22/6/2019 05:33 PM

مه‌ریخ و زوهره‌ و عه‌تارد وه‌ك زه‌وی شین بوون



له‌ میانه‌ی زنجیره‌یه‌كی زانستیدا زاناكان ئه‌وه‌یان ئاشكرا كردووه‌ كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ زوهره‌ و عه‌تارد و مه‌ریخ وه‌ك زه‌وی شین بوون و ئاویان له‌سه‌ر بووه‌.له‌زنجیره‌ فیلمێكی دیكۆمێنته‌ری زانستیی به‌ ناوی ( هه‌ساره‌كان) كه‌ له‌ كه‌ناڵی (BBC 2)ه‌وه‌ په‌خشده‌كرێت یه‌كێك له‌ پڕۆفیسۆره‌كانی بواری گه‌ردونناسی به‌ ناوی (براین كوكس) ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ هه‌ریه‌ك له‌ هه‌ساره‌كانی زوهره‌ و مه‌ریخ و عه‌تارد وه‌ك گۆی زه‌وی شین بوون.
كوكس ده‌ڵێت» به‌ر له‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمای هه‌ر یه‌ك له‌ زوهره‌ و عه‌تارد به‌رز بێته‌وه‌ و مه‌ریخ بیبه‌ستێت هه‌ریه‌ك له‌م هه‌سارانه‌ وه‌ك زه‌وی ئاویان له‌سه‌ر هه‌بووه‌ و ڕه‌نگیان شین بووه‌ گریمانه‌ ده‌كرێت ڕه‌نگه‌ ڕۆژگارێك شیاوبووبێتن بۆ ژیان».
به‌پێی ئه‌و كتێبه‌ی كه‌ بڕیاره‌ به‌م نزیكانه‌ بڵاو بكرێته‌وه‌ و له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ (براین كوكس) و(ئه‌ندرۆ كۆهین) یشه‌وه‌ نوسراوه‌، هه‌ساره‌ی زوهره‌ به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ دووه‌م هه‌ساره‌ی كۆمه‌ڵه‌ی خۆره‌ له‌ ڕوی نزیكیی له‌ خۆره‌وه‌ و نزیكترین دراوسێی زه‌وییه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ی خۆر و به‌ دوانه‌ شه‌ڕه‌نگێزه‌كه‌ی زه‌وی (Earth>s Evil Twin) ناسراوه‌، پله‌ی گه‌رماكه‌شی ئه‌وه‌نه‌ به‌تینه‌ كه‌ قورقوشم ده‌توێنێته‌وه‌، هه‌رچی به‌رگه‌هه‌واكه‌یه‌تی زۆر ئه‌ستووره‌، ئه‌ویش به‌هۆی هه‌وری ترشی كبریتیكه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕه‌نگه‌ یه‌كه‌مین جیهانی ئاو بووبێت له‌ كۆمه‌ڵه‌ی خۆردا واته‌ ئۆقیانوسی هه‌بووبێت له‌گه‌ڵ ئاسمانی شین و هه‌وری سپی.
ئه‌م هه‌ساره‌یه‌ بۆ ماوه‌ی دوو ملیار ساڵ به‌و شێوه‌یه‌ ماوه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش ماوه‌یه‌كی باشه‌ بۆ گه‌شه‌كردنی ژیان و له‌ ماوه‌ی 700 ملیۆن ساڵی ڕابردودا به‌ ته‌واوی سه‌ر ڕووه‌كه‌ی وشك بووه‌.
كوكس‌و هاوكاره‌كه‌ی له‌باره‌ی عه‌تاردیشه‌وه‌ له‌ كتێبه‌كه‌یاندا ده‌ڵێن» عه‌تارد له‌ خولگه‌یه‌كی نزیك له‌ زه‌وی و مه‌ریخه‌وه‌ پێكهاتووه‌ و له‌وه‌ گه‌وره‌تر بووه‌ كه‌ ئێستا هه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌ك ڕه‌نگه‌ قه‌باره‌كه‌ی هێنده‌ گه‌وره‌ بووبێت كه‌ بتوانێت به‌رگه‌ هه‌واو و جیهانێكی ئاویی هه‌بێت كه‌ توانای بوونی هه‌موو پێكهاته‌كانی ژیانی له‌سه‌ر بێت، به‌ڵام ئه‌و هه‌ساره‌یه‌ به‌هۆی هێزی كێشكردنی مشته‌رییه‌وه‌ له‌ خولگه‌كه‌ی چووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و دوور كه‌وتووه‌ته‌وه‌ له‌ تیشكی خۆر».
ئه‌وه‌ی كۆكس‌و كوهین له‌و كتێبه‌یاندا زۆر جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه‌ هه‌ساره‌ی مه‌ریخه‌ و ئه‌وان پێیان وایه‌ هه‌ساره‌ی مه‌ریخ كه‌ به‌هه‌ساره‌ سووره‌كه‌ش ناسراوه‌ یه‌كه‌م هه‌ساره‌یه‌ تا ئێستا زۆر له‌ گۆی زه‌وی بچێت و به‌ بڕوای ئه‌و دوو پسپۆڕه‌ شوێنێكه‌ ئه‌گه‌ری گه‌شه‌كردنی ژیانی لێده‌كرێت.
ئه‌وان ده‌ڵێن» مه‌ریخ ته‌وژمی ئاوی ڕۆیشتوو له‌ژێر گرده‌كانیدا هه‌بووه‌ و چه‌ندین ڕووباریش به‌ناو دۆڵه‌كانیدا ڕۆیشتووه‌». هه‌ر بۆیه‌ هه‌ردوو زاناكه‌ جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ ئێستاش یان له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا ئه‌و هه‌ساره‌یه‌ ببێته‌ شوێنێكی گونجاو بۆ ژیان، یان ڕه‌نگه‌ شوێنه‌وارێكی ژیان له‌سه‌ر ڕووه‌كه‌ی بدۆزرێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: سپۆتنیك



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved