17/8/2019 09:25 AM

كۆمپانیای هواوی سیستمه‌ نوێیه‌كه‌ی راگه‌یاند

له‌دوای ئه‌و بڕیاره‌ی كه‌ له‌لایه‌ن دۆناڵد ترامپ سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكاوه‌ ده‌رچوو، تیایدا تۆمه‌تی دزین و فرۆشتنی ڕاژه‌كانی ده‌وله‌تی ئه‌مریكای خسته‌ پاڵ گه‌وره‌ كۆمپانیای چینی هواوی، به‌مه‌ش كۆمپانیای ناوبراو به‌ ڕاگرتنی خزمه‌تگوزاریيه‌كانی سیستمی كارپێكه‌ری ئه‌ندرۆید كه‌ گشت مۆبایل و ئامێره‌كانی هواوی كاری پێئه‌كرد زه‌ره‌رێكی زۆری كردو نرخی پشكه‌كانی كۆمپانیاكه‌ش به‌ ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زی.

هه‌ر له‌دوای ئه‌م سزایه‌ی كه‌ سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا خستیه‌ پاڵ كۆمپانیای هواوی له‌ دانیشتنێكی تایبه‌تدا به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای هواوی هه‌واڵی ڕاگه‌یاندنی سیستمێكی نوێی جێگره‌وه‌ی ئه‌ندرۆیدی خسته‌گه‌ڕ.

له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی رابردوو له‌ كۆنگره‌ی ساڵانه‌ی گه‌شه‌پێدانی هواوی به‌ ناوی HDC 2019 كۆمپانیای ناوبراو نوێترین سیستمی كارپێكه‌ری خۆی بۆ مۆبایل و ئامێره‌ زیره‌كه‌كانی تری وه‌ك سه‌یاره‌و لاپتۆپ و ته‌له‌فزین ڕاگه‌یاند به‌ ناوی HarmonyOS، له‌میانه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی كۆنگره‌كه‌ كۆمپانیای هواوی ڕاگه‌یاند كه‌ ئه‌م سیستمه‌ نوێیه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو بۆ یه‌كه‌مجار له‌سه‌ر ئامێری Honor TVs به‌گه‌ڕ ئه‌خرێ كه‌ سه‌ر به‌ كۆمپانیای هواوی چینییه‌و ڕاشیگه‌یاند كه‌ ئه‌م سیستمه‌ نوێیه‌ پشتگیری ئۆپه‌راسیۆن و نه‌رمه‌واڵه‌كانی Root ناكات، چونكه‌ به‌پێی باس و خواستی هواوی بێ ئه‌م سیستمه‌ ده‌كرێت جیاوازتر  نایابتربێت له‌ سیستمه‌كانی ئه‌ندرۆیدو دابه‌شكراوه‌ بنچینه‌ییه‌كانی لینۆكس كه‌ به‌ئاسانی پشتگیری گشت نه‌رمه‌واڵه‌كانی Root ئه‌كه‌ن هه‌رئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ سیستمه‌كان به‌ ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو پارێزراو نه‌بن.

له‌ درێژه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی كۆنگره‌ی گه‌شه‌پێدانی هواوی ڕایگه‌یاند، ئه‌م سیستمه‌ پشتگیری زمانه‌كانی C و ++C و JAVA ده‌كات و گه‌شه‌پێده‌ران و پڕۆگرامه‌ران ده‌توانن پشت به‌م زمانانه‌ ببه‌ستن بۆ بنیادنانی نه‌رمه‌واڵه‌ بۆ مۆبایل و ئامێره‌كانی هواوی، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج بێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سیستمی HarmonyOS ی هواوی سه‌رچاوه‌ كراوه‌یه‌و هه‌روه‌ك له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان پێكردووه‌ له‌ سه‌ره‌تادا له‌سه‌ر ئامێری Honor TVs كه‌ سه‌ر به‌ كۆمپانیای هواویه‌ به‌گه‌ڕده‌خڕێت و له‌ نێوخۆیی وڵاتی چینداو چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ دوو ساڵی داهاتوودا سیستمه‌كه‌ له‌ هه‌موو جیهاندا به‌رده‌ست بێت و له‌سه‌ر گشت ئامێره‌كانی هواوی كه‌ به‌كارهێنه‌ری ئه‌ندرۆیدن له‌ وه‌شانێكدا سیستمه‌كه‌ ئه‌گۆردرێ بۆ HarmonyOS و به‌ ته‌واوه‌تی كۆمپانیای هواوی و گۆگل كۆتایی به‌ گرێبه‌سته‌كه‌ی نێوانیان دێنن.

له‌ وتارێكدا بۆ ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌ چینیه‌كان به‌ڕێز Richard Yu به‌ڕێوه‌به‌ری گروپه‌ بازرگانیه‌كانی هواوی ده‌ڵێت كه‌ “ئه‌م سیستمه‌ نوێیه‌ی هواوی به‌ ته‌واوه‌تی له‌ سیستمه‌كانی ئه‌ندرۆیدو ئای ئۆ ئێس جیاوازتر ده‌بێت” و له‌ وتارێكی تایبه‌تیشدا بۆ وڵاتی ئه‌مریكا ده‌ڵێت كه‌ ”به‌هه‌ر هۆكارێك ڕێگربن له‌به‌رده‌م هواوی له‌ به‌كارهێنانی ئۆپه‌ره‌یتینگ سیستمی ئه‌ندرۆید ڕاسته‌وخۆ ئۆپه‌ره‌یتینگ سیستمی Harmony له‌سه‌ر گشت ئامێره‌كانیان به‌گه‌ڕده‌خرێت و چیتر سیستمی ئه‌ندرۆید به‌كارنابه‌ن ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر مۆبایله‌ كۆنه‌كانیش”.

خاك -كاروان محمد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved