20/8/2019 12:16 AM

راكردن مێشك به‌هێز ده‌كات

ده‌سته‌یه‌ك له‌ لێكۆڵه‌رانی ئه‌مریكایی ده‌ڵێن:‌ كاریگه‌ری راكردن له‌سه‌ر مێشك ئه‌رێنییه‌و ده‌كرێت به‌راورد بكرێت به‌ كاریگه‌ری به‌كارهێنانی ئامێرێكی وه‌ك پیانۆ، كه‌ ئه‌مه‌ش‌ ده‌ره‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ئه‌مریكاییه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئه‌نجام دراوه‌.

له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا دوو گروپ له‌ نێوان ته‌مه‌نی 18 بۆ 25 ساڵان، كه‌ یه‌كه‌میان به‌شێك بوون له‌ یانه‌ی راكردن و ئه‌وی تریان كه‌سانی ئاسایی بوون، خرانه‌ به‌ر تاقیكاری.

له‌ كاتێكدا هه‌ردوو گروپه‌كه‌ یه‌ك پێشینه‌ی زانستیان ‌بوو، به‌ڵام ئه‌ندامانی یانه‌ی راكردن به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو په‌یوه‌ندییه‌كی باشتریان بوو له‌‌ نێوان به‌شه‌كانی ناو مێشكیان، بۆ نموونه‌ به‌شی‌ كورتێكسی فرۆنتاڵ كه‌ به‌رپرسی پلاندانان و بڕیاردانه‌ له‌ناو مێشكدا.

یه‌كێك له‌ لێكۆڵه‌رانی ئه‌م لێكوڵینه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ زانكۆی Arizona ئه‌نجامدراوه‌ ده‌ڵێت: راكردن له‌ناو خۆیدا كۆمه‌ڵێك پرۆسه‌ی ئاڵۆزی تێگه‌یشتن‌ به‌گه‌ڕده‌خات و ده‌توانێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر مێشك هه‌بێت.

ده‌توانێت مه‌ترسی نه‌خۆشی ئالزه‌هایمه‌ر كه‌مبكاته‌وه‌
ئه‌گه‌رچی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ ته‌نها 22 به‌شداربووی بووه‌و به‌وهۆیه‌ پێویستی به‌ به‌دواداچوونی زۆرتر هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ڵگه‌یه‌ بۆ سه‌لماندنی لێكۆڵینه‌وه‌كانی پێشووتر كه‌ ‌جه‌خت له‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنی وه‌رزش ده‌كه‌ن له‌سه‌ر مێشكی مرۆڤ.

 به‌ وتنی ئه‌وه‌ی كه‌ زۆربه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانی پێشووتر كه‌سانی به‌ته‌مه‌نتریان له‌خۆگرتبوو، David Raichlen  ده‌یه‌وێت ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ جیاواز پیشان بدات و به‌ هێنانه‌گۆڕێی ئه‌م پرسیاره‌ كه‌ ئایا وه‌رزشكردن له‌ گه‌نجاندا ده‌توانێت هێزی به‌رگری جه‌سته‌ له‌ ئاست ئالزه‌هایمه‌رو نه‌خۆشییه‌كانی تر به‌هێزبكات؟ هیواخوازه‌ جیاوازییه‌ك به‌دیبهێنێت له‌ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی ئالزه‌هایمه‌ردا.

خاك –س/ illvet.se



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved