18/6/2019 09:43 AM

سلێمانی.. ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌مجۆره‌ بۆنه‌دا گیراوه‌

به‌هۆی به‌سه‌رچوونی ماوه‌ی به‌كارهێنانییه‌وه‌، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان ده‌ست به‌سه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆر بۆنی جۆراوجۆری خانمان و پیاواندا ده‌گرێت و له‌ناوده‌برێت.

له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كۆگاكانی سه‌ر به‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌وه له‌ كۆگایه‌كی شاری سلێمانی‌ ده‌ست به‌سه‌ر (36) كارتۆن بۆنی خانمان و پیاواندا ده‌گیریت كه‌ ماوه‌ی به‌كارهێنانیان به‌سه‌رچووهو به‌پێی رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی شیاوی به‌كارهێنان نین.

ئه‌و بۆنانه‌ی له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌ی قائیمقامیه‌ته‌وه‌‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ چوار جۆره‌ له‌ (MAJIX – EXPOSE – ALEDA - 212) پێكهاتووه‌ كه‌ خاوه‌نی كۆگای (KG) به‌نیازبووه به‌سه‌ر هاووڵاتیانی شاری سلێمانیدا ساخی بكاته‌وه‌.

به‌پێی رێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان ئه‌و كاڵاو شمه‌كانه‌ی ماوه‌ی به‌كارهێنانیان به‌سه‌رده‌چێت، ده‌بنه‌ مادده‌یه‌كی زیانبه‌خش و مه‌ترسی بۆسه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ دروستده‌كات، بۆیه‌ هه‌میشه‌ هاووڵاتیان ئاگادارده‌كه‌نه‌وه‌ خۆیان به‌دووربگرن له‌ به‌كارهێنانیان.

به‌ فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی له‌ناوبردنه‌وه‌ ته‌واوی ئه‌و بۆنانه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ له‌ناوده‌برێت و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌رووی رێكاری یاسایی ده‌كاته‌وه‌.

لیژنه‌ی كۆگاكان یه‌كێكه‌ له‌ لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی، رۆژانه‌ سه‌ردانی كۆگاكانی عه‌مباركردنی كاڵاو شمه‌ك و خوارده‌مه‌نی ده‌كات بۆ پشكنین كردن تا له‌ سه‌لامه‌تی عه‌مباركردن و نه‌بوونی مادده‌ی خراپ و ماوه‌به‌سه‌رچوو دڵنیابێته‌وه‌، له‌كاتی هه‌بوونی كاڵاو شمه‌كی خراپ و ماوه‌به‌سه‌رچوو ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرێت و نموونه‌ی ره‌وانه‌ی پشكنینی كیمیایی ده‌كرێت پاشان بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌رووی رێكاره‌ یاساییه‌كان ده‌كاته‌وه‌.


خاك - راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved