29/6/2019 09:25 AM

دەست بەسەر بڕێكی زۆر ماددەی قەدەغەكراودا دەگیرێت

لیژنە هاوبەشەكان دەستیان بەسەر بڕێكی زۆر ماددەی قڕكەردا گرت و بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی تەواوی ماددەكان لەناوبراوە.

قائیمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەنراوێكیدا ئاماژەی بەوە داوە لە ئەنجامی سەردان و بەدواداچوونەكانی لیژنەی نوسینگە كشتوكاڵییەكانی سەر بە لیژنە هاوبەشەكان بۆ هەموو ئەو شوێنانەی تۆو سەمادو دەرمانی نەخۆشییە كشتوكاڵییەكان بە جوتیاران دەفرۆشن، دەستبەسەر بڕی زیاتر لە دوو تۆن ماددەی قڕكەری قەدەغەكراودا گرتووە.

روونیشیكردەوە: بەشێك لەو ماددە قڕكەرانەی لە بازاڕ دەفرۆشرێن، لەكاتی دروستكردنیدا بڕێكی زۆر ماددەی (سایپەرمەسرین) تێدەكرێت كە یەكێكە لە هۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درێژخایەن و مەترسیدارەكان بۆ ئەو كەسانەی بەكاریدەهێنن، بۆیە قائیمقامیەتی سلێمانی لیژنەیەكی بۆ دەست بەسەرداگرتن و لەناوبردنی ئەو ماددانە دروستكردووە.

باسی لەوەش كردووە: لیژنەكە سەردانی هەریەك لە قەزاو ناحیەكانی پارێزگای سلێمانی كردووەو لە نوسینگە كشتوكاڵییەكان دەستی بەسەر ئەوبڕە زۆرەدا گرتووە.

لەناوبردنی ئەو ماددە زیانبەخشانە پێویستی بە گەرمی زیاتر لە (1200) پلە سیلیزی و شوێنی تایبەتی دورلە ناوچەی نیشتەجێبوون و رێگەی زانستی هەیە بۆ لەناوبردن كە‌ كارگەی چیمەنتۆی لاڤارج هاوكاری لیژنە هاوبەشەكان و بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی سلێمانی كردووە بۆ لەناوبردنیان.

بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی تەواوی ئەو ماددە زیانبەخشانەی لەلایەن لیژنەی كشتوكاڵەوە دەستی بەسەردا گیراوە لەناوبراون و خاوەنەكانیان روبەرووی رێكاری یاسایی دەكرێنەوە.


خاك - راگەیاندنی قائیمقامیەت




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved