27/5/2019 05:03 PM

توێژینەوەیەک شێوەی کاریگەریی دەرمانی بێهۆشی دەردەخات

لە توێژینەوەیەکی نوێدا کە لەسەر مشک کراوە، بۆ یەکەم جار دەرکەوتووە کە ئەو دەرمانانەی بۆ بێهۆشی بە کار دەهێنرێن، خولگەیەک لە مێشکدا چالاک دەکەن کە دەبێتە هۆی خەو لێکەوتن.
زانایان لە زانکۆکانی دوک و دورهام، کە ئەم توێژینەوەیان کردووە، پێشنیار دەکەن کە دەستکەوتەکان دەتوانن لە پەرەدانی دەرمانی باشتری خەوهێنەردا بە کاردانەوەی لاوەکیی کەمتر ، یارمەتیدەر بن.
لە ساڵی ١٨٤٦ەوە، کاتێک ددانساز و نەشتەرگەرێک، لە نەشتەرگەرییەکدا بۆ یەکەم جار سەرکەوتووانە دەرمانی بێهۆشی بە کار هێنا، چەندین جۆر، دەرمانی بێهۆشی سەریان هەڵدا. بەڵام تا ئەم ساڵانەی دوایی، ڕوون نەبوو کە ئەم ماددانە چۆن لەسەر لەدەستدانی هۆشیاری کاریگەری دادەنێن.
توێژەران باس لە دۆزینەوەی خانەگەلێک بە ناوی خانەکانی دەمارەئیندۆکرین (neuroendocrine) دەکەن کە لە هیپوتالاموس لە مێشکدا هەڵکەوتوون و دەڵێن کە ئەم خانانە بە هۆی دەرمانەکانی بێهۆشی چالاک دەبن. دەمارەئیندۆکرین جۆرێک خانەن کە وەک دەمارەخانەکان لە کۆئەندامی دەمارییەوە سیگناڵەکان وەردەگرن، جگە لەوە ئەم خانانە وەڵامی بەرهەمهێنان و ئازادکردنی هۆرمۆنەکانیش دەدەنەوە. 
توێژەران بۆ تێگەیشتن لە کاریگەریی دەمارەئیندۆکرین لەسەر هۆشیاری، خانەکانی دەمارەئیندۆکرینیان لە مێشکی مشکدا چالاک کرد کە بووە هۆی ڕاوەستانی جوڵە و خەو لێکەوتنی، بە جۆرێک کە ئەو حاڵەتە لە کاتی بێهۆشیدا دروست دەبێت. بە ناچالاککردنی خانەکان مشکەکە لە خەو هەستا.
توێژەران دەڵێن ئەگەر بتوانن ئەم خولگە دەمارییە لە ڕێگەی بە ئامانجکردنی هۆرمۆنەکان یان پێپتایدەکان کۆنترۆڵ بکەن دەتوانن حەبی باشتری خەو دروست بکەن.






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved