26/8/2019 12:37 AM

وه‌زیری ڕۆشنبیری خزمه‌تی بواری وه‌رزش ده‌كات

حه‌مه‌ی حه‌مه‌ سه‌عید وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان له‌ شاری سلێمانی چاوی به‌ سه‌رۆك و به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی یانه‌ی وه‌رزشی (سلێمانی) كه‌وت.

له‌ دیداری نێوان وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان و ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی سلێمانی، به‌وردی باس له‌ كێشه‌و گرفته‌كانی به‌رده‌م وه‌رزشكارانی كرا له‌ شاری سلێمانی.

له‌ دیداره‌كه‌دا وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان به‌گرنگییه‌وه‌ باسی وه‌رزشى كردو ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ له‌ پلان و به‌رنامه‌و كاری چوار ساڵی وه‌زاره‌ت، ده‌یانه‌وێت به‌شێك له‌ كێشه‌كانی به‌رده‌م وه‌رزشكاران چاره‌سه‌ربكه‌ن. هه‌روه‌ها به‌جددی كار بۆ پێشخستنی وه‌رزش له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌ركه‌وت حه‌سه‌ن سه‌رۆكی یانه‌ی سلێمانی، وێڕای پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوون له‌ حه‌مه‌ی حه‌مه‌ سه‌عید وه‌ك وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان، تیشكی خسته‌سه‌ر كێشه‌و گرفته‌كانی به‌رده‌م وه‌رزش و وه‌رزشكاران و یانه‌ وه‌رزشییه‌كان له‌ كوردستان. سه‌رۆكی یانه‌ی سلێمانی هیواشی خواست له‌ چوار ساڵی داهاتوودا گرنگی زیاتر به‌ لایه‌نی وه‌رزش بدرێت، چوار ساڵی داهاتوو قۆناغی پێشخستن و به‌هێزكردنی زیاتری وه‌رزش بێت له‌ هه‌رێمه‌كه‌مان. 

وه‌زیری ڕۆشنبیریش دڵنیاییدایه‌ سه‌رۆك و ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی سلێمانی، كه‌ بۆ چوار ساڵی ئاینده‌ وه‌ك وه‌زیری  وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان خه‌می گه‌وره‌ی پێشخستنی  بواری وه‌رزشی و خزمه‌تكردنی وه‌رزشوانان ده‌بێت.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیك له‌گه‌ڵ ته‌واوی وه‌رزشكاران و یانه‌ وه‌رزیشه‌كان له‌ گفتوگۆدا ده‌بن تا پێكه‌وه‌ بتوانن به‌ پلان و به‌رنامه‌یه‌كی به‌هێزو درێژخایه‌ن كه‌رتی وه‌رزش له‌ هه‌رێمی كوردستان بخه‌نه‌وه‌ سه‌ر ڕێگایه‌كی ڕاست و دروست كه‌ ئامانج لێ پێگه‌یاندنی نه‌وه‌یه‌كی ته‌ندروست و وه‌رزش دۆست و وه‌رزشكاری به‌هێزبێت، تا بتوانن له‌ڕێگای وه‌رزشه‌وه‌ خزمه‌ت به‌ هه‌رێمه‌كه‌مان بكه‌ن.

خاك



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved