6/7/2019 09:39 AM

سلێمانی.. دوو هاككه‌رى فه‌یسبووك ده‌ستگیر ده‌كرێن

پۆلیسی سلێمانی دوو هاككه‌ری ده‌ستگیركرد كه‌ ئه‌كاونتی فه‌یسبووكی ژماره‌یه‌ك هاووڵاتییان هاككردووه‌و له‌ به‌رامبه‌ریشدا بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی فه‌یسبووكه‌كانیان داوای كارتی مۆبایل و پاره‌یان له‌ كه‌سه‌كان كردووه‌.

نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د وته‌بێژی پۆلیسی سلێمانی رایگه‌یاند: دوای ئه‌وه‌ی له‌ مانگی شه‌شدا چه‌ند سكاڵایه‌ك له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه تۆماركرا كه‌ ئاماژه‌یانده‌دا به‌ هاككردنی فه‌یسبووكه‌كانیان له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌و دواتر هاككه‌ره‌كان داوای پاره‌و كارتی مۆبایل و هه‌ندێك شتی تریان له‌ كه‌سه‌كان كردووه‌.

وتیشی: بنكه‌ی پۆلیسی سه‌رچنار ده‌ستیانكرد به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی وردو توانیان یه‌كێك له‌ تۆمه‌تباره‌كان ده‌ستگیربكه‌ن كه‌ كه‌سێكی كاسبه‌و دانیشتووی یه‌كێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری سلێمانییه‌و له‌ ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كاندا دانی ناوه‌ به‌وه‌دا كه‌ 21 كه‌سی هاككردووه‌و له‌ به‌رامبه‌ر پێدانه‌وه‌ی فه‌یسبووكه‌كانیان داوای پاره‌و شتی تری لێكردوون.

وته‌بێژی پۆلیسی سلێمانی وتیشی: له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا تۆمه‌تباره‌كه‌ دانی به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ كه‌سێكی تری له‌گه‌ڵدا بووه‌و هاوكاری كردووه‌ له‌ هاككردنه‌كه‌.

وتیشی: تۆمه‌تباره‌كان به‌ فه‌رمانی دادوه‌ر به‌پێی یاسای 2 تایبه‌ت به‌ خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندی به‌ندكراون.

خاك - راگه‌یاندنی پۆلیسی سلێمانی



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved