1/7/2019 08:56 AM

به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی زانكۆكانی كوردستان به‌رده‌وامه‌

ده‌سته‌ی كوردستانی له‌ زانكۆی مه‌ساریك له‌ چیك به‌شداری له‌ وۆركشۆپێكی پڕۆژه‌ی تایگرس-دا ده‌كات.
 
پڕۆفیسۆر پۆڵا ئازاد خانه‌قا سه‌رۆكی ده‌سته‌ی كوردستانی: پڕۆژه‌ی تایگرس پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیجی زۆر گرنگه‌ بۆ به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان و تائێستاش هه‌نگاوی زۆرباش نراوه‌.
 
له‌ زانكۆی مه‌ساریك له‌ چیك له‌ وۆركشۆپێكدا كه‌ ماوه‌ی سێ رۆژی خایاند (رۆژانی 24-6، 25-6، 26-6-2019) راپۆرتێكی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌باره‌ی ساڵی یه‌كه‌می پڕۆژه‌ی تایگرس خرایه‌ڕوو، گفتوگۆش له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانی داهاتووی پڕۆژه‌ی تایگرس كرا.
 
ئاماده‌بووانی وۆركشۆپه‌كه‌
له‌ وۆركشۆپه‌كه‌دا كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری زانكۆكانی گوتنگن له‌ ئه‌ڵمانیا، خرۆنینگن له‌ هۆڵه‌ندا، لیوڤن له‌ به‌لجیكا، مه‌ساریك له‌ چیك، نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی، ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی، زانكۆكانی (سلێمانی، سه‌ڵاحه‌دین-هه‌ولێر، چه‌رمو، راپه‌ڕین، هه‌ڵه‌بجه‌)، زانكۆی پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر، زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی، زانكۆی پۆلیته‌كنیكی دهۆك، به‌ڕێوه‌چوو. راپۆرتێكی یه‌كێتیی ئه‌وروپا كه‌ فه‌ندی پڕۆژه‌ی تایگرس ده‌كات، وه‌كو هه‌ڵسه‌نگاندنێك بۆ ساڵی یه‌كه‌می پرۆژه‌ی تایگرس خرایه‌ڕوو، گفتوگۆش كرا له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانی داهاتووی پڕۆژه‌ی تایگرس و به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان و چۆنێتی گۆڕینی سیستمی كارگێڕی و خوێندن. هه‌روه‌ها پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ مه‌به‌ستی ئاڵوگۆڕی زانستی و پڕۆژه‌ی هاوبه‌ش و ئاڵوگۆڕی ستاف و خوێندكار تاووتوێكرا.
 
هه‌نگاوی زۆرباش نراوه‌
پڕۆفیسۆر پۆڵا ئازاد خانه‌قا سه‌رۆكی ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ لێدوانێكدا بۆ سایتی ده‌سته‌ی كوردستانی رایگه‌یاند: پڕۆژه‌ی تایگرس پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیجی زۆر گرنگه‌ بۆ به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان و تائێستاش هه‌نگاوی زۆرباش نراوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی تایگرس.
 
شایانی باسه‌، پڕۆژه‌ی تایگرس له‌لایه‌ن زانكۆی گوتنگن له‌ ئه‌ڵمانیا وه‌ك رێكخه‌ری پڕۆژه‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی، ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی وه‌ك رێكخه‌ری پڕۆژه‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت و له‌لایه‌ن یه‌كێتیی ئه‌وروپاوه‌ فه‌ندده‌كرێت. هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی، پشتیوان و هاوكارێكی سه‌ره‌كین بۆ سه‌رخستنی پڕۆژه‌ی تایگرس و به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان.
 
ناوه‌ڕۆكی وۆركشۆپه‌كه‌
له‌باره‌ی ۆركشۆپه‌كه‌وه‌، مامۆستا بڕیار ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی په‌یوه‌ندییه‌ ناوخۆیی و جیهانییه‌كانی ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی، به‌ سایتی ده‌سته‌ی كوردستانی www.kissr.edu.krd راگه‌یاند: له‌ وۆركشۆپه‌كه‌دا راپۆرتێكی یه‌كێتیی ئه‌وروپا كه‌ فه‌ندی پڕۆژه‌كه‌ ده‌كات، وه‌كو هه‌ڵسه‌نگاندنێك بۆ ساڵی یه‌كه‌می پرۆژه‌ی تایگرس خرایه‌ڕوو، وتیشی: له‌ راپۆرته‌كه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپادا هه‌ڵسه‌نگاندنێكی زۆرباش بۆ ساڵی یه‌كه‌می پڕۆژه‌كه‌ كراوه‌، راشیگه‌یاند: هه‌ر له‌ ۆركشۆپه‌كه‌دا گفتوگۆكرا له‌باره‌ی پرسی به‌ڕێوه‌بردنی زانكۆكان و هه‌وڵدان بۆ به‌نێوده‌وڵه‌تی كردنیان، له‌ رۆژی سێیه‌می ۆركشۆپه‌كه‌شدا گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانی داهاتووی پڕۆژه‌ی تایگرس كرا.
 
پڕۆژه‌ی تایگرس
پڕۆژه‌ی تایگرس یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌ به‌رهه‌می سه‌ردانی وه‌فدێكی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی، به‌ هاوڕێیه‌تی پڕۆفیسۆر پۆڵا ئازاد خانه‌قا سه‌رۆكی ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی بۆ ئه‌ڵمانیا كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2015-دا سه‌ردانه‌كه‌ ئه‌نجامدراو له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌كادیمی ده‌ره‌كی ئه‌ڵمانی (DAAD)، ده‌زگای باڵای ئه‌نجومه‌نی زانكۆكانی ئه‌ڵمانیادا كۆبوونه‌وه‌و ئه‌مه‌ش بوو به‌هۆی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ڵمانیا له‌ بواری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستیدا.

خاك - راگه‌یاندنی ده‌سته‌ی كوردستانی



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved