ناوەرۆک و ڕەنگی وێنەکانی تویتەر یارمەتیدەرن بۆ دەستنیشانکردنی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ
ئەو بەکارهێنەرانەی تویتەر کە دڵەڕاوکێ یان خەمۆکییان هەیە، ئەگەری کەمتری هەیە ئەو وێنانەی بڵاویان دەکەنەوە بەهای جوانیناسانەی ببێت و ڕەنگی ڕۆشنی تێدا بە کار هاتبێت.
لە توێژینەوەیەکی نوێدا کە لە زانکۆی پێنسیلڤانیا کراوە، ئەوەش دەرکەوتووە کە ئەو کەسانە زیاتر حەز دەکەن کە هەستە ئەرێنییەکان سەرکوت بکەن و زیاتر هەستی نەرێنی دەردەبڕن. لە توێژینەوەکەدا هەوڵ درا لە ڕێگەی بینایی کۆمپیوتەر و ژیریی دەستکردەوە دیاری بکەن کە وێنەی پرۆفایلی چ بە کارهێنەرێک پیشاندەری خەمۆکی و دڵەڕاوکێیە.
لە ساڵی ٢٠١٨دا، توێژەران لە زانکۆی پزیشکیی پێنسیلڤانیا بۆیان دەرکەوتووە کە لە ڕێگەی ژیریی دەستکرد و دۆزینەوەی هەندێک وشەی تایبەت، سێ مانگ بەر لە تووشبوونی خەمۆکی دەتوانن نەخۆشییەکە دەستنیشان بکەن. بە هۆی ئەوەی کە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر بەرەو دانانی وێنە دەچن و زیاتر لە نیوەی تویتەکان وێنەیان لەگەڵە، بەکارهێنانی زانیاریی ئەو وێنانە بۆ کەڵکی پزیشکی زۆر بەسوودە.
لەم لێکۆڵینەوەدا، توێژەران کەڵکیان لە ئەلگۆرتیمەکان وەرگرت بۆ ئەوەی تایبەتمەندییەکانی وەک ڕەنگ، شێوازی ڕوخسار و پێوانە جیاجیاکانی جوانیناسی (وەک قووڵایی، هاوباری و ڕووناکیی) وێنەکان دەربهێنن کە زیاتر لە ٤٠٠٠ بەکارهێنەری تویتەر لە ئەژماری خۆیان دایاننابوو.
بۆ ئەوەی ئاستی خەمۆکی و دڵەڕاوکێی کەسەکان بە دەست بهێنن، بۆ هەرکامیان ٣٢٠٠ تویتیان وەرگرت، هاوکات ٨٨٧ کەس پرسیارنامەیەکیان وەڵام دایەوە تاوەکوو ئاستی خەمۆکی و دڵەڕاوکێیان بزانرێت. پاشان سەیریان کرد کە لە نێوان زانیاریی بەدەستهاتوو لە نێوان وێنەکان و پرسیارنامەکەدا چ پەیوەندییەک هەیە.
ئەنجامەکان دەریدەخەن کە زانیاریی وێنەکان لەگەڵ ئەنجامی بەدواداچوونەکەدا وەک یەکن و پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوانیاندا هەیە.