29/4/2019 03:25 PM

2020 رۆبۆته‌كسی‌ ده‌كه‌وێته‌ بازاڕه‌وه‌



ئیلۆن ماسك به‌ڕێوه‌به‌ری‌ جێبه‌جێكاری‌ كۆمپانیای‌ تیسلا رایگه‌یاند، له‌ ساڵی‌ 2020دا كۆمپانیاكه‌یان جۆرێك ته‌كسی‌ ده‌خاته‌ بازاڕه‌وه‌ كه‌ به‌ كاره‌با كار ده‌كات‌و پێویستی‌ به‌ شۆفێریش نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێی‌ ده‌وترێ رۆبۆته‌كسی‌.
ماسك ده‌ڵێ: چاوه‌ڕێی‌ وه‌رگرتنی‌ ره‌زامه‌ندی‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ رۆبۆته‌كسی‌ له‌ چه‌ند شارێكی‌ ئه‌مریكا بخه‌نه‌گه‌ڕ‌و هه‌ریه‌ك له‌و ته‌كسیانه‌ش كۆمپیوته‌ر‌و چیپی‌ تایبه‌ت به‌خۆی‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ركی‌ لێخوڕین‌و ئاژوتن جێبه‌جێ ده‌كات‌و جێگه‌ی‌ شۆفێر ده‌گرێته‌وه‌.
به‌ڵام رۆبۆته‌كسی‌ رێڕه‌وی‌ دیاریكراوی‌ هه‌یه‌‌و به‌ ته‌واوی‌ له‌ لێخوڕیندا سه‌ربه‌خۆ نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆیی ته‌واوی‌ لێخوڕینی‌ ئۆتۆمبێلی‌ بێ شۆفێر تا ئێستاش به‌ربه‌ستی‌ ته‌كنیكی‌‌و یاسایی زۆری‌ له‌به‌رده‌مدایه‌.
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كۆمپانیای‌ تیسلا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد، له‌ هه‌مووی‌ گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ چیپی‌ زیره‌كی‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ خۆیان دروستیان كردووه‌‌و ئه‌وه‌ش یه‌كه‌م جاره‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌ چیپ دروست بكات‌و كاره‌كه‌شی‌ سه‌ركه‌وتوو بووه‌.

خاك- ئاژانسە كان





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved