3/7/2019 09:43 AM

چه‌ندین تۆن خۆراك و مادده‌ی خراپبوو له‌ناوبراون

له‌ مانگی رابردوودا لیژنه‌ هاوبه‌شكانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕێكی زۆر خۆراك و ماده‌ی ماوه‌به‌سه‌رچوودا گرتووه‌ كه‌ شیاوی خواردن و به‌كارهێنان نه‌بوون و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی له‌ناوبردنه‌وه‌ له‌ناوبراوه‌.

به‌پێی راپۆرتی مانگانه‌ی خۆیان لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی له‌مانگی (6)ی (2019)، به‌هۆی خراپبوون و نه‌شیاوی بۆ خواردن و به‌كارهێنان ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕی زیاتر له‌ (43) تۆن و (810) كیلۆگرام خۆراك و مادده‌ی ماوه‌به‌سه‌رچوودا گرتووه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ئه‌و خۆراك و مادده‌ ماوه‌به‌سه‌رچووانه‌ی لیژنه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتووه‌ له‌ (خوارده‌مه‌نی جۆراوجۆر، بۆن و جوانكاری خانمان، مادده‌كانی پاككردنه‌وه‌و قڕكه‌ری مێرووی خانووه‌ كشتوكاڵیيه‌كان، میوه‌كان، خواردنه‌وه‌ گازییه‌كان) پێكهاتوون كه‌ شیاوی خوارن و به‌كارهێنان نه‌بوون.

به‌ بڕیاری قائیمقامی سلێمانی به‌شێكی زۆریان له‌ ناوچه‌ی تانجه‌رۆو به‌شێكیان له‌ شوێنی تایبه‌ت و دوور له‌ شوێنی نیشته‌جێبوونی هاووڵاتیان، له‌ناوبراون و خاوه‌نه‌كانیشیان روبه‌رووی رێكاری یاسایی كراونه‌ته‌وه‌.

لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌ت له فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی شاری سلێمانی پێكهاتووه‌ ئێستا ژماره‌یان‌ (33) لیژنه‌یه‌و له‌ به‌ره‌به‌یانێكی زووه‌وه‌ تا دره‌نگانێكی شه‌و سه‌ردانی بازاڕو شوێنه‌ گشتیيه‌كان ده‌كه‌ن و له‌ هه‌بوونی سه‌رپێچی خاوه‌ن شوێنه‌كان ئاگادارده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ دوباره‌بوونه‌وه‌ی سزای ماددی و به‌رده‌وامبوون له‌سه‌رپێچی شوێنه‌كه‌ روبه‌رووی داخستن ده‌كه‌نه‌وه‌‌.

خاك - راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved