16/6/2019 10:00 AM

دوو به‌شی زانستی له‌ پێنجوێن ده‌كرێنه‌وه‌

به‌ مه‌به‌ستی ئاگاداربوون و به‌دواداچوونی كردنه‌وه‌ی دوو به‌شی زانستی له‌ قه‌زای پێنجوێن، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌ یاوه‌ری پ.ی.د.ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و سه‌رۆكی زانكۆكانی (سلێمانی و سۆران و كۆمار) قه‌زای پێنجوێنیان به‌سه‌ركرده‌وه‌و سه‌ردانی هه‌ردوو به‌شی زانستی (په‌رستاری و كارگێری)یان كرد كه‌ سه‌ر به‌ په‌یمانگای ته‌كنیكی سلێمانیه‌.

له‌میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌دا وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی سه‌رجه‌م هۆڵه‌كانی خوێندن و به‌شه‌كانی خوێندنی باڵای له‌ قه‌زای پێنجوێن به‌سه‌ركرده‌وه‌و خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به‌ ته‌واوبوونی بینای خوێندن و دابینكردنی پێداویستییه‌كانی خوێندن و ڕایگه‌یاند كه هه‌رچی له‌ده‌ستمان بێت بۆ خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی به‌شه‌ره‌فی پێنجوێن و ده‌وروبه‌ری درێغی ناكه‌ین و هه‌میشه‌ پشتیوانیان ده‌بین.

له‌ وته‌یه‌كیدا سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی بۆ سایتی زانكۆ وتی: له‌پێناو خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان و خوێندكارانی خۆشه‌ویستی قه‌زای پێنجوێن و پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌لێنه‌ی له‌م قه‌زایه‌دا هه‌بوو كه‌ هیچ ناوه‌ندێكی خوێندنی باڵای تیادا نه‌بووه‌ ،له‌سه‌ر بڕیاری قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ڕه‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا پار ساڵ ده‌ستمانكرد به‌ ئاماده‌سازی بۆ كردنه‌وه‌ی دوو به‌شی زانستی كه‌ هه‌ردوو به‌شی (په‌رستاری و كارگێڕییه‌) له‌ قه‌زای پێنجوێندا كه‌ ئه‌مه‌ سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی په‌یمانگاو له‌ دوایشدا كۆلێج.

هه‌روه‌ها وتی به‌سوپاسه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری له‌ناو بیناكه‌ی خۆیاندا جێی ئه‌و دوو به‌شه‌یان بۆ كردوینه‌ته‌وه‌و پاشان به‌ ڕه‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو له‌سه‌ر بودجه‌ی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ هه‌ستاین به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌شێكی بیناكه‌و دابینكردنی پێداویستییه‌كانی خوێندن، وه‌ بڕیاره‌ ئه‌مساڵ ئه‌م دوو به‌شه‌ زانستییه‌ بۆ خوێندنی 2019-2020 خوێندكار وه‌ربگرێت. به‌ناوی خۆمانه‌وه‌ له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی پیرۆزبایی كردنه‌وه‌ی خوێندنی باڵا له‌م قه‌زا خۆشه‌ویسته‌ ده‌كه‌ین و ده‌خوازین له‌ كه‌مترین كاتدا بیانكه‌ینه‌ خاوه‌نی په‌یمانگاو كۆلێجی تایبه‌ت به‌خۆیان.

ڕێباز حمه‌ئه‌مین وه‌ك نوێنه‌ری په‌یمانگای ته‌كنیكی سلێمانی بۆ ئیش و كاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌و دابینكردنی پێداویستییه‌كانی هه‌ردوو به‌شی زانستی له‌ قه‌زای پێنجوێن وتی: جێی ده‌ستخۆشیه‌ كه‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی وه‌ك یه‌كه‌م دامه‌زراوه‌ی خوێندنی باڵا هه‌ستا به‌ كردنه‌وه‌ی دوو به‌شی زانستی له‌م قه‌زایه‌دا. ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی ئه‌رێنییه‌ به‌ ئاراسته‌ی گه‌وره‌تركردنی ئه‌م پرۆژه‌یه‌و خزمه‌تگه‌یاندن به‌ خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌و خوێندكاران چونكه‌ تائێستا خوێندكارانی قه‌زای پێنجوێن له‌دوای ته‌واوكردنی قۆناغی ئاماده‌یی ڕوو له‌ شاره‌كانی تر ده‌كه‌ن بۆ ته‌واوكردنی خوێندن.

خاك - راگه‌یاندنی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved