27/6/2019 11:03 AM

رێگه‌ نادرێت گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كانی سلێمانی بشێوێنرێن

كۆبونه‌وه‌كانی تایبه‌ت به‌ پاراستنی گه‌ڕه‌ك و خانووه‌ كه‌له‌پورییه‌كانی سلێمانی به‌رده‌وامه‌و رێوشوێنه‌كانیش بۆ پاراستنیان توندتر ده‌كرێن.

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكی قائیمقامیه‌تی سلێمانی راگه‌یه‌نراوه‌، له‌ دیوانی قائیمقامیه‌ت كۆبونه‌وه‌یه‌ك به‌ سه‌رپه‌رشتی ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی سلێمانی و به‌شداری نوێنه‌رانی شاره‌وانی سلێمانی و شوێنه‌وارو زانكۆی سلێمانی و لیژنه‌ی پاراستنی كه‌له‌پورو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئه‌نجامدرا.

ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌روو، بابه‌تی كۆبونه‌وه‌كه‌ دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی زیاتری نێوان فه‌رمانگه‌كان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بوو بۆ ئه‌وه‌ی میكانیزمی پێویست بگیرێته‌به‌رو چیتر رێگه‌ نه‌درێت گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كانی سه‌نته‌ری شاری سلێمانی تێكبدرێن و سیمایان بشێوێنرێت و له‌ ناوچه‌ی نیشته‌جێبونه‌وه‌ بكرێن به‌ ناوچه‌ی بازرگانی.

قائیمقامی سلێمانیش رایگه‌یاندووه‌، پاراستنی ناوچه‌ كه‌له‌پورییه‌كانی سلێمانی ئه‌ركی هه‌موو لایه‌كه‌و شێواندنیشیان زیان به‌ مێژوو و كه‌له‌پوری شاره‌كه‌مان و ناوچه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، بۆیه‌ رێگه‌ ناده‌ین چیتر سیماو شێوازی ئه‌و گه‌ڕه‌ك و خانووانه‌ تێكبدرێن.

هه‌ر له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردراوه‌ به‌ نوسراوی ره‌سمی داوا له‌ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی سلێمانی بكرێت ته‌واوی رێنماییه‌كانی تایبه‌ت به‌ سه‌نته‌ری شارو نه‌خشه‌یه‌كی وردی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ بخاته‌ به‌رده‌ستی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ ئه‌وه‌ی كاری له‌سه‌ر بكرێت، یان به‌پێی پێویست هه‌موار بكرێنه‌وه‌. لیژنه‌ی پاراستنی خانووه‌ كه‌له‌پورییه‌كانیش كه‌ له‌ نوێنه‌ری فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان پێكهاتوون له‌ كاره‌كانی به‌رده‌وامبێت.

خاك 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved