22/8/2019 12:19 AM

پێنج هەڵەی باو لەكاتی راكردندا

تۆم گراگس كە ڕاهێنەری ڕاوێژكارە لە هەندێك براندی گەورەی وەرزشی بەریتانیا، توێژینەوەیەكی نوێی ڕاگەیاند كە دوای ١٠ ساڵ لە چاودێریكردنی ئەو كەسانەی وەرزشی ڕاكردن ئەنجام ئەدەن، بۆی دەركەوت زۆربەیان ٥ هەڵەی گەورە دووبارە ئەكەنەوە كە ئەمانەن:

١ – زۆر خێرا، زۆر زوو
زۆر لە خەڵكی بە خێراییەكی زۆر ڕادەكەن لە كاتی ڕاهێنانەكان بۆ دابەزاندنی كێشیان، وا دەزانن ئاوا زووتر ئەگەن بەو ئامانجەی كە دایانناوە، بەڵام ئەمە دروست نییەو زیانی زۆرە، وا باشترە بە خێراییەكی كەمتر ڕابكەی تا ئەو چەورییەی لاشە بسوتێت و بگۆڕێت بۆ ماسولكەی بەهێز.

٢ – یەك شوێنی دیاریكراو
ڕاهێنان لە یەك شوێن و دووبارەكردنەوەی بۆ ماوەیەكی درێژ وا دەكات بەرەو پێشەوە نەچیت و لاشەت لەگەڵ ئەو وەرزشە رابێت، بۆیە وا باشترە گۆڕانكاری هەبێت، لە شوێنی ڕاهێنانەكە، هەروەها گۆڕینی شوێنەكە وا لە وەرزشوان دەكات بێزار نەبێت و بەردەوام بێت.

٣ – كارو وەرزش
زۆربەی خەڵكی فەرمانبەرن و كاردەكەن لە كۆمپانیا یان دامودەزگا حكومییەكان، بۆیە هەندێ جار بەهۆی سەختی كارەكەیانەوە لە ڕاهێنانەكان دادەبڕێن، ئەمەش وادەكات سودی تەواو لە وەرزشەكە نەبینن، هەروەها كەمی خەو یەكێكی ترە لە هەڵە گەورەكان چونكە ئەندامەكانی لەش بە تایبەت ماسولكەكان پێویستیان بە پشوویەكی تەواو هەیە، بەڵام ئەوانەی كاردەكەن بەهۆی سەختی كارەكانیانەوە زۆرجار توشی كەمخەوی ئەبن.

٤ – دابەشكردنی كاتەكان
ئەنجامدانی ڕاهێنانەكان لە یەك كاتدا بەسەریەكەوە زیانێكی زۆر بە وەرزشوان ئەگەیەنێت، چونكە دەبێتە هۆی ماندووكردنی زیاد لە ڕێژەی ئاسایی ماسولكەكان و پەكخستنیان، وا باشترە ڕاهێنانەكان دابەش بكرێن بەسەر چەند كاتێكی جیاوازداو لەهەر كاتێك بەشێكی ئەنجام بدرێت، بۆ نموونە ڕاهێنانەكان دابەش بكرێت بەسەر بەیانیان و نیوەڕۆ و ئێواران.

٥ – پلانی كورتخایەن
زۆربەی ئەوانەی وەرزش دەكەن، ئەیانەوێت لە ماوەیەكی كورتدا دەرەنجامی ڕاهێنانەكانیان ببینن، ئەمەش بیركردنەوەیەكی هەڵەیە، چونكە لە ئەگەری دەرنەكەوتنی ئەنجامەكان وەرزشوان بێزار ئەبێت و زۆرجار ئەبێتە هۆی وازهێنانی لە ڕاهێنانەكان، بۆیە وا پێویستە پلانی درێژخایەنی هەبێت و پەلە نەكات لە گەیشتن بە ئامانجەكەی.


خاك - س: سایتی یەڵا عیراق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved