7/7/2019 11:13 AM

خراپ ڕەفتاركردن لەگەڵ منداڵ

پرسی خراپ رەفتاركردن و هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ منداڵ یەكێكە لە بابەتە گرنگەكان كە زۆربەی‌ سەرچاوە زانستيیەكان بایەخێكی‌ گەورەی پێدەدەن بەهۆی ئەوەی كاریگەری خراپ لەسەر تاكەكانی كۆمەڵگا دروستدەكات.

خراپ هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ منداڵ بە كۆمەڵێك شێوە دەبێت لەوانە دەستدرێژی جەستەیی، دەستدرێژی‌ سێكسی، خراپ هەڵسوكەوتی‌ سۆزداری، پشتگوێخستنی‌ جەستەیی، دواكەوتنی‌ گەشە كە هۆكەی ‌جەستەیی نەبێت.

هۆكارەكانی‌ خراپ ڕەفتاركردن لەگەڵ منداڵ:
خوێندنەوەی‌ جیاوازی‌ كۆمەڵگاكان: هەندێك كۆمەڵگە بە مافی‌ باوان و مامۆستایانی‌ دەزانێت كە سزای‌ منداڵەكانیان بدەن، بەرامبەر بەمكارە هیچ سزایەكی‌ یاسایی یان تەنانەت سەرزەنشتكردنی‌ كۆمەڵایەتی‌ نیەو بگرە هەندێكجار دەستخۆشی دەكرێت لەو باوكەی‌ لەگەڵ منداڵەكانی‌ رەقەو سزایان دەدات.

شكستهێنان لە پرۆسەی‌ پەروەردەو پێگەیاندنی‌ منداڵ: دیارە ئەمەش بە پلەی‌ یەكەم ئەركی‌ باوانەو دواتر ئەركی‌ دایەنگاو باخچەو قوتابخانەیە تاوەكو تاكێكی‌ دروست پەروەردە بكەن.

نەبوونی‌ توانای‌ زاڵبوون بەسەر توڕەبوون: زۆرجار باوان یان كەسانی‌ گەورە لە ماڵ لەكاتی‌ دەربرینی‌ توڕەییەكانیان سزاو ئازاری منداڵ دەدەن بە گەلێك شێوەو ڕەنگە منداڵەكە هۆكاری توڕەییەكە نەبێت، بەڵام لەبەر لاوازی‌ و كەم دەسەڵاتی‌ دەبێتە یەكەم قوربانی‌ توڕەییەكە.

نەبوونی‌ توانای‌ رابەری كردن (مامۆستاو دایك و باوك): مەرج نیە هەر كەسێك لەرووی‌ بایۆلۆجیەوە توانی‌ منداڵ بخاتەوە بتوانێت ببێتە دایك یان باوك، ڕاستیەكەی‌ زۆر كەمیان دەتوانن ئەو ئەركە بگرنە ئەستۆو نكوڵی لەوەش ناكرێت هەركەسێك توانی‌ منداڵ فێری خوێندن و نوسین بكات نابێتە مامۆستا، چونكە پرۆسەی‌ پەروەردەكرن لەوە گەورەترە تەنیا لە خوێندن و نوسین قەتیس بكرێت.

بوونی‌ حاڵەتی‌ دەروونی‌ و هۆشمەندی‌ وەكو تێكچوونی‌ كەسێتی‌ و سكیزۆفرینیاو دڵەراوكێ‌: ئەگەر یەكێك لە باوان، یەكێك یان زیاتر لەم حاڵەتانەی‌ هەبێت ئەگەری توندوتیژی‌ بەرامبەر منداڵەكانی‌ زیاترە.

فشاری‌ توندو تەنگەژەی‌ دەروونی‌ و گرفتی كۆمەڵایەتی‌ (گرفتی‌ سۆزداری خێزانی‌، نەگونجان) و كێشەی‌ ئابووری‌ (بێكاری و لەدەستدانی‌ كارو خراپی باری ئابووری) ئەمانە هەموویان هۆكارن بۆ سەرهەڵدانی‌ توندوتیژی‌.

ئالودەبوون بە ئەلكهول و ماددە هۆشبەرەكانی‌ تر، ئاشكرایە ئالودەبووانی‌ ئەلكهول زۆر زیاتر لە كەسانی‌ تر توندوتیژن بەرامبەر هاوسەرو منداڵەكانیان.

چارەسەری خراپ ڕەفتاركردن لەگەڵ منداڵ:
زوو دەستنیشانكردن و نهێنی پارێزی و هەڵسەنگاندن و پشكنینی منداڵ لەرووی‌ جەستەیی و دەروونی و فكری و گەشەكردنی سێكسی و سۆزداریەوە.

هەڵسەنگاندی‌ ئەوەی ئایا كەسانی‌ تر لە خێزانەكەدا یان لەو ناوەندە ئەگەری هەمان مەترسیان هەیە، ئایا ئەو بارە پێویستی‌ بە ئاگاداركردنەوەی‌ پۆلیس هەیە. بەشداریپێكردنی‌ باوان یان ئەو كەسەی‌ سەرپەرشتی‌ قوربانیەكە دەكات لە سەرجەم قۆناغەكانی‌ چارەسەركردن.

توێژەری كۆمەڵایەتی‌ و چارەسازی‌ دەروونی‌ رۆڵی گەورەو گرنگیان هەیە لە پرۆسەی‌ چارەسەركردن، لە هەمووی‌ گرنگتر منداڵەكە یان قوربانیيەكە پێویستی‌ بە چيیە.

كاریگەری لەسەر ئایندەی‌ تاك:
كاركردنە سەر گەشەی‌ منداڵ لەرووی‌ سۆزداری و سێكسی و تێكچوونی‌ خواردن، تێكچوونی‌ خەو، بێخەوی‌، خەوی‌ ناخۆش، خەوی‌ پچرپچر، ترس لە سەرەتای‌ نووستن.

ئالودەبوون لەسەر ئەلكهول و ماددە هۆشبەرەكانی‌ تر لەبەر زیاتر لە هۆیەك گرنگترینیان هاوەڵی‌ كەسانی‌ لەخۆی گەورەترو ڕاكردن لە رابردووی‌ تاڵ‌، بەڵام بەم ڕاكردنە نادروستە حاڵەتەكە خراپتر دەبێت.

ئەگەری زیاتری توشبوون بە نەخۆشییە دەروونیەكان وەكو خەمۆكی‌، دڵەڕاوكێ‌، ترس، پەشێوی‌ فشاری پاش زەبر، ڕەفتاری‌ توندوتیژ، لادانی‌ سێكسی، زیان بەخۆگەیاندن و خۆكوژی‌، كێشەی‌ تەندروستی‌ لە كۆئەندامی‌ زاوزێ.

لە داهاتوودا ئەویش خراپ ڕەفتار لەگەڵ منداڵان دەكاتەوە.

ئا: د.ئەفرام محمد حسن
پسپۆری نەخۆشییە دەروونی و هۆشمەندییەكان و راویژكاری خێزانی و پەروەردەیی

خاك - ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved