10/7/2019 10:30 AM

بڕیارێك بۆ چێشتخانه‌كانی سلێمانی ده‌ركرا

قائیمقامی سلێمانی به‌ ئاماده‌بوونی به‌رێوه‌به‌رو نوێنه‌ری فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و رێكخراوه‌كانی بواری ژینگه‌ له‌گه‌ڵ خاوه‌نی چێشتخانه‌و رێستۆرانت و فاستفودو كۆمپانیاكانی كۆكردنه‌وه‌ی خاشاك كۆبووه‌وه‌.

له‌ سه‌ره‌تادا ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی سلێمانی رایگه‌یاند: ده‌مانه‌وێت به‌هه‌موو لایه‌كمان كاربكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ژینگه‌و ته‌ندروستی هاووڵاتیان بپارێزین و رێكاری نوێ بگرینه‌به‌ر بۆ رێگرتن له‌ پیسبونی ژینگه‌، هاوكات جه‌ختی له‌ قه‌ده‌غه‌كردنی سه‌تڵی ڕه‌نگاوڕه‌نگی ماست كرده‌وه‌ كه‌ نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌كاربێت، هه‌روه‌ها به‌كارنه‌هێنانی زه‌رفی نایلۆن بۆ خوادن له‌ چێشتخانه‌و ڕێستۆرانته‌كان و ئه‌و خواردنانه‌ی به‌شێوه‌ی سه‌فه‌ری ده‌برێت بۆ هاووڵاتیان وه‌كو جێگره‌وه‌ش مادده‌ی پلاستیكی ڕێگه‌پێدراو كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كوالیتی كۆنتڕۆڵ دیاریكردووه‌و موادی سه‌ره‌تاییه‌و ڕیسایكل نه‌كراوه به‌كاربهێنرێت‌.

له‌ ته‌وه‌رێكی تری كۆبونه‌وه‌كه‌دا قائیمقامی سلێمانی پێشنیاری جیاكردنه‌وه‌ی پاشماوه‌ی خۆراكی له‌گه‌ڵ پاشماوه‌ پلاستیكی و شوشه‌كان كرد له‌ چێشتخانه‌و ڕیستۆرانت و شوێنه‌ گشتیه‌كاندا به‌شێوه‌یه‌ك پاشماوه‌ خۆراكییه‌كان له‌ نایلۆنی ڕه‌نگ ڕه‌ش و له‌ سه‌تڵێكی ڕه‌نگ ڕه‌شدا دابنرێت و پاشماوه‌ پلاستیكی و شوشه‌ییه‌كانیش له‌ نایلۆنی ڕه‌نگ سه‌وزو سه‌تڵێكی ڕه‌نگ سه‌وزدا دابرێت، پاش وتووێژكردن له‌سه‌ر ته‌وه‌ری كۆبونه‌وه‌كه‌ بریاردرا له‌كه‌مترین كاتدا شاره‌وانی سلێمانی و كۆمپانیاكانی كۆكردنه‌وه‌ی خاشاك میكانیزمێكی گونجاو بۆ كۆكردنه‌وه‌ی پاشماوه‌ خۆراكی و پلاستیكیه‌كان دانێن و خاوه‌ن چێشتخانه‌و ڕیستۆرانت و خوارده‌مه‌نیه‌كان پێوه‌ی پابه‌ند بكرێن.

قائیمقامی سلێمانی داوای له‌ سه‌رجه‌م ڕاگه‌یاندنه‌كان كرد كه‌ هه‌ڵمه‌تێكی هۆشیاری باش ده‌ستپێبكه‌ن بۆ هه‌شیاركدنه‌وه‌ی زیاتری هاووڵاتیان له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی پاشماوه‌ خۆراكیه‌كان كه‌م به‌كارهێنانی مادده‌ پلاستیكیه‌كان جێگرتنه‌وه‌و به‌كارهێنانی زه‌رفی كاغه‌ز له‌بری زه‌رفی نایلۆن له‌ به‌كارهێنانی ڕۆژانه‌یاندا.


خاك - راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved