14/3/2019 09:41 AM

تۆیۆتا ئۆتۆمبێلێكی تایبەت رەوانەی سەر مانگ دەكات

كۆمپانیای تۆیۆتا بە هاوكاری ئاژانسی ئاسمانی ژاپۆن كار لەسەر پرۆژەیەك دەكات بۆ ئەوەی لە ماوەی نزیكەی 10 ساڵی داهاتوودا مرۆڤ بگوازێتەوە بۆسەر مانگ.

پرۆژەكە خۆی لە دروستكردنی ئۆتۆمبێلێكی كارەبایدا دەبینێتەوە كە بڕیارە لە ساڵی 2029دا رەوانەی بۆشایی ئاسمان بكرێت.

بەپێی راگەیەنراوی كۆمپانیای تۆیۆتا ئەو ئۆتۆمبێلە توانای هەڵگرتنی دوو سەرنشین و گەشتكردنی بۆ هەزاران میل لەسەر رووی مانگ دەبێت، هەروەها كابینەیەكیش دروستدەكرێت بۆ ئەوەی كەشتیوانەكان تێیدا بژین بەبێ ئەوەی پێویستیان بە پۆشینی جلوبەرگی بۆشایی ئاسمان هەبێت.

بەپێی ئەو پلانەی تۆیۆتا بۆ ئۆتۆمبێلەكەی سەر مانگ دایڕشتووە، درێژییەكەی 6 مەتر دەبێت یان بە درێژیی دوو پاسی بچووك، بەپێی زانیارییەكانیش لە هاوینی رابردووەوە كۆمپانیاكە دەستیكردووە بە لێكۆڵینەوە سەبارەت بە چۆنێتی دروستكردنی ئۆتۆمبێلەكە، بەڵام لەم هەفتەیەدا رێككەوتنێكی نوێی لەگەڵ ئاژانسی ئاسمانی ژاپۆن ئیمزا كردووە بۆ خێراكردنی پرۆژەكە.

لەوبارەیەشەوە ئەكیو تۆیۆدا سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای تۆیۆتا وتی: پرۆژەكە متمانە بە توانای بەرگەگرتن و لێخوڕینی ئۆتۆمبێلە دروستكراوەكان و تەكنەلۆژیای شانەی سووتەمەنی تایبەت بە كارپێكردنی ئۆتۆمبێلە كارەبایەكان دەردەخات.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو ئۆتۆمبێلە كارەباییانەی بە شانەی سوتەمەنی كاردەكەن توانای گەشتكردنیان زیاترە لەوانەی بە پاتری كاردەكەن، ئەوەش وادەكات ئەم تەكنەلۆژیایە شیاوبێت بۆ پرۆژەكەی سەر مانگ.

بەپێی زانیارییەكانی تۆیۆتا هەرچەندە ئەو وزەیەی كە دەتوانرێت بگوازرێتەوە بۆسەر مانگ بڕێكی سنووردارە بەڵام مەودای گەشتكردنی ئۆتۆمبێلەكە زیاتر لە 10 هەزار كیلۆمەترە.


خاك - پوكمیدیا




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved