15/9/2019 11:43 PM

عومەر چاوشین لەباوەشی خۆشەویستی هونەرمەنداندا

ژمارەیەك لە هونەرمەندانی شاری سلێمانی لەسەر داواكاری هونەرمەند ئەحمەد جۆڵا لە شاری سلێمانییەوە بەڕێكەوتن بۆ شاری هەولێرو گوڵی وەفاو رێزلێنانیان پێشكەشی هونەرمەند عومەر چاوشین كرد.

لەوبارەیەوە هونەرمەند ئەحمەد جۆڵا كە بانگەوازی بۆ كۆكردنەوەی هونەرمەندان كرد راگەیاند: هونەرمەند عومەر چاوشین لەكاتێكدا بۆشاییەكانی كارە هونەرییەكانی پڕدەكردەوە، كە ژن نەیدەتوانی بەشداری لەوكارانەدا بكات و ئەو هونەرمەندە بە جلوبەرگی ژنانەوە رۆڵی ژنی دەگێڕا.

وتیشی: ئێمە قەرزاری ئەو هونەرمەندەین و پاشئەوەی زانیمان لە خانەی بەساڵاچوواندایە لەگەڵ هونەرمەند بەكر مستەفاو چەند هونەرمەندێكی دیكە سەردانەكەمان رێكخست و بەخۆشحاڵییەوە هونەرمەندان بەپێی تواناكانی خۆیان بەدەنگ داواكارییەكەمانەوە هاتن.

ئەحمەد جۆڵا سوپاسی خانەی بەساڵاچووانیشی كرد كە پێشوازییەكی گەرمیان لێكردن و ئەركیان كێشا.

لە بەرامبەریشدا هونەرمەند عومەر چاوشین خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و رایگەیاند: خۆشحاڵبووم بە بنینەوەی زۆرێك لەو هونەرمەندانەی كە نزیكەی 10 ساڵ دەبێت نەمبینیون و زۆر دڵخۆشم بە سەردانەكەتان.

ئەمەش لەكاتێكدایە هەفتەی رابردوو هونەرمەند ئەحمەد جۆڵا لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لەڕێگەی بانگەوازێكەوە داوای لە هونەرمەندان كرد كە رێكبكەون پێكەوە سەردانی شاری هەولێر بكەن، تا لەنزیكەوە سەردانی هونەرمەند عومەر چاوشین بكەن و گوڵی وەفاو رێزلێنانی پێشكەشبكەن.

هونەرمەند عومەر چاوشین لە ساڵی 1942 لە گەڕەكی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایكبووە، لە ساڵی 1967 پەیوەندی بە تیپی نواندنی سلێمانییەوە كردووەو بووه به ئەندام، بەشداری چەندین كاری  دراماو شانۆی كردووەو زۆربەی كات رۆڵی ژنی بینیوە، لە ئێستاشدا لە خانەی بەساڵاچووان لە شاری هەولێر ژیان بەسەردەبات.

خاك - پوكمیدیا









زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved