12/12/2018 08:06 PM

لە هاوڕێتیەوە بۆ دوژمنایەتی و زەلیلكردنی


ئەحمەد حەسەن بەكر ئەو سەركردەیەی سەدامی هێنایە سەر هەرەمی دەسەڵات.
ژینۆ عەبدولڵا*

یەكێك لەو كەسایەتیانەی ڕۆڵی سەرەكی هەبوو لەهێنانە پێشەوەی سەدام حسێن بۆ سەرۆكایەتی هەرەمی دەسەڵاتی عێراق، ئەحمەد حەسەن بەكر بوو، دواتر سەدامیش سەری ئەوی خواردو  دەسەڵاتی گرتە دەست و  ئەو ماڵوێرانی و كاولكارییەی بەسەر گەلانی عێراقدا هێنا كە تائێستاش كاریگەری و ئاسەواری خراپی بەسەر هەموو كایەكانی عێراقدا جێهێشتووە.
شامل عەبدولقادر نووسەرو مێژوونوس كتێبێكی بە ناوی" ئەحمەد حەسەن بەكر-یادەوەری سیاسی - ڕۆڵی لە مێژووی عێراقی نوێ 1914-1983) بڵاوكردۆتەوە بەوردی وێستگە گرنگەكانی ژیانی سیاسی و مەدەنی و سەربازی و پلان و كارەكانی و ڕۆڵی ئەو لە هاتنە پێشەوەی سەدام حسێن و جێگا پەنجەی بە عێراقی نوێی وە ڕووندەكاتەوە..
لە مامۆستاییەوە بۆ سەرۆك كۆمار
ئەحمەد حەسەن بەكر(1914-1983)  یەكەمجار مامۆستا بووەو بەهۆی ئەوەی خەڵكی تكریت  بوو خزمی  خیروڵا توڵفاح-ی خاڵی سەدام بووە،  بەیارمەتی ئەو چۆتە كۆلێژی سەربازی و دواتر بووە بەئەفسەر، هاوكات  كوڕی خاڵی فازڵ مەهداوی (1915-1963) سەرۆكی دادگای باڵای سەربازی سەردەمی عەبدولكەریم قاسم بووەو لەساڵی 1941 یشەوە هاوڕێتیەكی بە هێزی هەبووەو لەگەڵ عەبدولسەلام عارف (1922- 1966) وعەبدولكەریم قاسمدا (1914-1963)، لە سلكی سەربازیدا تا پلەی عەقید ڕۆیشتووە و بە شداری كاراشی هەبووە لەكودەتای 14 تەموزی 1958، بەو پێیەی ئامر سریە بووەو بەهێزەكەیەوە هاتۆتە ناو پایتەختەوەو متمانەپێكراوی (عەبدولكەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف) بووە.

چۆن بوو بە بەعسی
نووسەری كتێب عەبدولقادر شامل، باس لەوە دەكات بەعسیەكان زۆر پێویستیان بە ئەفسەرەكانی دەرچووی كۆلێژی سەربازی بوو، بەهۆی ئەوەی  ئەحمەد حەسەن بەكریش لێهاتوویی خۆی پیشان دابوو لەئەركە سەربازیەكانیدا، لەلایەن عەبدولخالق سامرائی (1935-1979) پەیوەندی پێوەكراوەو كردیویانە بە ئەندامی مەكتەب عەسكەری حزبی بەعس و دواتریش لێپرسراوی.
ڕۆڵی لە كودەتای 8ی  شوباتی 1963
نووسەری كتێب ئاماژە بەوە دەكات، ئەحمەد حەسەن بەكر لەو كاتە لەسەربازگەی ئەبو غرێب  بووەو  ڕۆڵی یەكلاكەرەوەی هەبووەو لەو كودەتا سەربازیەداو كۆنتڕۆڵی چەند شوێنێكی ستراتیژی كردووە لەوانە سەربازگەی ڕەشید و وەزارەتی بەرگری و بەوەش متمانەی زیاتری لەلای سەرانی كودەتا چیەكان وەرگرت و لەكابینەی وەزرای نوێدا كردیان بە سەرۆك وەزیران، بەڵام ئەو متمانەی بە بارودۆخەكە نەبوو داوای لێبوردنی كردو بڕیاریدا واز لە كاری سیاسی بهێنێت.
گەیشتن بە دەسەڵات لە كودەتا ی 17 تەموزی1968
ئەحمەد حەسەن بەكر، بەهەر میكانزمێك و شێوەیەك بێت ویستویەتی دەسەڵات وەربگرێت و بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام لە ساڵانی (1963-1968) پیلانی داناوەو لەگەڵ بەعسیەكان كۆبۆتەوەو بەهۆی ئەوەشی بەڕووكەش ڕایگەیاندبوو كە وازی لەكاری سیاسی هێناوە وچاوی لەسەر نەبوو، تا توانیان بەكودەتا ناسراوەكەی ساڵی 1968 دەسەڵات بگرنە دەست و بووە سەرۆك كۆمار.
كەسایەتی ئەحمەد حەسەن بەكر
شامل عەبدولقادر دەڵێت، كەسایەتی بەكر زۆر جێگای سەیر بوو، كەسێكی بەهێز بوو ئەو پلانانەی دای دەنا دوور مەودا بوو بەوردی كاری لەسەر دەكرد، لەبواری دەستەگەری و تەكتول زۆر بە هێز بوو، كێ لێ نزیك بوایە متمانەی تەواوی پێدەكردو یارمەتی دەدا، لەمامەڵەكردنیشدا زیاتر پارادۆكس بووە لە كاتێكدا لەگەڵ نەتەوەییەكاندا ڕێكدەكەوت لە لایەكی ترەوە  سەركردەی شیوعیەكانی دەگرت و لەلایەكی ترەوە لەسەردەمی ئەودا لەگەڵ كورد ڕێكەوت و بەیانی 11 ئازاری 1970 یان ڕاگەیاند.
زۆربەی مێژوونووسانیش كۆكن لەسەر ئەوەی (1969-1979) سەردەمی زێڕینی پێشكەوتنی عێراق بووە لەسەرجەم بوارەكانی ژیان و تەنانەت  پێشكەوتنەكانی لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپا  دانراوە.
نزیك بوونەوەی سەدام و بەكر
سەلاح عومەر عەلەنی لە كتێبی سەدام بێرەدا تێپەڕی لە دیدارێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری ئێستای ڕۆژنامەی شەرق ئەوسەت  غەسان شربل ئاماژە بەوە دەدا لەساڵانی (1950-1963)  هیچ ئاماژەیەك نیە بۆ نزیكبونەوەو هاوڕێیەتی سەدام بەكر لەو ساڵانەدا بەڵكو لەدوای ئەو ساڵانەوە پەیوەندیەكان دروست بوون و پێكەوە كاركردن وەك تیم.
بەگوێرەی خوێنەوەی ئەم كتێبە بێت ئەحمەد حەسەن بەكر بەردەوام لەترس و گومانی كودەتا ژیاوەو هەروەها بەهۆی ئەوەی عەشرەت و خزمی نەبووە پلانی ئەمنی توندو تۆڵی نەبووە بۆ پاراستنی خۆی، بەهۆی دایكی سەدامیشەوە خزمایەتیان هەبووەو خیرولڵا تولفاحیش چۆتە لای بەكرو داوای لێكردوە سەدام بكاتە متمان پێكراو هاوكاری خۆی لەو كاتەوە پەیوەندیەكان بەهێز بوون بەكر متمانەیەكی كوێرانەی بەسەدام كردوەو وەك لە كوردیشدا دەڵێن سەدامیش بووە بە بكوژو ببڕ و تا دواجار سەری بەكریشی خوارد.
هەوڵە شكستخواردوەكەی نازم كەزار
سەدام وەك سێبەری بەكری لێهاتبوو، بەتایبەت كە كرابوو بە (جێگری ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش) و  سەرۆكی دەزگای ئەمنی حەنین، گومانی لەهەر كەسێك هەبوایە دەستگیری دەكرد یاخود دەیكوشت، دەسەڵاتەكانی زیاد لە پێویست بەكار دەهێنا، هەموو دەوروپشت و پاسەوانەكانی بەكریشی كردبوو بەجاسوس و ڕۆژانە ڕاپۆرتی بۆ دەچوو، بەكورتی دەوڵەتێكی لەناو دەوڵەتدا دروستكرد بوو.
نازم كەزار (1940-1973) سەرۆكی ئەو كاتەی دەزگای موخابەرات و هەواڵگریش ویستی كودەتایەك بكات دژی بەكرو سەدام، بەڵام بەهۆی دواكەوتنی فڕۆكەكەی بەكر بە گەیشتنی بۆ فڕۆكەخانەی بەغدا پلانەكە ئاشكرا بوو نازم كەزاریش لە سێدارە درا، نووسەر ئاماژە بەوە دەكات لەدوای ئەم ڕووداوەو سەدام بە تەواوەتی كۆنتڕۆڵی بەكری كردو هەموو خزم و عەشیرەت و كەسە نزیكەكانی لەدەزگا ئەمنیەكان داناو سەرپەرشتیاری ڕووداوی ناسراو بە قەسابخانەی (قصر نهایە)-ی كرد، هەر وەزیرێك یاخود بەرپرسێكی سەربازی یاخود بەرپرسێكی باڵا و شویعیەكیش گومانی لێبكرا دەهێنرا بۆ ئێرە و بەساغی نەدەچووەو دەرەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ بەكریش فەرمانی لەسێدارەدانی دەردەكرد.
سەدام پێشێڵی پڕۆتۆكۆلی سەرۆكایەتی
سەدام حسێن بە شێوەیەكی وا كۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی كردبوو، بەبێ گەڕانەوە بۆ بەكر تەنانەت واژۆی لەگەڵ سەرۆكی وڵاتانی جیهان ئەكرد هاوشێوەی ڕێكەوتنی جەزائیر1974 لە نێوان سەرۆكی ئێران و سەرۆكی جەزائیر كە بە گوێرەی پڕۆتۆكۆل دەبوایە ئەحمەد حەسەن بەكر بوایە، بەڵام سەدام خۆی هەموو كارێكی دەكردو هەر بۆیە لەو كاتەدا  بەكر وتبووی هەمووان "دیل و ئەسیرین بەدەست سەدامەوە".
بێزاری و نیگەرانیەكانی بەكر
لەم كتێبەدا حامد جبوری وەزیری حكومەتە پێشوەكانی عێراق و ماوەیەكیش بەرپرسی نووسینگەی تایبەتی سەدام بووە ئاماژە بەوە دەكات، سەدام لە دوای ساڵی 1973 ەوە بەتەواوەتی بەكری كۆت و بەند كردبوو هیچ ڕۆڵ و ئیعتبارێكی بۆ بەكر نە هێشتبوەوەو ئەمەش بە ئاشكرا دەبینراو لەو كاتەدا محەمەد كوڕە گەورەی بەكر هەڕەشەی لەسەدام كرد بەرامبەر بەو سوكایەتیەی بەباوكی دەكرێت و ویستبووی سنورێك بۆ سەدام دانێت، بەڵام سەدام  شەڕانگێزی خۆی پیشانداو كوشتی بە بیانووی ڕووداوی هاتوو چۆوە و هەر سەركردیەكی تر لەسەركردایەتی بەعس یاخود وەزیر یان بەرپرسی باڵا نیگەرانی و بێزاری پیشان بدایە سەدام یان دەیكوشت یان دەستگیری دەكرد.

ناچاركردنی بە جێهێشتنی دەسەڵات
نووسەری كتێب ئاماژە بەوە دەكات بەرزان تكریتی (1951-2007) سەرۆكی ئەو كاتەی دەزگای هەواڵگری و موخابەرات چوتە لای بەكرو داوای لێكردووە بە ویستی خۆی و بەئاشتیانە بەبیانووی تەندروستیەوە دەسەڵات چۆڵبكات بۆ سەدام، بەكر سەرەتا بەهەموو شێوەیەك ئەمەی ڕەتكردۆتەوە، بەڵام بەرزان تكریتی هەڕەشەی لێكردوەو دەمانچەكەشی لێڕاكێشاوە كەواز نەهێنێت خۆی و هەموو كەسوكاری دەكوژرێت.
بەكر لەكۆبوونەوەی باڵای حزبی بەعس سەرەتا ئەم بڕیارەی ڕاگەیاند لەو كاتەدا، ململانێ و دەستەگەری زۆر لە سەركردایەتی هەبووەو  بەكر تاڕادەیەك ئەو مەسەلەی ڕاگرتبوو هەر بۆیە بەئەدەبیاتی حزبی بەعس بەكر نازناوی (الاب القائد) لێنرا بوو، نزیكەی 20 سەركردایەتی ناڕازی و نیگەران بوون و داوایان دەكرد واز نەهێنێ، بەڵام بڕیارەكەی بەناچاری داو لەتەلەفزیۆنیشەوە خوێنرایەوە.
 شامل عەبدولقادر دەڵێت لەو كۆبوونەوەی حزبی بەعس وەك توتی تەها یاسین رەمەزان و عیزەت ئەلدوری پشتگیریان كردو دواتر سەدام زۆربەی سەركردە ناڕازییەكانی لەكۆبوونەوەی هۆڵی خولد لە بەغدا كوشت.
ژیانی بەكر دوای وازهێنانی (1979-1982)
بەكر لەم ساڵانەدا ژیانێكی بێ تاقەتی و زەلیلی و بێزاری ژیاوەو هەر لەم ساڵانەدا ژنەكەی و زاواكەی مردن و خۆشی بە دەست نەخۆشیەوە دەیناڵاند و لە ماڵەكەیدا دەستبەسەر بوو، بە فەرمانی بەرزان تكریتی سەرۆكی دەزگای موخابەرات و هەواڵگری  هەموو سەردانێكی لێ قەدەغە بوو لەلایەن هاوڕێیانی و كەسوكاریەوەو لەساڵی 1980 ش داوای كرد بۆ چارەسەر بچێتە لەندەن عەدنان خیرولڵا (1940-1989) وەزیری بەرگری پێ ڕاگەیاندبوو سەردانی دەرەوەی وڵات قەدەغەیەو خۆمان دكتۆرەكانت لەدەرەوەی وڵات بۆ دەهێنین.


ناوی كتێب: ئەحمەد حەسەن بەكر-یادەوەری سیاسی - ڕۆڵی لەمێژووی عێراقی نوێ (1914-1983)
نووسەر: شامل عەبدولقادر –لە بڵاوكراوەكانی كتێبخانەی موجەلە بە دوو توێی 608 لاپەڕە.






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved