێراق ویستویەتی هاوشانی پرۆسە سەربازیەكانی،هەڵمەتێكی فراوانی پڕوپاگەندەیی جەنگی دەروونی لە گەڵ دەوڵەتی عوسمانی بكات و گەلانی عێراقی لێهانبدات بۆ  یاخی بوون و شۆڕش و دژایەتیكردنی ئەم دەوڵەتە بە ناو ئیسلامیە كە تەنها ئیسلام بە كاردێنی بۆ مەرامەكانی و بەرژەوەندی تورك.
بۆ ئەو مەبە ستە ئینگلیز لە 1ی كانووی دووەمی 1918 سێ ڕۆژنامەی دەركردوەوەو بێجگە دەركردنی ڕۆژنامەی "العرب" لەبەغدا بەم شێوەیە:
-ڕۆژنامەی ڕۆژانەی "بەغداد تایمس" بە ئینگلیزی.
-ڕۆژنامەی نیو هەفتەیی" تێگەیشتنی ڕاستی" بە زمانی كوردی، نووسەر ڕاستكردنەوەیەكی بۆ مێژووی كردوە بەوەی یەكەمین ژمارەی 1ی كانووی دووەمی 1917 نیە بە ڵكو هەڵەی چاپەو ڕاستیەكەی 1918 یە.
-هەفتەنامەی "ایران" بە زمانی فارسی.
نووسەر لە تێچینی ئەم بوارەدا لە لاپەڕە17 ئاماژە بەوەدەكات، بۆ ئەوەی بەرگێكی كوردی بكات بەبەرهەمی هەندێك لەسەروتارەكانیدا، دەیان پەندی پێشینان و قسەی نەستەق و هەندێك جار شعری كوردی تێهەڵكیش بابەتەكانی كردوە، تەنانەت لە سەروتاری ژمارە یەكدا،بە یتێكی كوردی نالی و بە یتێكی فارسی مەلامحەمەدی سەندوجی و لە ژمارە 11دا دووبەیتی نالی و لە ژمارە 12دا بە یتێكی بێ خاوەن و لە سەروتاری ژمارە 13 دا 3 بە یتی شعری 3 شاعیری جیاوازی تێهەڵكێش كردوە، یە كێكیان بێ خاوەنەو  ئەویتریان هی شێخ ڕەزایەو ئەویتریان سالم.  
بە خوێندنەوەی ئەم كتێبە بە كورت و پوخت شیكردنەوەیەكی زانستی و  هۆكاری بایەخ پێدانی سەروتارو ئامانج و ئایدیكان و خاڵی بە هێزو لاوازی لە ڕووی زمانی نووسین و ناوەڕۆك و ئاماژە سیاسی و ئایدۆلۆژیاكانی ڕوونكردۆتەوە.ئەم شێوازە لە توێژینەوە یە لە كەم كتێبی كوردی پەیڕەو كراوە.
بێلایەن نەبووە
نووسەر ئاماژە بەوەدەكات، تێگەیشتنی ڕاستی لە گێڕانەوەی هەواڵەكانی جەنگدا بێ لایەن نەبووەو تەنیا هەواڵەكان ناگێڕێتەوە، بەڵكو هەوڵی داوە بۆ چوونەكانی خۆشی پێشكەشی خوێنەران بكات و هەمیشە باسی سەركەوتنەكانی ئینگلیزو و هاوپەیمانان و شكاندنی دوژمنەكانی كردوە، نووسەر چەندین نمونەی لەم بارەیەوە هیناوەتەوە. 
ئینگلیزو تایبەتمەندیەكانی كورد
زمانی كوردی بەرلەوەی ببێتە زمانی نووسینی ڕۆژنامەوانی، هاوشێوەی زمانە كانی تری جیهان سەرەتا زمانی نووسینی شیعرو هۆنینەوەو داستانی دڵداری و قارەمانیەتی و بابەتی ئاینی بووەو لەو بوارانەدا توانای زمانەوانی خۆی سەلماندوەبەرەوپێشچونی بەخۆیەوە بینیوەو لە كۆتای سەدەی نۆزدەشدا بۆتە زمانی نووسینی ڕۆژنامەوانی.
نووسەر لە لاپەڕە17 دا باس لەوەدەكات و وەبیر خوێنەر دەهێنێتەوە تێگەیشتنی ڕاستی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی نە بووە بەزمانی كوردی بڵاو بوبێتەوە و پێشتر چەندین ڕۆژنامەو گۆڤار دەرچوون:
-ڕۆژنامەی كوردستان 1898-1902، لە قاهیرەو ژنێڤ و فۆلكستۆن.
-ڕۆژنامەی كورد تەعاون و تەرەقی ، 1908 لە ئیستەنبول.
-گۆڤاری رۆژی كورد و گۆڤاری هەتاوی كورد1923 لە ئیستەنبوول.
-گۆڤاری بانگی كورد لە بەغدا 1914.
نووسەر ئاماژە بەوەدەكات ڕۆژنامەی "تێگەیشتنی ڕاستی" كاتی دەرچووە كەرەستەی لە بەردەستدا بوەو زمانی كوردی دەوڵەمەندبوەو ڕۆژنامەكەش بۆ ئەوەی خوێنەری كورد بۆ خۆی ڕاكێشی تەنها باسی سیاسی و پڕوپاگەندەی جەنگی نەكردوەو بە ڵكو چەند لاپەڕەیەكی تەرخانكردوە بۆ مێژووی ئەدەبیاتی كوردی و شاعیرانی كورد و كەزۆر جار نالی بە موتەنەبی چواندەوەو زۆر باسی دەربارەی سالم و شێخ ڕەزاو حاجی قادری كۆیی تیایەو بە دیدو بۆچوونی نەوشیروان مستەفا دەكرێت ئەم هەوڵە بەسەرەتای ڵكۆڵینەوەو توێژینەوەی ئەدەبی كوردی دابنرێت.
هەروها باسی زمان و دیالێكتە جیاوازەكانی كوردی كردوەو ئە مەش لە وكاتەدا زۆر گرنگ و جێگای بایەخ بووە چونكە زۆربەی نەتەوەپەرستانی تورك و عەرەب و فارس بڕوایان نەبووە كورد خاوەنی ئەدەبیاتی خۆیان بن.
دیزانی" تێگەیشتنی ڕاستی"
تێگەیشتنی ڕاستی سەرەتا دوو لاپەڕە بووە، بە دوو ستون و وێنەشی تیابووەو سەروتارەكانیشی تایبەت بووە بەكورد كەچی بكات. پاشان ژمارەیەك هەواڵی لە رۆیتەرزەو نووسیوە و زۆربەیان پەیوەندیان بە هەواڵەكانی جەنگەوە هە بووە.پاشان ڕۆژنامەكە بۆتە چوار لاپەرەو وێنەی تیانەماوەو بەشێوازێك هاوشێوەی بهەواڵنامەی جەنگی بووەو بەم شێوە یە درێژەی بە كارەكانی داوەو دواتر هەوڵە دیبلۆماسیەكانی و تا ەو كاتەی ئینگلیز كاری بە ڕۆژنامەكە نەماوە دایخستوە.
شوكری فەزڵی
بە شێكی ئەم كتێبە تەرخانە بۆ بیۆگرافیای شوكری فەزڵی و ئاماژە بەوە دەكات بە هۆی زمان زانینی و شارەزایی و لێهاتوویەوەو گومانێكی زۆر هەیە تەواوی بابەتە ئەدەبیەكانی و شیكردنەوەی شعرەكان و بابەتە سیاسیەكانی تێگەیشتنی ڕاستی لە لایەن ئەم نووسەرەوە نووسرابن، چونكە لە ڕۆژنامەكەدا بەبَی ناووس نووسەر بڵاوكراونەتەوە.
پەیامەكانی بۆ چی كاریگەر نەبوون؟
تێگەیشتنی ڕاستی، بە ئامانجی هاندانی كورد دژی تورك و یاخیبوون و شۆڕش كاریگەری ئەوتۆی نەبووە و بەدەم بانگەوازەكەیەوە نەهاتوون، هۆكاری ئەمەش بەدیدی نووسەرئەوەیە بانگەوازی ئینگلیز بۆ كورد بۆ ڕاپەڕین دژی تورك كڕیاری نەبووە، نە شێخ مەحمودی حەفید و مەحمود پاشای جاف و سەرانی هەمەوەند و زەنگەنەو پشدەر و مەنگوڕ نە ڕەنجبەرو هەژارانی كورد، ئینگلیز ڕووی لە هەوویان ناوە بە ڵام كەس بەدەم بانگەوازەكەیانە وە نە چوون، تەنانەت نووسەر نمونەی دەیان ئەفسەری پایەبەرزی كورد دەهێنێتەوە لەسوپای عوسمانی كاریان كردوەو بە دەم بانگەوازەكەوە نە چوون لەوانە، مستەفا پاشای یاموڵكی و محەمەد ئەمین زەكی بەگ و توفیق وەهبی..
هاوكات دوای جەنگ ئەم سەركردە سەربازیانە دوای جەنگ گەڕاونەتەوە عیراق و زۆربەیان بوون بە خاوكاری ئینگلیز و پلەو دەسەڵاتی باڵایان وەرگرتووە.
نووسەر دەپرسێت ئاخۆ هۆكاری ئەمەچی بووە؟ تۆبڵی بێ ئاگابوون لە بارودۆخی ناوچەكەو هیچ ژمارەیەكی ئەم ڕۆژنامەیە و یاخود ڕۆژنامەكانی تری ئینگلیزیان بە رچاو نەكەوتووە؟
یاخوودبەهۆی قاتوقڕی و برسێتی و زوڵمی توركەوەو كورد ئەوەندە لاوازو ماندوو بووە، توانای شۆڕش و ڕاپەڕینی تێدا نەماوە؟
یاخوود هۆكاری ئاینی ئیسلام بووە، كەڕێگای پێ نەداوون لە دەوڵەتی ئیسلامی و خەلیفەكان هەڵگەرینەوە؟
نەوشیروان مستەفا سەرنجەكانی خۆی بۆ ئەم پرسیارانە نووسیوە بۆ خوێنەری بەجێدەهێڵین بە گەڕانەوە بۆ كتێبەكەو شیكردنەوەكانی. 
داگیركردنی كەركوك
پێش داگیركردنی كەركوك وەك ئاماژەمان پێكرد، لەسەروتارەكانی ڕۆژنامەكەدا داوایان لە كورد كردوە یاخی بن و شۆِرش بەرپابكەن بۆ ئەوەی لە دەستی تورك ڕزگاریان بێت بەڵام دوای داگیركردنی كەركوك ئینگلیزی كاری بەم پەیامە نەماوەو داوای كردوە هێمنی بپارێزرێ و هاوكاری دەسەڵاتی هێزەكانی ئینگلیز بكەن.نووسەر ئاماژە بەوەدەكات تا ئەو كاتە بێجگە لە بەریتانیا هیچ دەوڵەت و كۆمپانیایەكی تر گرنگی و بایەخی ئابووری نەوت و سامانی ژێر زەمینی كەركوكیان نەزانیوە، جیۆلۆجیەكانی ئینگلیز دەوڵەمەندی نەوتی ناوچەكەیان زانیوە بەڵام ئاشكرایان نەكردوە بۆ ئەوەی بۆخۆیان بمێنێتەوە.
ناشرین كردنی شۆڕشی بە لشەفی ڕووسیا
هاوكات لەگەڵ سەركەوتنی شۆڕشی رووسیا و كشانەوەی هێزەكانی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئاشكراكردنی ناوەڕۆكی پەیمانی سایكس-پیكۆو بڵاوكردنەوەی لە ڕۆژنامەكاندا و تووڕەبوونی شەریفی مەكە، گەورەترین هەڕەشەو مەترسی  بوو بۆ دەسەڵاتی ئینگلیز و فەڕەنسا چونكە هەموو بەڵینەكانیان درۆ بوو كە بە گەلانی ناوچەكەیاندا دابوو، هەربۆیە ڕۆژنامەی تێگەیشتنی ڕاستیش وەك ماكینەیەكی ڕاگەیاندی ئنگلیز كەوتە دژایەتیكردنی دەسەڵاتی تازەی ڕووسیاو بە دەیان سەروتارو هەواڵیان لەسەر بڵاوكردونەتەوەو نووسەری كتێب دەپرسێت هۆكار چی بووبێت ڕۆژنامەیەكی كوردی لەبەغدا دەرچووە دور لە ڕوسیا ئەو هە موو هەواڵ و سەروتارەی لەسەر دەسەڵاتی نوێی ڕووسیا نووسیوە؟ لە كاتێكدا رژێمی نوێ لە بانگەوازەكانیدا بۆ گەلانی ڕۆژهەڵات ناوی گەلی كوردی لەهیچكام لە دیكۆمێنتەكانی نەهێناوەو لە كوردستانیش هیچ جۆرە بزوتنەوەیەكی كۆمۆنیستی یا سۆسیالستی بوونی نەبووە؟ نەوشیروان مستەفا بەوردی هۆكارەكانی ڕووندەكاتەوە خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ خوێندنەوەی كتێبەكە.
     زمانی كوردی
نەوشیروان مستەفا خۆی وەك زمانزانێكی بەسەلیقەی كوردی و خاوەنی فەرهەنگێكی دەوڵەمەندەو دەیان ووشەی جۆراوجۆی هێناوەتە ناوكایەی ڕووناكبیری و ڕۆشنبیرییەوەو زمانی كوردی دەوڵەمەند كردوە، باسی كورداندنی زمانی گێڕانەوە دەكات لەم ڕۆژنامەیەدا بەوەی چەندین دەستەواژەی كوردی نوێی هێناوەتە نێو فەرهەنگی تازەی كوردیەوەو لەوانە: فەرماندەو جەنەڕاڵ و لەشكرگێڕو (میراو: ئەدمیراڵ- كۆلارە، كۆلارەوان: فڕۆكە، فڕۆكەوان- ڕۆژئاوا، خۆرئاوا:غەرب-ڕۆژهەڵات، شەرق-چەپ: شیمال- ڕاست:جنوب...هتد.هەروەك ئاماژە بەوەشدەكات لە گێڕانەوەی هەواڵەكانیدا، هەندێك دەستەواژەی هێناوەتە ناونووسینی كوردیەوە كەڕەنگە بۆ یەكەمجار بێت بەكارهێترابێت لەوانە (مەكسیمالی یەكان، بۆلشەفیك، سۆڤیەت، لەشكری موحافیزی سور، ئێشكگری سور، حكومەت نەویست، هەراگێڕ). 
شێخ مەحمودو یەكەم نامەی بۆ ئینگلیز
نووسەر لە لاپەڕە 48 باس لەوەدەكات یەكەم جار هێزەكانی ئینگلیز لەپاش 10 ڕۆژ لەكەركوك كشاونەتەوە، سەرچاوە كوردیەكان ئەوانەی ڕووداوەكانی ڕۆژانەیان گێڕاوەتەوە، واباس ئەكەن كەشێخ مەحمود لەدوای داگیركردنی كەركوك، نامەی بۆ دەسەڵاتی ئینگلیز ناردوە ئامادەی دەربڕیوە بۆ هاوكاری، بەڵام نامەكەی شێخ مەحمود لە باتی ئەوەی بگاتە دەست ئینگلیز كەوتۆتە دەست تورك، دوای كشانەوەی كتوپڕی ئینگلیز، سەركردەی هێزەكانی تورك ناردویەتی بەشوێن شێخ مەحمود دا و بە دەستبەسراكراوی ناردویانە بو كەركوك و لەوێشەوە بۆ موسڵ، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەركراوە، بەڵام سەركردەی نوێ هێزەكانی تورك عەلی ئیحسان پاشا، شێخ مەحمودی ئازاد كردوەو بەڕێزو دەسەڵاتەوە ناردویەتیەوە بۆ سلێمانی.
دوا سەرنج:
سەڕەڕای دەوڵەمەندی ئەم كتێبە، بەڵام فۆنتی وردی كە بەتواوەتی لە كاتی خوێندنەوەدا هیلاكت دەكات  و هەندێك هەڵەی زمانەونی كەبێگومانم لەكاتی چاپكردندا تێپەڕیووە،  بەهیوای لە بەرهەمەكانی تردا كە چاپدەكرێتەوە ڕەچاوبكرێت. 
*مامۆستای زانكۆ
ناوی كتێب:كوردو كوردستان لە " تێگەیشتنی ڕاستی" و "لغە العرب" دا.
نووسینی: نەوشیروان مستەفا ئەمین
بابەت: ڕۆژنامەوانی
چاپ: چابخانەی پیرەمێرد،سلێمانی2018



 
  





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved