ڕوناكی مانگ كتێبێكی هارۆڵد پینتیره و نووسه‌ر و وه‌رگێڕ به‌كر حه‌سه‌ن له ئه‌ڵمانییه‌وه وه‌ریگێڕاوه بۆ كوردی، به‌رهه‌مێكی شانۆییه و هه‌رێم عوسمان دیزاینی بۆ كردووه، چاپی یه‌كه‌مێتی و به تیراژی 500 دانه بڵاوبووه‌ته‌وه، ئه‌م به‌رهه‌مه له چه‌ند كارێكی شانۆیی پێك هاتووه، له‌وانه شانۆیی ڕوناكی مانگ، شانۆیی وه‌ختی ئاهه‌نگێڕان، شانۆیی له خۆڵه‌مێشه‌وه بۆ خۆڵه‌مێش. له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌دا سه‌باره‌ت به نووسه‌ر نووسراوه: هارۆڵد پینتیری بیروباوه‌ڕ چه‌پ، شانۆ و درامانووس و ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ری ئینگلاندی له ساڵی 1930 له دایك و باوكێكی جووله‌كه و خێزانێكی سه‌ر به‌چینی كرێكار له له‌نده‌ن له دایك بووه، له ساڵی 1941دا له جه‌نگی جیهانی دووه‌م به‌هۆی بۆردومانه ئاسمانییه‌كانی سوپای ئه‌ڵمانییه‌وه خۆی و خێزانه‌كه‌ی ئاواره‌بوون، كه ئه‌و ئاواره‌بوونه‌ش دوایی له زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیدا وه‌ك سیما و هۆشمه‌ندی و بیركردنه، تایبه‌تمه‌ندێتی به‌خشیوه به كه‌سایه‌تی ناو كاره هونه‌رییه‌كانی كه خۆیان له ته‌نیایی و بێده‌سه‌ڵاتی و به‌شخوراویدا بینیوه‌ته‌وه و هه‌میشه به‌دوای ئازادییه‌كانی خودی مرۆڤه‌كاندا گه‌ڕاون و ده‌گه‌ڕێن. هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه نووسه‌ری ناوبراو توانیوێتی له‌پای كاره شانۆییه‌كانی له ساڵی 2005دا خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بی وه‌ربگرێ. هارۆڵد پینتیر له ته‌مه‌نی كاركردنیدا بیست و شه‌ش كاری شانۆیی نوسیوه و له‌گه‌لێك وڵاتی دنیادا به‌رهه‌مه شانۆییه‌كانی پێشكه‌شكراون. شێوازی كاركردنی ئه‌م هونه‌رمه‌نده له شانۆدا به زمانێكی كۆمیدیا هاوكات تراژیدی بووه، به‌رهه‌مه‌كانی گوزارشتن له‌و شه‌ڕ و كاولكارییه خوێناوییه‌ی كه له زه‌مه‌نی ئه‌و دا به‌رۆكی ته‌واویی مرۆڤایه‌تی گرتووه‌ته‌وه كه جه‌نگی جیهانی دووه‌م بووه ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ش شانۆی كردووه به وه‌سیله‌یه‌ك تاوه‌كو وێنه تراژیدییه‌كان تۆماربكات. له دوای حه‌فتا و هه‌شت ساڵ ته‌مه‌ن ماڵئاوایی له دنیا و له شانۆ كردووه. ئه‌م كتێبه‌ش سێ به‌رهه‌می ئه‌و نووسه‌ره جیهانییه‌یه و به‌كر حه‌سه‌ن بۆ خوێنه‌رانی كوردی وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی. جێی ئاماژه‌یه ئه‌م هونه‌رمه‌نده جووله‌كه‌یه له‌و په‌ڕی دنیاوه كوردی له‌بیر نه‌كردووه و بۆچوونی له‌باره‌ی میلله‌تی كورده‌وه هه‌بووه و خاوه‌ن هه‌ڵوێست بووه و له‌و پێناوه‌شدا یه‌كێك له كاره‌شانۆییه‌كانی به‌نێوی زمانی چیا له‌باره‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی گه‌لی كورده‌وه‌یه‌وه. ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی نووسه‌ری ناوبراو باس له كێشه‌ی كورد ده‌كات له توركیا، وه‌كو نووسه‌رێكی چه‌پ دژی سیاسه‌تی تورك بووه له‌و رۆژگاره‌دا و هه‌ڵوێستی توندی هه‌بووه به‌رانبه‌ر به چه‌وسانه‌وه‌ی كورد له توركیا.
كوردستانی نوێ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure