15/11/2018 02:03 PM

محەمەد مەھدی جەواھیری

 

وەرگێڕان و ئامادەكردنی : شەھلا ئەنوەر
سەرچاوە : گۆڤاری ئەلئەدیب و ڕۆژنامەی سەباحی چاپی بەغدا 

هێمای شیعری نوێی عێراقی 
كورتە باسێك لەسەر ژیانی : 

محەمەد مەھدی جەواھری لە ٢٦ ی تەموزی ساڵی ١٨٩٩ لە نەجەف-عێراق لە دایك بووە، باوكی زانایەكی دینی بوو لە نێوان زانایانی ئاینی لە نەجەف و ئەیویست كوڕەكەشی ببێتە پیاوێكی دینی  و بۆ ئەو مەبەستە ھەر لە تەمەنی ١٠ ساڵیەوە مێزەر و جلوبەرگی زانای دینی پێ پۆشیوە .
جەواھیری  لە تەمەنێكی زووەوە دەستی بە خوێندنەوەی قورئان كرد بەڵام لەبەری نەكرد، بۆیە  باوكی ناردی بۆ لاێ گەورە مامۆستایان بۆ ئەوەی فێری خوێندن و خوێندنەوە و نوسین و ڕێزمان و ڕەوانبێژی و فقهی بكەن، باوكی ئەیویست فێرێ وتار ببێت لە ڕەوانبێژی دا و فێری شیعر ببێت لە ھۆنراوەكانی شاعیر (المتنبی) . 
جەواھیری ھەر لە مندالیەوە خولیای بۆ ئەدەب ھەبووە و دەستی بە خوێندنەوەی بابەتە شیعریەكان كردووە،  لە ساڵی ١٩٢٨ یەكەم كۆمەڵە شیعری بڵاوكردەوە كە لە ساڵی ١٩٢٤ وە ئامادەی كردبوو بە ناوی ( بین المشاعر و العواتف) بڵاوی كردەوە.
 سەرەتاكانی محەمەد مەھدی جەواھیری :
جەواھیری لە قۆناغی سەرەتاییەوە دەستی بە نوسین كردووە و دێڕە شیعری نوسیوە، لە ساڵی ١٩٢٠ ھۆنراوەی بۆ شۆڕشی عێراق نووسی و لە یەكێك لە ڕۆژنامە بەناوبانگەكاندا بڵاوكرایەوە.
جەواھیری لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارە عێراقیەكاندا ھۆنراوەی بڵاوكردووەتەوە لەوانە گۆڤاری ( لسان العرب )، ھەروەھا ڕۆژنامەی عێراق و ڕۆژنامەی ئیستیقلال و رۆژنامەی ڕافیدەین، لە دەرەوەی بەغدادیش زۆر ھۆنراوەی بڵاوكردووەتەوە.
لە سالی ١٩٢٠ سەفەری كرد بۆ ئێران و تا ساڵی ١٩٢٤ لەوێ مایەوە و لەو ماوەیەدا زۆر كاریگەر بوو بە سروشتی ئێران و ھۆنراوەی بۆ سروشت ئەنوسی .
كار و دەسكەوتەكانی محەمەد مەھدی جەواھیری :
جەواھیری ھاندەری شۆڕشی سەربازی بوو  كە لە ساڵی ١٩٣٦ ڕویدا بەڕابەرایەتی بەكر سدقی .
جەواھیری ھۆنراوەیەكی پیاھەڵدانی بۆ پاشای عێراق فەیسەڵی یەكەم نووسی كاتێك لە لەندەن گەڕایەوە لە ساڵی ١٩٢٧ و دواتر ھۆنراوەیەكی بۆ سەعود نوسی لە كاتی سەردانی ئەمیر فەیسەڵ بۆ لای سەعود و ئەمەش توڕە بوونی پاشای عێراقی لێكەوتەوە . جەواھیری ھۆنراوەیەكی پێشكەش بە بەڕێوەبەری دادگا كرد لە عێراق كە حوكمی بەسەر پیاوانی سەردەمی پاشایەتیدا دا لە ساڵی ١٩٥٨ و ئەم ھۆنراوەیە كاریگەری لە ھەموو دادگا و ئامادەبووان كرد. جەواھیری لە ساڵی ١٩٤٧ بە نوێنەری پارێزگای كەربەلا ھەلبژێردرا بەڵام زۆر لەم پۆستەدا نەمایەوە و دەستی لە كار كێشایەوە سەرەڕای ئەوەی خەونی ئەوە بوو بگا بە نوێنەرایەتی وەزارەت . 
لە لوبنانەوە بانگھێشت كرا بۆ ئاھەنگی عەبدول حەمید كەرامی و لەوێ ھۆنراوەیەكی پێشكەش كرد كە بووە ھۆی دڵەڕاوكێ و توڕە بوونی لوبنانیەكان لەو كاتەدا.
 دواتر جەواھیری بەوە تۆمەتبار كرا كە ھێرشی كردووەتە سەر حكومەتی لوبنان و ڕیاز و لە لوبنان دەریان كرد و گەڕایەوە بۆ عێراق و ھەر لەگەڵ گەشتنیدا دەستگیر كرا چونكە حكومەتی عێراقییش بەدوایەوە بوو .
جەواھیری لە كاتی جەنگی جیهانیی دووەم و سەركەوتنی ڕوسیا و سوپای ڕوسیا دا ستایشی دەكردن و ھۆنراوەی بۆ نووسین كە تیایدا پشتگیری دەكردن و بەرز دەینرخاندن وەك ھۆنراوەكانی (ستالینغراد) .
جەواھیری لە چەندین بۆنەدا بە سەرۆكی نوسەرانی یەكگرتوو ھەڵبژێردراوە و لە نەجەفەوە سەفەری كردووە بۆ زانكۆی بەغداد بۆ خوێندنی بەشی ڕۆژنامەوانی.
لەو ماوەیەدا چەندین بەرھەمی ھەبووە وەك ( فوڕات و ئینقیلاب ) . جەواھیری ڕۆژنامەی فوڕاتی دامەزراند بەڵام حكومەت دانی پێدا نەنا، بۆیە بێ كار مایەوە تا ئەو كاتەی وەك مامۆستا دامەزرا لە قوتابخانەی مەئمونیە لە بەغداد لە كۆتاییەكانی ساڵی ١٩٣١ . لە شاری سلێمانی لە عێراق پەیكەرێك بۆ جەواھیری دروست كرا كە تایبەتمەند بوو بەوەی كە كەلەی پەیكەرەكە بەناوی كوردستان نەخشێنرا بوو ئەمەش دیاریەك بوو لە كوردستانی عێراقەوە بۆ  جەواھیری . 
لە ساڵی ١٩٤٨ لە ڕاپەڕینی وەسەبە براكەی دەكوژرێت ئەمەش وای كرد جەواھیری یەكێك لە بەناوبانگترین ھۆنراوەكانی بنوسێت بە ناوی ( براكەم جەعفەر ). 
 جەواھیری لە بەرواری ٢٧ ی تەموزی ١٩٩٧ لە سوریا كۆچی دوایی كرد و تەرمەكەی بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ لەسەر سنوری عێراق _ سوریا مایەوە چونكە حكومەتی پێشووی عێراق ڕێگەی نەدا لە عێراق بنێژرێت، ھەر بۆیە لە گۆڕستانی بێگانەكان لە خانم زەینەب لە دیمەشق بە خاكیان سپارد . 






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved