20/3/2019 01:28 PM

خاڵە ڕەحیمی وەستا مەحمود وپێویستییەكی زەمەنجێگەیی

 

 

پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

 ڕەحیمی وەستا مەحمودی ناڵبەند،وەك خۆی هەمیشە دەیگوت،لەدایكبووی شاری سلێمانی،13-3-1921.لەسەرەتای ژیانییەوە خولیای وەرزش بووە ولەیاری هەڵگرتنی ئاسن ولەشجوانیدا یەكێك بووە لەیاریزانە بەناوبانگەكانی شار .لەهەمان كاتیشدا،گەرچی یاریزانی تۆپی پێ نەبوو بەڵام بەبەردەوامی هاندەرێكی نزیكی ئەم یارییە بووە.لەگەڵ ئەمەشدا بەووردی چاودێری ڕووداوە وەرزشییەكانی جیهانی دەكرد ولەم بارەیەوە زانیارییەكی ووردی هەبوو.جگە لەوەرزش خولیای كۆكردنەوەی زانیارییە مێژووییەكانی شاری هەبوو.واتە ئینسایكلۆپیدیایەك  بوو بۆ تەواوی ووردەكارییەكانی شار.هەندێك جار گەر كێشەیەكی ڕوونكردنەوەیمان هەبوایە ئەوا خاڵە ڕەحیم سەرچاوەیەكی بەنرخی زانیارییەكان بوو.لەسەرو هەموو ئەمانەوە ئەوەی خاڵە ڕەحیمی كرد بەقارەمانێكی میللی قسە خۆشەكانی بوو كەبەقەولی خۆی "فشەكانی"بوو.ئەم شێوازە لەكردار ودەربڕین چەند ڕەهەندێك لەخۆ دەگرێت وەك:
- دەمامك.دەمامك بریتیە لەخواستنی كەسێتیەیەك لەكەسێتییەكی تردا بەشێوازێكی هێمایی ودەمامكی.گەرچی هەتا ئێستا جۆرەكانی دەمامك،لای ڕەخنەگران، خۆیان لەئەفسانەیی وكلتووری وئاینی ومێژووییدا دەبینێتەوە بەڵام خاڵە ڕەحیم جۆرێكی تری نوێی دۆزیوەتەوە وخوڵقاندووە ئەویش بریتیە لەتێهەڵكێشی خەیاڵ وواقیع.ڕووداوەكان لەدەستكردی خەیاڵ وكەسێتییەكان هەڵقوڵاویی واقیع.نموونەی ئەمەشمان كەوتنە خوارەوە كتوپڕەكەی فڕۆكەكەی بوو لەسەر كیشوەری ئەفریقا ودواتر بەمەبەستی ڕزگاربوون ونیشتنەوەی فووكردنە شەرواڵەكەی وەك پەڕەشووت لەجێگەیەك لەو كیشوەرە وگرتنی لەلایەن ئەفریقییەكانی ئەو جێگەیە وهەوڵی كوشتنی لەنێو مەنجەڵێكی ئاوی گەرم كەلەفیلمەكانی تەڕەزاندا چەندین وێنەی هاوشێوە دەبینرێت.لەئەنجامدا دۆزینەوەی هاوڕێیەكی خۆشەویستی كەلەسلێمانی شۆڤێر بووە ولەو ووڵاتە ئەفریقییە پاشا بووە. هەر ئەویش،بەهۆی خزمایەتی وكوردایەتییەوە، ڕزگاری كردبوو لەمردن.بەڵام لەوە خۆشتر ئەوەیە دوای گێڕانەوەی ڕووداوەكە جارێكی تر ئارگیومێنتێكی قورس لەنێوانیاندا بەواقیع ڕوو دەدات وخەڵكی نزیك لەهەردووكیان فریای ڕەحیم دەكەون وڕێكیان دەخەنەوە.
- هاوكێشەی بابەتی.گەورە شاعیر وڕەخنەگری جیهانی ت.س.ئیلیۆت سەبارەت بەهاوكێشەی بابەتی دەڵێت" هاوكێشەی بابەتی تەنها ڕێگەیە بۆ دەربڕینی ناخ وویژدان لەچوارچێوەیەكی هونەری وئەدەبیدا".ئەم ڕەهەندە ڕەنگدانەوەی دیاردەگەراییەكانی ژیانە وبابەت وخاوەن دەقەكان، بەنموونەی چیرۆك وڕووداوەكانی خاڵە ڕەحیم، لەپێناو دەربازبوون لەقەیرانێكی سۆسیۆڵۆژی وسایكۆڵۆژی وفیكری وئابووری پەنا بۆ شتێكی تر دەبەن كەبتوانێت ئاڕاستەی خودی خۆی وخودەكانی تری پێ بگۆڕێت.هەموو ئاگاداری ئەو ڕاستییەین كەهەر لەدایكبوونی ڕەحیمەوە كورد بەگشتی وخەڵكی شاری سلێمانی گیرۆدەی چەندین كێشەی فیكری وسیاسی وبێبەشبوون وهەژاری وهەڵكشان وداكشان بۆتەوە.ئازار وخەمەكان تێكرای گرتبۆوە وتا ئەمڕۆكەش بەردەوامیان هەیە.لێرەدا خاڵە ڕەحیم ڕۆڵی شانۆیەكی كۆمیدی دەبینێت ئەویش لەلایەكەوە بەمەبەستی دینامیكییەتی ژیان.لەلایەكی تریشەوە ڕەوینەوەی ئێش وئازار وخەمەكان تەنانەت بۆ ساتێكیش بێت.كەواتە قسەخۆشەكانی،یان باشتر وایە بڵێین فشەكانی،هاوكێشەیەكی بابەتییە لەجۆری دژایەتی وەك دوالیزمەی خۆشبینی وبەدبینی یان گریان وپێكەنین.
- زەمەنجێگەیی.ئەم زاراوەیە،كەپێكهاتووە لەدوو ووشەی جیاواز –زەمەن وجێگە-، بریتیە لەچوونە دەرەوەی مانا بیستراوە زمانییەكان وبەخشینی چەندین مانای جۆراوجۆر.بۆ نموونە ئێمە لەكاتێكدا كەدەڵێین جوولەكان یان سابوونكەران ئەوا لەڕووی زمانییەوە ئەم دوو جێگەیە بریتین لەدوو گەڕەكی شاری سلێمانی ویەكەمیان لەبەشی خوارەوە وئەوی تریان لەبەشی سەرەوەی شار.بەڵام كەدەچنە نێو فۆڕمی زەمەنجێگەیی ئەوا چەندین مانا لەخۆ دەگرن وەك مەڵبەندی ئازایەتی وشۆڕشگێڕی وفیداكاری وكوردایەتی وتەنانەت ڕزگاركردنی چەندین ڕۆڵەی تێكۆشەر كەكوردایەتیان كردبووە مەشخەڵی مان ونەمان ،ئەویش بەهۆی هەڵكەوتە جوگرافی وجێگەییەكەیانەوە.كەواتە گرنگی زەمەنجێگەیی لەوەدایە كەتوانای دەرخستنی زانیارییە مێژوویی وفیكری وسیاسی وسۆسیۆڵۆژییەكانی هەیە.لێرەدا پرسیارێك دروست دەبێت ئەویش ئەوەیە بۆچی خاڵە ڕەحیم لەشاری سلێمانی دەركەوت ؟ گەرچی ئێمە نامانەوێت جیاوازییەك لەجێگەكاندا بكەین یان بچینە نێو دوالیزمەی شار وشارچێتییەوە،بەڵام بۆچوونێكی حاشا هەڵنەگر لەسەر پێكهاتەی سلێمانی هەیە ئەویش خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كەخەڵكی ئەم شارە هەمیشە كراوە وڕۆشنبیر وبەئێش وئازار وخەمبار وڕەشپۆش بوون.واتە سەرچاوەی دامەزراندن وڕووبەڕوبونەوە وململانێ وبێبەشبوون بووە.لەم ڕووەوە قوربانییەكی زۆریشی داوە ومێژووش بەگشتی ومێژووی سیاسیش ئەمەی سەلماندووە.قسەخۆشەكانی خاڵە ڕەحیم بەمەبەستی دەربازبوون وڕاگرتنی باڵانسەكان دەهات وبەشێك لەخەم وئازارەكانی دەڕەوانەوە.بەمەش خاڵە ڕەحیم پێویستییەكی لۆژیكی وزەمەنجێگەیی بوو.هەر لەبەر ئەمەش بوو كاتێك كەدەهاتە دەرەوە ولەشوێنە گشتییەكاندا پیاسەیەكی دەكرد ئەوا تێكڕای خەڵكی لێی كۆدەبوونەوە وداوای شتێكی نوێیان لێ دەكرد.ئەمیش بەشێوازە دەم بەپێكەنین وڕووە خۆشییەكەیەوە هەمووانی ڕازی دەكرد.جار جارەش لەنێو قسە خۆشەكانیدا دەكەوتە گێڕانەوەیەكی مێژوویی وئاركیۆڵۆژی خەڵك وشارەكە.ئەم شێوازەشی بەشێوەیەكی خۆڕسكی لەشێوازەكانی زانای گەورە جاحیز (الجاحڤ) دەچێت كەهەمیشە لەگێڕانەوەكان ونووسینەكانیدا چەمكی لەباس لادانی بەكاردەهێنا وەك بەكارهێنانی بابەتێكی زۆر جدی ودواتر بابەتێكی كۆمیدی یان بەپێچەوانەوە.بەئاڕاستەیەكی تر،خاڵە ڕەحیم خاوەن ووزەیەكی پۆزەتیڤی بوو لەنێو ووزەیەكی نێگەتیڤیدا ولەم ڕووەشەوە دەیتوانی ئاڕاستەی تاكە بەئازار وخەمبارەكان بگۆڕێت بۆ خۆشییەكی كاتی.گەرچی لەدوا چاوپێكەوتنیدا ووتی "من هیچ كات لەمردن ناترسم"بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا زۆر حەزی بەژیان بوو.بەوپێیەی لەبنەماڵەی ئێمەوە زۆر نزیك بوو وەباوكی لەگەنجێتیدا ناڵبەندی تایبەتی باپیری دایكم بوو، شێخ عەبدولڕەحمانی داراغا، كەخاوەن دەستەڵاتێكی گەورەی زەمەنی خۆی بوو وەیەكێك بووە لەپێشەنگە سەركردە قارەمانەكان كەدژ بەئینگلیز جەنگاوە شان بەشانی شێخی نەمر،زۆرجار دەمبینی وزۆریش ڕێزی لێدەگرتم. جارێك،لەبەر دەركی سەرا ونزیك سەعاتی بەریدەكە، كات دوازدەی نیوەڕۆ بوو.بینیم سەعاتەكەی دەستی خاڵە ڕەحیم لەسەر كاتی دەی بەیانی دانراوە.منیش ووتم خاڵە ڕەحیم كات چەندە ؟ووتی بەخوا گەر سەعاتەكەش وەك خۆم ڕاست بكات ئەوا كات دەی بەیانییە.منیش ووتم خاڵە سەعاتەكەت هەڵەیە.ووتی دەتەوێت بڵێم كات دوازدەیە! خۆ ئەگەر بڵێم كات دوازدەیە ئەوە من ڕەحیم نیم.ئەمە گەرچی شتێكی كۆمیدی بوو بەڵام لەلایەكی تریشەوە هەمیشە حەزی دەكرد زەمەن لەكاتی خۆیدا نەبینێت وبچێتە دواوە.هەر بۆ ڕاستی ئەم بۆچوونە،لەزەمەنی كیمیابارانەكەی هەڵەبجەدا خاڵە ڕەحیمم بینی پێی ووتم بۆچی وا خەمباریت؟ منیش لەوەڵامدا ووتم خاڵە ڕەحیم كورد نەماو فەوتا.ئاگات لێی نییە چی بەسەر هەڵەبجەدا هاتووە؟ یەكسەر ووتی" بەڵی َ ئەزانم بەڵام كورد لەڕەگەزی پشیلەیە وحەوت ڕۆحی هەیە وهیچ كات نامرێت.ئەوە نیە شاعیر دەڵێت" كەس نەڵێ كورد مردووە كورد زیندووە".ئەمە گاڵتەجاڕی نەبوو بەكارەساتی هەڵەبجە وكەسەكانی بەڵكو جەختكردنەوەیە لەسەر مانی تاكی كوردی.لەهەموو قسەخۆشەكانیدا تەواو باوەڕی بەخۆی هەبوو وە پشت ئەستوور وقایم بوو لەگێڕانەوە وڕوودا وئەنجامەكانی.هەر ئەمەش ڕاماندەكێشێت بۆ بابەتێكی ڕەخنەی ڕۆشنبیری كەئەم بابەتە ڕەخنەییە جەخت لەسەر كۆمەڵگا وسروشتی تاكەكان وپەیوەندی "من" بە"ئەو"ی بەرامبەر دەكات .لەهەمان كاتیشدا پێناسەكردن ودەرخستنی بابەت وكەسە پەراوێزخراوەكان وپێدانی ڕۆڵی كاریگەر پێیان.دوای كۆكردنەوەی قسەخۆشەكانی ،ئەم بابەتە هەڵدەگرم بۆ لێكۆڵینەوەیەكی زانستی ڕەخنەگرانەی تایبەت. 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved