10/7/2019 10:24 AM

ستایشی خوێندنی باڵا ده‌كرێت

یه‌كێتی مامۆستایان ستایشی خوێندنی باڵا ده‌كات

به‌بۆنه‌ی كۆتايیهێنان به‌ ئه‌ركه‌كانی وه‌ك وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی، وه‌فدێكی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مامۆستا عه‌بدولواحید محمد سكرتێری یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان له‌گه‌ڵ د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی كۆبونه‌وه‌.

له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا كه به‌ ئاماده‌بوونی د.موسڵح دهۆكی سه‌رۆكی زانكۆی دهۆك و د.پۆڵا خانه‌قا سه‌رۆكی ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی و د.موفق خالد سه‌رۆكی زانكۆی ڕاپه‌ڕێن به‌ڕێوه‌چوو، گفتوگۆ له‌سه‌ر كارو چالاكیيه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرا.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا مامۆستا عه‌بدولواحید محمد سكرتێری یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان به‌ ناوی سكرتاریه‌ت و ئه‌ندامانی سكرتاریه‌تی یه‌كێتی مامۆستایان سوپاسی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی كرد بۆ ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانیان و كردنه‌وه‌ی ده‌رگای وه‌زاره‌ت به‌ڕووی یه‌كێتی مامۆستایان.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، سكرتێری یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان به‌گرنگیيه‌وه‌ باسی له‌ كارو پڕۆژه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ كابینه‌ی پێنجه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد، كه‌ كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی كواڵیتی خوێندن له‌ زانكۆكان هه‌بووه‌، وتیشی له‌ ماوه‌ی پێنچ ساڵه‌ی ڕابردوودا سه‌رباری كێشه‌كان، ئه‌نجامدانی ئه‌و پڕۆژانه‌ كارێكی ئاسان نه‌بوو، چونكه‌ كوردستان له‌ماوه‌ی كابینه‌ی هه‌شته‌م به‌ دۆخێكی هه‌ستیاردا تێپه‌ڕبوو.

له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا، سكرتێری یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان دڵگرانی و نیگه‌رانی خۆیان پیشاندا به‌هۆی كۆتایيهێنان به‌ ئه‌ركه‌كانی د.یوسف گۆران وه‌ك وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی، ڕاشیگه‌یاند: ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی مامۆستایان وه‌فادار ده‌بین به‌رامبه‌ر به‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی كاریان له‌گه‌ڵ كردوین، هیواشیان خواست له‌ ئه‌ركی نوێیدا سه‌ركه‌وتوو بێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، د.موسڵح دهۆكی سه‌رۆكی زانكۆی دهۆك ڕایگه‌یاند: ئه‌و قۆناخه‌ی به‌ڕێز د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا بووه‌ هه‌نگاو و پڕۆژه‌ی گرنگ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی كواڵیتی خوێندن له‌ زانكۆكان جێبه‌جێ و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی زۆریشی له‌سه‌ر ئاستی پێشكه‌وتنی زانكۆكان و فروانكردنی ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی زانكۆكان هه‌بووه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی دوای به‌خێرهێنانی وه‌فدی میوان، سوپاسی ستایش و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی كردو ڕایگه‌یاند: له‌ماوه‌ی كابینه‌ی هه‌شته‌مه‌دا به‌ جێبه‌جێكردنی كارو پڕۆژه‌ جیاكان هه‌وڵمانداو توانیمان سیستمێك بۆ خوێندنی باڵا دروستبكه‌ین، كه‌ كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی كواڵیتی خوێندن هه‌بووه‌.

د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند: په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا دوو كه‌رتی گرنگ و كاریگه‌رن بۆ پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه، به‌ڵام ئه‌م دوو بواره‌‌ پێویستی به‌ كات و پشودرێژی هه‌یه‌،  وتیشی: به‌رده‌وامیدان به‌ به‌هاو كواڵیتی ده‌بێ بكرێته‌ نه‌خشه‌ڕێگه‌ی كاری خوێندنی باڵاو په‌روه‌رده له‌ كوردستان‌، چونكه‌ ته‌نها به‌و ڕێگه‌یه‌ ده‌توانرێ بگه‌ین‌ به‌ ئامانجه‌ باڵا نیشتیمانیه‌كانمان.

بۆ یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستانیش، وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: له‌ ماوه‌ی كاركردنم وه‌ك وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان هاوكارو هه‌ماهه‌نگی سه‌ره‌كیمان بوون، بۆیه‌ سوپاسی سكرتێرو سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی سكرتاریه‌تی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان ده‌كه‌م، چونكه‌ ئه‌گه‌ر پاڵپشتی ئێوه‌ نه‌بوایه له‌ سه‌رده‌می قه‌یران‌ پڕۆسه‌ی خوێندن ڕاده‌وه‌ستا، به‌ڵام ئێوه‌ بوونه‌ كه‌ناڵێكی گرنگی په‌یوه‌ندی نێوانمان، كه‌ په‌یام و كارو پڕۆژه‌كانی ئێمه‌تان به‌ دروستی ده‌گه‌یانده‌ مامۆستایان.


خاك - راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved